ئەسعەد ئیسماعیل _ هەولێر
دوای بەدەستهانی جامی جیهانی لە لایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیا بازاری یاریزانەکانی ماتادۆرەکان گەرم بووە، ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی فێران تۆرێس پاڵەوانی جیهان و خاوەن گۆڵی بردنەوەی ئیسپانیا چڕ کردووەتەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە لە 24 کاتژمێری رابردوو چەندان هەواڵ و پێشهاتی دیکە تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان روویداوە. لویس ئێنریکی لەگەڵ فێران تۆرێس قسەی کردووە فێران تۆرێس لە لایەن لوسی ئینریکیەوە داوا کراوە بۆ ئەوەی بێتە ریزی یانەی پاریس سانجێرمان، لە لایەکی دیکەشەوە ریال مەدرید چاودێری فێران تۆرێس دەکات و دەیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی. فێران تۆریس تا ئێستا لەگەڵ بارسێلۆنا گرێبەستەکەی نوێنەکردۆتەوە، دەیەوێت دوای جامی جیهانی لەگەڵ یانەکەی گفتوگۆ لەسەر گرێبەستە نوێیەکەی بکات، بەڵام رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاماژەی بەوە کردووە، لویس ئینریکی ئیسپانی خۆی پەیوەندی بە فێران تۆرێس کردووە، پلان و روڵی یاریزانەکەی لە پێکهاتەکەی بۆ ڕوونکردۆتەوە، بە شێوەیەکی زارەکی یاریزانەکە رازی بووە روو لە پاریس بکات. رۆژنامەی لیکیپ ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووەم کارگێری ریال مەدرید چاودێری فێران تۆرێس دەکەن و یەکێکە لە بژاردەکانیان بۆ مێرکاتۆی ئەم هاوینە. فێران تۆرێس تەمەنی 26 ساڵە لە یانەی ڤالێنسیا پێگەیشت، لە هاوینی 2020 لەو یانە ئیسپانیەوە بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ بۆ یانەی ماچێستەر سیتی گواسترایەوە، لەژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا لە کۆی 43 یاری لە سەرجەم پاڵەونێتییەکان 16 گۆڵ و 4 ئەسیستی بۆ مان سیتی کرد و لە زۆربەی یارییەکانیش وەکو یاریزانی یەدەک بەشداری دەکرد، دواتر لە هاوینی 2022 بارسێلۆبا فێرانە بە 45 ملیۆن یۆرۆ لە مان سیتی کڕی، لەگەڵ بارسا لە کۆی 207 یاری، 65 گۆڵ و 23 ئەسیستی کردووە. رۆدی چاوەڕێی ریال مەدرید دەکات رۆدری پاڵەوانی جیهان هەموو شتێکی وەستاندووە لەگەڵ مانچێستەر سیتی و دەیەوێت بگەرێتەوە ئیسپانیا و پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات. فابریزیۆ رۆمانۆ لە نوێترین راپۆرتە هەواڵی، باسی لەوە کردووە رۆدری گرێبەستی مانچیستەر سیتی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە وەستاندووە، چاوەڕێی ئەوە دەکات ریال مەدرید گرێبەستی پێشکەش بکات، چونکە یاریزانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە ئیسپانیا و لە شاری مەدرید بژی. سەرچاوەکە نووسیویەتی، ئەوەی رێگری لەو گرێبەستە کردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریال مەدریدە کە تا ئێستا بڕیاری گواستنەوەی ئەو یاریزانەی نەداوە بۆ یانەکە، بەڵام بە پێی هەواڵەکانی نزیک لە یانەی مەدریدیەکە بێت دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە جامی جیهانی پێشکەشی کرد و بە باشترین یاریزانی مۆندیال دەستنیشانکرا. ئەگەری زۆرە رۆدری بچێتە لیستی ئەو یاریزانانەی کە پێرێز دەیگوازێتەوە بۆ یانەکە. رۆدری تەمەن 30 ساڵ، لە یانەی ئاتڵێتکۆ مەدرید زیاتر دەرکەوت، لە هاوینی 2019 لەو یانەیەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ روویکرد مان سیتی، لەگەڵ ئەو یانەیە هەموو نازناوەکانی بردەوە، لە کۆی 298 یاریم 28 گۆڵ و 32 ئەسیستی کردووە و لە هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ مان سیتی کۆتایی دێت. پلانێکی نهێنی بارسێلۆنا سەریگرت بارسێلۆنا گرێبەستی یاریزانی لاوی بەلجیکی خیسێ بیسیبوی یەکلاکردەوە، کەمێک پێش ئێستا فابریزۆ رۆمانۆ بڵاوی کردەوە بارسێلۆنا گرێبەستی یاریزانی لاوی بەلجیکی و یانەی کلەب برەجی بەلجیکی خیسێ بیسیبوی تەمەن 18 ساڵانی یەکلاکردەوە، گرێبسەتی بیسیبو لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ ماوەی دوو وەرزە بە بڕی 8.5 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ رێژەی ٪20 بۆ یانەی کلەب برەج لە کاتی فرۆشتنی ئەو یاریزانە بە هەر یانەیەکی تر، بیسیبو یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی بەلجیکایە لەگەڵ یانەکەی بەشداری 15 یاریی کردووە، هیچ گۆڵێک و ئەسیستێکی نەبووە بۆ یانەکەی، لە باڵی چەپی هێرشبەری یاریی دەکات، پێش ئەوەی بارسێلۆنا گرێبەستەکەی یەکلابکاتەوە، یانەی بایرن میونشن هەوڵی رازیکردنی یاریزانەکەی دەدات، بەڵام بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا دیکۆ بەردەوام بە نهێنی لەسەر هێڵ بوو لەگەل بیسیبو و یانەی کلەب برەج بۆ رازیکردنی یاریزانەکە و لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو بوو، یاریزانە لاوەکە سەرەتا پەیوەندی بە تیپی بارسێلۆنا B دەکات لەگەڵ گونجانی لە کەشی بارسێلۆنا ئەوا هانسی فلیک بانگهێشتی تیپی یەکەمی یانەکەی دەکات. مۆدریچ لەبارەی داهاتووی خۆی بڕیار دەدات ئەستێرەی کڕواتی و یانەی ئەیسی میلان لەگەڵ یانەکەی بەرەدوام دەبێت و ناچێتە هیچ یانەیەک، لوکا مۆدریچی تەمەن 40 ساڵان دوای جامی جیهانی و بەسەربردنی پشووەکەی بڕیاریداوە لەگەڵ ئەیسی میلانی ئیتاڵی بەرەدوام بێت. دیمارزیۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی لە هەواڵێکی باسی لەوە کردووە، مۆدریچ لە ناوەڕاستی هەفتەدا، بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژی چوارشەممە، گرێبەستێکی نوێی یەک ساڵە لەگەڵ یانەی ئەیسی میلان واژۆ دەکات. مۆدریچ بە هەمان مەرجەکانی وەرزی ڕابردوو گرێبەستە نوێیەکە واژۆ دەکات، کە بریتییە لە 3.5 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ پاداشتەکان. لوکا مۆدریج لەگەڵ هەڵبژاردەی کڕواتیا بەشداری جامی جیهانی کرد و ئاستێکی بەرزیان پێشکەشرد، بەڵام لە قۆناخی 32 بەرامبەر رۆناڵدۆ و هاوڕێیەکانی ماڵئاواییان کرد بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک شکستیان هێنا. لوکا مۆدریچ، پێشتر لە پرێمەرلیگ لە نێوان ساڵانی 2008 تا 2012 لەگەڵ یانەی تۆتێنهام ئاستی درەوشایەوە، ریال مەدرید ئەو یاریزانەی بە 35 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید 597 یاری کرد و شەش نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، دوای 12 ساڵ ریال مەدریدی جێهێشت و روویکردە ئەیسی میلان، لەگەڵ ئەو یانەیە وەرزی رابردوو لە کۆی 37 یاری 2 گۆڵ و 3 ئەسیستی کرد. ئارتێتا شوێنگرەوەی ویلیام سالیبای دەستنیشان کردووە ئارسێناڵی ئینگلیزی هەنگاوەکانی خێرا کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە هێڵی بەرگرییدا بۆی دروست بووە، دوای ئەوەی ویلیام سالیبای بەرگریکاری فەڕەنسی تووشی پێکانێکی قورس بوو لە جامی جیهانی، بەهۆیەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە یاریگاکان دووریدەخاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەنووس تۆم برادلی، مێکێل ئارتێتای ڕاهێنەری ئارسێناڵ بڕیاریداوە پەنا بباتە بەر ئەزموونی جۆن ستۆنس، بەرگریکاری یانەی مانچێستەر سیتی، تاوەکو وەک شوێنگرەوەی ڕاستەوخۆی سالیبا بیهێنێتە ڕیزەکانی گەنەرز. پێشتر کە ئارتێتا یاریدەدەری پیپ گواردیۆلا بوو لە مانچیستەر سیتی، جۆن ستۆنس یاریزانی مانچێستەر سیتی بوو، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆکاری ئاسانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لە مانچیستەر سیتیەوە بۆ ئارسێناڵ. بارسێلۆنا داوای فیل فۆدن دەکات یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی چاوی بڕیوەتە سەر فیل فۆدن، ئەستێرەی دیاری یانەی مانچستەر سیتی، تاوەکو وەک بژاردەیەک بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری یانەکەی پشتی پێ ببەستێت. ئەم جووڵەیەی ئیدارەی بارسێلۆنا دوای ئەوە هات کە یاریزانە 26 ساڵانەکە بەشێک لە ڕۆڵ و پێگە سەرەکییەکەی لە پێکهاتەی مانچستەر سیتی لەدەستداوە، ئەوەش وایکردووە یانە کەتەلۆنیەکە بە هەلێکی گونجاوی بزانن تاوەکو بیگوازنەوە بارسێلۆنا. بەپێی زانیارییەکان، سەرەڕای ئارەزووی بارسێلۆنا، ئاڵۆزیی گەورە لەبەردەم جێبەجێبوونی ئەم ڕێککەوتنەدا هەیە، کە سەرەکیترینیان مووچە بەرزەکەی فۆدنە لەگەڵ ئەو گرنگییەی یاریزانەکە هێشتا لە پلانە گشتییەکانی سیتی دا هەیەتی، ئەوەش وادەکات دانوستانەکان ئاسان نەبن و یانە ئیسپانییەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بێتەوە.

