رۆژنامەی ھەولێر

داهێنانێکی بەتام؛ کووپی قاوە دەبێتە بسکیت و ژینگە دەپارێزێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لە وەرچەرخانێکی نوێی کەرتی خۆراک و ژینگەپارێزیدا، چەند کۆمپانیایەکی داهێنەری جیهانی جۆرە کووپێکی قاوەیان لە دانەوێڵە و کەرەستەی سروشتی بەرهەم هێناوە کە پاش خواردنەوەی قاوەکە، وەک بسکیتێکی بەتام دەخورێت.

ئەم کووپە ئیکۆلۆژییە، بەبێ بەکارهێنانی ماددەی پارێزەر دروست کراوە و دەتوانێت گەرمی قاوە تا کاتژمێرێک بەبێ نەرمبوونەوە ڕابگرێت. داهێنانەکە لە چەندین کافتریای پێشەنگ لە ئەوروپا و ئەمریکا پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە؛ چونکە نەک هەر پاشماوەی پلاستیک و کاغەز ناهێڵێت، بەڵکو ئەگەر فڕەیش بدرێت، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەبێتەوە بە پەین بۆ خاک. ئەم پڕۆژەیە هیوایەکی نوێی بەخشیوەتە ژینگەدۆستان و ئاشقانی قاوە بۆ کەمکردنەوەی خاشاک لە جیهاندا.