رۆژنامەی ھەولێر

لێپرسینەوە لە دیشامپ دەکرێت و زێدان دەبێتە راهێنەری فەرەنسا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

رووداوەکانی مۆندیالی 2026 خەریکە کورسی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لەق بکات و دەنگۆی ئەوە هەیە بە هۆی ساخبوونەوەی تۆمەتی گەندەڵی، ئینفانتینۆ لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە شکستە جەرگبڕەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026، وەکو بۆمبێک خەریکە درز بخاتە کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا و بەخێرایی بڕیاردرا زەینەدین زیدان پۆستی راهێنەراییەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت، لە بەرامبەردا لێپرسینەوەیەکی توند لە دیشامپ دەکرێت.

ئەو رووداوانەی لە مۆندیالی 2026 روویدا جارێکی دیکە پێگە و پۆستی سەرۆکایەتی فیفای خستە ژێر پرسیار، بە گوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان چەند فیدراسیۆنێکی تۆپی پێی جیهان بیر لەوە دەکەنەوە کە پشتگیری لە ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سان جێرمان بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فیفای 2027 ڕکابەری جیانی ئینفانتینۆ بکات.
ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بە درێژایی مۆندیالی 2026 ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەردەوام بووەتەوە بەهۆی کۆمەڵێک بابەتی مشتومڕاوی، لەوانە بڕیارەکانی ناوبژیوانان و مەترسی خستنە سەر ژینگە بە هۆی گەشتەکانی بۆ یارییەکانی مۆندیال، بەوپێیەی ئینفانتینۆ لە رۆژێکدا لە دوو یاری مۆندیال لە وڵاتانی ئەمریکا و مەکسیک ئامادە بووە.
سەرەڕای ئەم ڕەخنانە، سەرۆکی فیفا هێشتا پشتیوانییەکی بەهێزی لە لایەن فیدراسیۆنەکانی ئەفریقا و ئاسیا لێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە ئینفانتینۆ بۆ خولی داهاتووش بەربژێرێکی بەهێز بێت بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی فیفا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی talkSPORT، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەپشت پەردەوە دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکردنی بەربژێرەکان بۆ شوێنگرەوەی ئینفانتینۆ.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی یوێفا ئەلێکساندەر چیفەرین نایەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیفا بەربژێر بکات و پێی باشترە بۆ خولێکی دیکە لە سەرکردایەتیکردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەردەوام بێت، بەڵام ناسر خلێفی وەک بەربژێرێکی بەهێز لەلایەن فیدراسیۆنێکی ئەوروپی پەسەندکراوە و پشتگیری دەکرێت، جگە لەوەش ئەگەر خلێفی خۆی بەربژێر نەکات، داریۆس میۆدۆڤسکی سەرۆکی یانەی لیجیا وارشۆی پۆڵەندی دەبێتە بەربژێری ئەورووپا بۆ شوێنگرەوەی ئینفانتینۆ.ناسر خلێفی قەتەری، لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2011، پێگەی خۆی وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی تۆپی پێی جیهانی چەسپاندووە، ڕۆڵی گەورەی لە سەرکردایەتیکردنی یانە فەرەنسییەکە هەبووە، هەروەها ئێستا سەرۆکی کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا (ECA) و پۆستی سەرکردایەتی لە وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەری هەیە و بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی beIN Sports و سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی قەتەر هەیە.
بەڵام ماڵپەڕی talkSPORT بڵاویکردووەتەوە، خلێفی لە ئێستادا خواستی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیفا هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرێت دەبێت دەستبەرداری بەشێک لە پۆستەکانی ئێستای بێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، چەندین فیدراسیۆنی ئەوروپی لەوانە بەلجیکا و پۆڵەندا، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتی لە کاندیدبوونی ناسر خلێفی بۆ شوێنگرەوەی ئینفانتینۆ.
ماڵپەڕی talkSPORT ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە بەشێک لە فیدراسیۆنی وڵاتانی ئەورووپا هەندێک بەڵگەی گەندەڵی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفایان لە بەردەستە دەیسەلمێنێت ئینفانتینۆ بە وەرگرتنی رەشوە تۆمەتبارە.

دیشامپ: یاریزاناکانم تێکشکاون
دوای ئەوەی لە یاریی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026، فەرەنسا بە دوو گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر ئیسپانیا دۆڕا، دیشامپم راهێنەری فەرەنسا رایگەیاند زۆر بێ ئومێد بوون کە نەیانتوانی بگەنە یاریی کۆتایی، دەشڵێت: یاریزانەکان هەموویان تێکشکاون، ئێمە بەرامبەر رکابەرێکی بەهێز یارییمان کرد، لە رووی تاکتیکیەوە هەنگاوێک لە پێش ئێمەوە بوون، من نامەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە لەسەر نابژیوان لێم دەکرێت، نامەوێت شکستەکەمان بخەمە ئەستۆی کەسی تر، بەڵام پرسیارێک دەکەم ئایا ئەم نابژیوانی لە ئاستی ئەوە بوو یاریی پێش کۆتایی بەڕێوە ببات؟ ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوە ناڵێم کە ئەمڕۆ دۆڕاین. چەندین حاڵەتی ڕوون و ئاشکرا هەبوون، هەرچەندە دانی پێدا دەنێم ئیسپانیەکان لە رووی تاکتیکی زۆر باش و خێرا بوون.

رەیان شەرقی: ئێمە بە هۆی هەڵەی خۆمان دۆڕاین
رەیان شەرقی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مۆندیال کەمترین دەرفەتی پێدرا، لە دوای یارییەکە گوتی: بێ گومان هەر وەک راهێنەر گوتی، ئێمە دوای شکستەکەمان تووشی نائومێدیەکی زۆر بووین، لە کاتێکدا هیچ تیپێک توانای وەستانی ئێمەی نەبوو تەنیا خۆمان نەبێت بە هەڵەی خۆمان دۆڕاین، ئەمەش لە پێشکۆتایی روویدا، ناوبژیوان هۆکاری شکستی ئێمە نەبوو، بەڵکو خۆمان بە خراپی یارییمان کرد، من کاتێک چوومە ناو یاریگا هەستم نەدەکرد ئیسپانیا لە ئێمە باشتر بێت، بەڵام دەبێت ئەنجامەکە قبووڵ بکەین، بێ گومان دەبێت هەموو ئەو شتانەی روویانداوە، لە بیری بکەین.

“زێدان دەبێتە راهێنەری فەرەنسا و لێپێچینەوە لە دیشامپ دەکرێت”
بە گوێرەی رۆژنامەی لکیپی فەرەنسا زەینەدی زیدان بە زووترین کات پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەردەگرێت لێپرسینەوەش لە دیشامپ دەکرێت بەهۆی شکستەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
سەرچاوەکە نووسیویەتی: لە نێو کۆشکی سپی نیگەرانییەکی زۆر بەرامبەر دیشامپ هەیە و داوای روونکردنەوەی لێ دەکەن.

دی لا فیۆنتێ: فەرەنسا هەڵبژاردەیەکی باشە
لویس دی لا فیۆنتێ، راهێنەری هەڵبژرادەی ئیسپانیا لەبارەی سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر فەرەنسا، رایگەیاند لە یاریی پێشکۆتایی مۆندیال ئێمە ڕووبەڕووی یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی جیهان بووینەوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەوان ڕووبەڕووی باشترین تیمی جیهان بوونەوە. جیاوازییەکە لێرەدایە، ئەمەش ئەو سوود و خاڵە بەهێزە زیادەیەیە کە ئێمە هەمانە.”
دی لا فیۆنتێ گوتیشی: ئەم یاریزانانە شایەنی هەموو شتێکن، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ پابەندبوون، بەخشندەیی، هاوسۆزی و بەهرە ناوازەکەی خۆیان دەسەلمێنن. بەڕاستی شتێکی سەرنجڕاکێشە کە تەماشای یارییکردنیان دەکەیت، ئەوەی ئەوان پێشکەشیان کرد نمایشێکی چێژبەخش بوو. ئەوان ئەو شتانە ئاسان دەکەن کە زۆر قورس و ئەستەم دەردەکەون. بۆیە جارێکی تر پێت دەڵێمەوە: من شانازی دەکەم و دڵخۆشم، و ئێستا خەریکم هێور دەبمەوە و لەو پێگە و شوێنە تێدەگەم کە پێی گەیشتووین.”

کوبارسی: ئێمە وەک یەک خێزانی گەورە واین
پاو کوبارسی بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا رایگەیاند زۆر دڵخۆشن بەو کارە گەورەیەی کە تیمەکە لە دژی فەرەنسا کردیان، دەشڵێت: دەمانزانی یارییەکی ئاڵۆز و زۆر قورس دەبێت، چونکە ئەوان یاریزانی ناوازە و سەرنجڕاکێشیان هەبوو، بەڵام پێم وایە ئێمەش یاریزانی نایابمان هەیە، ئێمە وەک یەک خێزانی گەورە واین.
کوبارسی گوتیشی: لە تەواوی 90 خولەکەکەدا هاوکاری یەکترمان کرد، فشارمان کرد بە شێوازێک کە پێشتر نەمانکردبوو، یارییەکە بە شێوەیەکی نایاب بۆ ئێمە کۆتایی هات. ئێمە زۆر شانازی بەم هەوڵ و کارە بەکۆمەڵە دەکەین کە تیمەکە پێشکەشی کرد.