رۆژنامەی ھەولێر

شەڕی گەورەی سەکۆکانی ستریمینگ؛ پلانە نوێیەکان و گۆڕینی ستراتیژیەت

سەردەمی سەیرکردنی تەلەفزیۆن گۆڕاوە و ئێستا بازاڕی پیشەسازیی کات بەسەربردن لە دەست سەکۆکانی (Streaming) دایە. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (Netflix) و (Disney+) و (Max) ــ کە پێشتر پێمان دەگوت (HBO Max) ــ خشتەی بەرنامەکانی خۆیان بۆ نیوەی دووەمی ئەمساڵ بڵاو کردەوە. ئەم پلانە نوێیانە نیشانی دەدەن کە کۆمپانیاکان (ستراتیژیەت)ـی خۆیان بەتەواوی گۆڕیوە بۆ ئەوەی بینەر ڕابکێشن و پارەکەیان بەفیڕۆ نەچێت.

مۆدێلی نوێ؛ “مینی سێریەس” جێگەی زنجیرە درێژەکانی گرتووەتەوە
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئەم سەکۆیانە پارەی زۆریان لەسەر زنجیرە درامییە درێژەکان دادەنا کە چەندین وەرزیان دەخایاند. بەڵام ئێستا سەلیقەی خەڵک گۆڕاوە و هەمووان حەز بە زنجیرە کورتەکان یان (Miniseries / Limited Series) دەکەن.
شارەزایان دەڵێن ئەمە دوو هۆکاری هەیە؛ یەکەم، تێچووی زنجیرە گەورەکان زۆر خەیاڵییە و زۆرجار لە وەرزەکانی کۆتاییدا بینەر بێزار دەبێت و وازی لێدەهێنێت. دووەم، خەڵکی ئێستا کاتی زۆری نییە و دەیەوێت چیرۆکێکی خێرا و چڕوپڕ لە چەند ئەڵقەیەکی کەمدا ببینێت و تەواوی کات. بۆیە سەکۆکان لە ئێستادا فۆکسیان خستووەتە سەر ئەم جۆرە بەرهەمانە، بەتایبەت لە بواری تاوان و درامای ڕاستەقینەدا.
گۆڕینی ناوی براندەکان
کێبڕکێیەکە وایکردووە کۆمپانیاکان شێوەی خۆشیان بگۆڕن؛ بۆ نموونە سەکۆی (Max) دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیای (Discovery) یەکگرتنێکی گەورەیان کرد، ناوی خۆیان لە (HBO Max)ـەوە کورتکردەوە بۆ تەنها (Max)، بۆ ئەوەی لەو قاڵبە کۆنەی تۆڕی HBO بێنە دەرێ و ببنە سەکۆیەکی گشتی بۆ هەموو تەمەن و سەلیقەیەک.