رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ ڕووداوە مێژووییەکەی تۆپی پێ دەست پێ دەکات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

چاوی ملیۆنان هەواداری تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان بڕاوەتە سەر ئەمریکا، چونکە ئەمڕۆ (١١ی حوزەیران) ڕێوڕەسمی دەستپێکی مۆندیال ویەکەم یاریی مۆندیال بە شێوازە تازەکەی بە بەشداریی ٤٨ هەڵبژاردە دەست پێ دەکات.
هەرچەندە میواندارییەکە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دەبێ، بەڵام ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆندیال لە مەکسیک دەبێ و ٢٣ـەمین گەڕی مۆندیال بە یاریی نێوان مەکسیک و باشووری ئەفریقا، دەست پێ دەکات.
ياریی کردنەوەی مۆندیال لە نێوان مەکسیک و باشووری ئەفریقا، لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەو لە یاریگەی ئەزتیکا مەکسیکیۆ سیتی بەڕێوە دەچێ، کە ٨٣ هەزار هاندەر تێیدا جێ دەبێتەوە.
تیمی ناوبژیوانانی بەڕێوەبردنی یارییەکە، ناوبژیوانی بەڕازیلی وێلتۆن سامپایۆ ناوبژیوانی ناوەڕاست دەبێ، بڕۆنۆ پێرێز و بڕۆنۆ پۆشیلیاش هاونیشتمانیانی یاریدەدەری دەبن و خوان گابرێیلی پاراگوایی ناوبژیوانی چوارەم دەبێ. هاوکات ناوبژیوان نیکۆلاس گالۆ ناوبژیوانی ژووری VAR دەبێت.
یارییەکانی مۆندیال لە ١١ی مانگی حوزەیران تا ١٣ی تەمووزی داهاتوو بەڕێوە دەچن و یاریی کۆتایی مۆندیالیش لە ئەمریکا دەبێت.
ڕۆژی هەینییش دوو یاری بەڕێوە دەچێ، یەکەمیان لە نێوان کۆریای باشوور و چیک کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە دەبێت.
دووەمیان لە نێوان قەتەڕ و سویسرا کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو دەبێت.