رۆژنامەی ھەولێر

ئەمریكا رێگەی بە ناوبژیوانێكی مۆندیال نەدا بێتە نێو خاكەكەی

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

بەهۆی رێگەنەدانی بۆ چونە خاکی ئەمریکا یەکێک لە باشترین ناوبژیوانەکانی فیفا ناتوانێت بەشداریی جامی جیهانی بکات عومەر ئەرتان، ناوبژیوانێکی گەنجی سۆماڵییە، بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا بڕیاربوو وەکو ناوبژیوانێکی سۆماڵی یارییەکانی جامی جیهانی بەڕێوەببات، لەلایەن فیفاوە وەکو یەکێک لە باشترین ناوبژیوانەکانی ئەفریقا دەستنیشانکرابوو، بەڵام لە فڕۆکەخانەی مەیامی مۆڵەتی چوونە خاکی ئەمریکای پێنەدرا، بەو هۆیەوە ناتوانێت بەشداریی جامی جیهانی بکات.

تاوەکو ئێستا روون نییە هۆکاری رەتکردنەوەی عومەر ئەرتانی ناوبژیوان چییە، لەگەڵ ئەوەشدا سۆماڵ یەکێکە لەو وڵاتانەی بە بڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ قەدەغەی گەشتی بۆ ئەمریکا لێکراوە. دوا بەدوای رووداوەکە فیفاش بەفەرمی دوورخستنەوەی عومەر عەتن، ناوبژیوانی ئەفریقی لە یارییەکانی جامی جیهانی راگەیاند.
ئەرتان، یەکێک بوو لەو ٥٢ ناوبژیوانەی لەلایەن فیفاوە بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی جامی جیهانی دەستنیشانکرابوو، تەنانەت لە ئەستەمبوڵ ڤیزای ئەمریکای پێدرا، بەڵام لە فڕۆکەخانەی مەیامی لە فلۆریدا رێگری لێکرا و گەڕاندیانەوە.