رۆژنامەی ھەولێر

ئێران هەشت مەرج بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی 2026 دادەنێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

سەرەڕای ئەوەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان رایگەیاند ئێران بەبێ هیچ كێشەیەك بەشداریی لە مۆندیال دەكات، بەڵام مەهدی تاج سەرۆكی تۆپی پێی ئێران هەشت مەرجی سەرەكی بۆ بەشداریكردنی وڵاتەكەی لە مۆندیال دادەنێت، جەخت لەوەش دەكاتەوە تا ئێستا هیچ یاریزانێكی هەڵبژاردەی ئێران ڤیزای ئەمریكایان وەرنەگرتووە.

مەرجەكانی ئێران بۆ بەشداریكردن لە مۆندیال
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، هەشت مەرجی سەرەکی دیاریکرد بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026، کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت. مەهدی تاج لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی وەرزشیی وڵاتەکەی، مەرجەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:
1-پێویستە سەرجەم یاریزانان و ستافی تەکنیکی، بەتایبەت ئەو یاریزانانەی خزمەتی سەربازییان لە سوپای پاسداران ئەنجامداوە (وەک مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی)، بەبێ هیچ کێشەیەک ڤیزای چوونە ناو خاکی ئەمریکایان پێبدرێت.
2-دوای پێدانی ڤیزا، نابێت هیچ کام لە یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەکە لەلایەن پۆلیسی کۆچبەرانی ئەمریکاوە لە کاتی گەشتەکەیاندا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
3- پێویستە میکانیزمێکی روون بۆ پێدانی ڤیزا بە رۆژنامەنووسان و هاندەرانی ئێرانی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکاندا دیاری بکرێت.
4-پۆلیسی ئەمریکا دەبێت بەرزترین ئاستی پاراستن و پرۆتۆکۆڵی ئەمنی لە فڕۆکەخانە، هۆتێل و یاریگاکان دابین بکات بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
5-هاندەرانی هەردوو تیپ تەنیا بۆیان هەیە ئاڵای فەرمی وڵاتەکەیان ببەنە ناو یاریگا، و بردنی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای فەرمی “کۆماری ئیسلامی ئێران” قەدەخە بکرێت.
6- دەبێت گەرەنتی بدرێت کە سروودی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دروستی و بێ پچڕان لە هەموو یارییەکاندا لێبدرێت.
7- پرسیاری رۆژنامەنووسان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا، دەبێت تەنیا لە چوارچێوەی بابەتە هونەری و وەرزشییەکانی پەیوەست بە یارییەکاندا بێت.
8ـ رێگەریكردن لە بەكارهێنانی هەر دروشمێك لە نێو یاریگە لە دژی پیرۆزییەكانی ئێران.

بۆچی تا ئێستا ڤیزای ئەمریكا نەدراوەتە ئێران؟
لە كاتێكدا كەمتر لە مانگێکی بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 ماوە، بەڵام خەریكە كێشە و گرفتێكی گەورە سەرهەڵبدات بەهۆی هەڵبژاردەی ئێران و جەنگی پێشتری نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران.
هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بۆ پاڵەوانێتییەکە، پڕۆسەی خۆکۆکردنەوە و ئامادەسازیی تەواویان بۆ گەشتکردن بۆ هەر سێ وڵاتی میواندار، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەستپێکردووە، بەڵام هەڵبژاردەی ئێران هێشتا کێشەی ڤیزای هەیە.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندووە، “تاوەکو ئێستا ڤیزای چوونە ژوورەوە بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەکە نەهاتووەتەوە، لە کاتێکدا پێدانی ڤیزا ماوەیەکی درێژی دەوێت”.
هەڵبژاردەی ئێران هەفتەی رابردوو بۆ ئامادەكاری کەمپێکی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە توركیا كردووەتەوە، بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە هیواخوازن لەو ماوەیەدا کێشەی ڤیزاکانیان چارەسەر ببن.
تاج رایگەیاندووە بەزووترین کات، هەوڵی کۆبوونەوە لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا و ماتیاس گراڤسترۆمی ئەمینداری فیفا دەدات، لەپێناو قسەکردن لەسەر ئەو پێشهاتە.
پێشتر، مەهدی تاج ئاشکرایکردبوو هەڵبژاردەکەی بەشداریی لە مۆندیالی داهاتوودا دەکات، وێڕای جەنگی ماوەی رابردوو لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە کۆتایی مانگی دوودا بەرپابوو.
تاج کە هێرشی تووندی کردبووە سەر فیفا و بەبێ دەسەڵات ناویبردبوون، چەندین مەرجی بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیال راگەیاندبوو، لەنێویاندا دەستەبەری دابینکردنی ئاسایشی تەواو بۆ ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکەی و پاراستنیان لە گێچەڵپێکردن لەکاتی بوونیان لە وڵاتانی میوانداریکەر.

“بەهۆی سوپاسی پاسداران رێگەی پێنەدرا بەشداریی كۆنگرەی فیفا بكات
لە سەرەتای ئەم مانگە، دەسەڵاتدارانی کەنەدا رێگەی چوونە نێو وڵاتەکەیان، بە مەهدی تاج سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران نەدا بەشداریکردن لە کۆنگرەی گشتیی فیفا بكات، بەهۆی ئەندامێتی لە سوپای پاسدارانی ئێران، بەوپێیەی کەنەدا سوپای پاسدارانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بە ئاژانسی فەرمیی ئێرانی راگەیاند ئەوان لە ئەنتالیای توركیا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ مۆندیال، بەڵام چاوەڕوانی هەڵسوکەوتی لایەنی بەرامبەر دەکەن، دەشڵێت: ئێمە کارمان بە ئەمریکا نییە و بەشداری لە جامی جیهانیدا دەکەین، فیفا بەرپرسی یەكەمی پاڵەوانێتییەکەیە نەك ئەمریكا”.
مەهدی تاج گوتیشی: “لەم هەفتەیە لەگەڵ فیفا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازمان دەبێت و پێویستە فیفا گەرەنتی بدات، لەوەی هەڵبژاردەکەمان گەیشتووەتە ئەمریکا و یارییەکانی بەبێ کێشە ئەنجامبدات و بگەڕێتەوە”.
دەنگۆی ئەوەی بڵاوبووەتەوە هونەرمەندی نێوداری ئێران، موعین ئیسفەهانی سروودی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردەی ئێران دەڵێتەوە، بەڵام لە ئێران دژایەتیی کراوە، لەو بارەیەوە مەهدی تاج گوتی “ئێمەش تەنیا ئەوەمان بیستووە، ئێمە پێشوازی لە هەرکەسێک دەکەین کە سروودی نیشتمانی بڵێتەوە، بەڵام لەبارەی ئەوەی کە موعین ئەو کارە دەکات یان نا، من زانیارییەکی وردم نییە”.
ئەمریكا هۆشداریی دەداتە ئێران
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، هەر ئەندامێكی سەر بە سوپای پاسداران لەنێو شاندی هەڵبژاردەی ئێران دا هەبن، بەپێی یاسا و سزاکانی ئەمریکا، ئەندامانی سوپای پاسداران ناتوانێت بچێتە نێو خاكی ئەمریکا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە پێگەی فۆكس نیوزی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە لە نێو شاندی هەڵبژاردەی ئێران و یاریزانەكانیش چەندان كەسی تێدایە كە سەر بە سوپای پاسدارانن، مەهدی تاج سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ناوی لە لیستەكەدا هەیە، تەنانەت دوو یاریزانی هەڵبژاردەكەش خزمەتی سوپای پاسدارانیان هەیە كە پێكهاتوون لە مەهدی تارمی و ئیحسان حاج سەفی.
هەڵبژاردەی ئێران، سەرجەم یارییەکانی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال بەرامبەر هەریەکە لە نیوزیلەندا، بەلجیکا و میسر لەسەر خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدات.
ئێران یەکێکە لەو 48 هەڵبژاردەیەی کە ئەمساڵ بەشداریی لە مۆندیالی 2026 دەکەن، هاوکات لە پاڵاوتنەکان راستەوخۆ و بەبێ چوونە پاشکۆ بلیتێکی پاڵەوانێتییەکەی بڕی. .