رۆژنامەی ھەولێر

بێزاریی پێش سووڕی مانگانە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

زۆرێک لە ژنان لە ماوەی پێش دەستپێکردنی سووڕی مانگانەدا، هەست بە گۆڕانکاریی جەستەیی و دەروونیی جۆراوجۆر دەکەن کە بە “بێزاریی پێش سووڕی مانگانە” یان (PMS) دەناسرێت.
ئەم حاڵەتە پێک هاتووە لە کۆمەڵێک نیشانەی سۆزداری، جەستەیی و ڕەفتاری کە لە قۆناغی سووڕی مانگانەدا ڕوو دەدەن؛ واتە بە شێوەیەکی گشتی یەک دوو هەفتە پێش کەوتنە سەرپشک دەست پێ دەکات و دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی سووڕی مانگانەکە، نیشانەکانی بە تەواوی نامێنن.
سەبارەت بەم پرسە، د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە، دکتۆرا لە زایین (منداڵبوون) و نەخۆشییەکانی ژنان، ڕوونی کردەوە کە هۆکاری وردی سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە هۆرمۆنییە خێرایانەی (وەک ئیسترۆجین، پرۆجسترۆن و سیرۆتۆنین) کە لە دوای قۆناغی هێلکەدانان و پێش سووڕی مانگانە لە جەستەی ژندا ڕوودەدەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنی بۆماوەیی و بوونی سترێس و فشاری دەروونی بەردەوام، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر توندیی ئەم حاڵەتە هەیە.
نیشانە باوەکانی بێزاریی پێش سووڕی مانگانە
د. پۆیلە حەبیب نیشانەکانی بۆ دوو بەشی سەرەکی پۆلین دەکات:
١. نیشانە سۆزداری و ڕەفتارییەکان:
• تووڕەبوون، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و گۆڕانی خێرای باری دەروونی.
• تێکچوونی خەو (بێخەوی) و کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان (تەرکیز).
• گۆڕانی بەرچاو لە ئارەزووی خواردندا.
٢. نیشانە جەستەییەکان:
• ژانەسەر، ئاوسانی گەدە، قەبزی یان سکچوون.
• ناسکبوون و ئازاری مەمکەکان.
• ماندووێتیی بەردەوام و کەمبوونی وزەی جەستە.
• ئازاری جومگە و ماسوولکەکان، لەگەڵ دەرکەوتنی زیپکە لەسەر پێست.

ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەر
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم نیشانانە، دکتۆر پۆیلە حەبیب کۆمەڵێک ڕێکاری گرنگ دەخاتە ڕوو کە دەکرێت لە ناوماڵەوە یان بە ڕاوێژی پزیشکی جێبەجێ بکرێن:
• گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان: پەیڕەکردنی سیستمی خۆراکی تەندروست، بە شێوەیەک کە ڕێژەی خوێ، شەکر و ماددەی کافاین (وەک چای و قاوە) تێیدا کەم بکرێتەوە.
• چالاکیی جەستەیی: ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو.
• پشوودان: دابینکردنی کاتی پێویست بۆ خەوی گونجاو و کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی دڵەڕاوکێ.
• چارەسەری پزیشکی: لەو حاڵەتانەی کە نیشانەکان زۆر توند دەبن و ڕێگری لە ژیانی سروشتیی ڕۆژانە دەکەن، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەرمانسازیی گونجاو.