رۆژنامەی ھەولێر

بەرەو کۆنفرانسی 100 ساڵەی زاری کرمانجی

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

لیژنەی باڵای کۆنفرانسی زانستیی سەدەم ساڵوەگەڕی زاری کرمانجی و ڕۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا، لە سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا کۆ بوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادەکارییەکانی سازدانی کۆنفرانسەکە و بابەتە هەمەجۆرەکانی تایبەت بە رۆژانی کۆنفرانس تاوتوێ کرا و، پێداویستی و چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و سەرخستنی کۆنفرانسەکە و هاتنی میوانان خرایە بەر باس و شەنوکەوکردن.
لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس و بابەتەکانی کۆنفرانسەکەوە، بەڕێز دکتۆر محەمەد خدر مەولوود ئەندامی لیژنەی زانستیی کۆنفرانس لە دیمانەیەکی تایبەتیدا ڕایگەیاند: ئەم ئیمساڵە، ڕێکەوتی ٢٥/٥/٢٠٢٦، سەد ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری زاری کرمانجیدا تێدەپەرێ. ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر حوسێن حوزنی موکریانی زانا و بلیمەتی کورد، تەنیاباڵ و بە پارە و پووڵی خۆی چاپخانەیەکی لە جۆر و مارکەی (Diamond)ـی لە ئەڵمانیا کڕی و ساڵی 1915 لە شاری حەلەب لەگەڵ کارگەی زەنگۆگرافی لەوێ دایمەزراندن وچەندین بەرهەمی پێ چاپ کرد؛ لەوانە کتێبی: مێرگی دڵان (١٩١٦)، گەوهەری یەکانە (١٩٢٠)، غونچەی بەهارستان (١٩٢٥). مامۆستا حوزنی موکریانی لە ڕێکەوتی ٢٥/٥/١٩٢٦ـدا یەکەمین ژمارەی گۆڤاری زاری کرمانجی دەردەکات.
پاشان چاپخانەکە دێنێتە باشووری کوردستان و لە شاری ڕواندز دایدەمەزرێنێ؛ لەو ڕۆژەوە حوسێن حوزنی موکریانی وەک پێشەنگ و ڕابەرێکی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕۆڵێکی کارا و پێگەی مەزنی خۆی دەگێڕێ و مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەوڵەمەند و فرەبەرهەمی ئەفرێنەرانەی ئەدەب و زمان و مێژووی کوردی دەکات. هەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا، دکتۆر محەمەد خدر مەولوود گوتی: بۆ رێزگرتن لەم یادە مەزنە و لەو بۆنەیە، لە ڕواندز، لە هۆڵی حوزنی موکریانی لە نزیک ماڵ و چاپخانەکەی حوزنی موکریانی نووسەرانی کورد و ئەکادیمستانی کوردستان لە چەندین پانێل بە توێژینەوە و وتارەکانیان یادی ١٠٠ ساڵەی بەرز ڕادەگرن؛ توێژینەوەکان هەمەلایەنن، لە بواری زمانسازی، رۆژنامەگەری، مێژوو، ئەدەب و هونەری فۆتۆگرافی دەدوێن و تیشک دەخەنەسەر فرەبەهرەیی و ئەفرێنەرایەتیی زانا و بلیمەتی کورد حوزنی موکریانی.
ئەوە سەرباری پێشکەشکردنی چەندین بڕگەی هونەری و پێشانگای فۆتۆگرافی. جێی باسە ئەم کۆبوونەوەیە، بە سەرۆکایەتی د. سیروان زەند سەرۆکی لیژنەی زانستی کۆنفرانس و ئەندامانی لیژنەی زانستی بەڕێزان د. کوردستان موکریانی و د. محەمەد خدر مەولوود، د. ئامانج غازی، د. ستار شێخ حەسەن، د. رێباز دلاوەر، م. دلاوەر شوکری، م. پارێز یوسف، م. دادیار ئازاد، م. چیا محەمەد، م. ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوە چوو.