نورەدین جاف
تەسەوف، سۆفیگەری چۆن دەرکەوت بۆچیی؟!
تەسەوف وەک ڕێبازێکی ڕۆحی لە ناو ئیسلامدا دەرکەوت، بەڵام ڕەگ و بنەچەکەی، تەنها ئایینی نییە؛ بەڵکوو لە هەست و پرسیاری قووڵی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت:
مرۆڤ بۆ چی هاتووە؟ چۆن دەتوانێت لەگەڵ خودا یەک بگرێت؟
لە سەدەکانی یەکەم و دووەمی ئیسلامدا، کاتێک دەوڵەت و سامان و شکۆی دنیایی زۆر بوو، هەندێک کەس هەستیان کرد کە ڕۆح و پاکیی ناوەوە لەبیر کراوە. بۆیە هەوڵیان دا بگەڕێنەوە بۆ:
* سادەژی
* زوهد
* ئەشقی خودایی و،
* پاککردنەوەی دڵ.
ئەمە بوو بنەما سەرەتاییەکەی تەسەوف.
یەکێک لە یەکەمە ناسراوەکانی ئەو رێبازە، (حەسەن بەسرەیی) بوو کە بانگەوازی ترسی خودایی و زوهدی دەکرد.
دوای ئەوە، تەسەوف لە ترس و زوهد تەنها نەما، بەڵکوو گۆڕا بۆ “ئەشق”.
وەک لای (رابعە العدویە) کە دەیگوت: “من خودا ناپەرستم لە ترسی دۆزەخ، بەڵکوو لەبەر خۆشەویستی.”
پاشان تەسەوف بوو بە قوتابخانەیەکی فەلسەفی و ڕۆحی لە لایەن کەسانێکی وەک “محێدین ئیبنعەرەبی” و “جەلالەدین رۆمی” و “عەبدولقادر گەیلانی”ـەوە؛ ئەوان دەڵێن “بوون هەرهەمووی هەر یەکە”؛ عەرەب گوتەنی: (وحدە الوجود)؛ ئینجا دەپڕژێنە سەر
* جوانی
* ئەشقی خودایی و،
* گەشتێکی ناوەوەی مرۆڤ دەکەن.
تەسەوف، سۆفیگەری بۆچی دەرکەوت؟
چونکە مرۆڤ هەمیشە هەستی کردووە شتێک لە ناویدا هەیە زیاتر لە جەستە و ژیانە ڕۆژانەکە.
کاتێک ئایین تەنها دەبێتە یاسا و فەرمان، تەسەوف دێت بۆ گەڕان بەدوای «ڕۆحی ئایین»دا.
لە دیدێکی هونەریشەوە، تەسەوف زۆرجار نزیکە لە:
* شیعر
* مۆسیقا
* سەما و،
* شێوەکاری.
چونکە هەوڵێکە بۆ دەربڕینی ئەو شتانەی وشە بە تەواوی ناتوانێت بیڵێت.
بۆیە زۆر لە هونەرمەندان و شاعیران هەستی تەسەوفیان هەیە، تەنانەت ئەگەر سۆفییش نەبن؛ چونکە هونەر و تەسەوف هەردووکیان گەڕانن بە دوای جوانی و مانادا.

