رۆژنامەی ھەولێر

بەهای دەق شوناس و بیرەوەری و جەنگی تاریکی ناونیشانی کۆڕێکی هونەرمەند دیاری قەرداغی

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ئینستتیوتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور لە تەلاری جەمالی حاجی عەلی کۆڕێک بۆ نووسەر و هونەرمەندی گۆرانیبێژ “دیاری قەرەداغی” بە ناونیشانی “بەهای دەق و شوناس و بیرەوەری و جەنگی تاریکی” لە کاتژمێر ٣ـی ئێوارە لە شاری سلێمانی ڕێک دەخات.

کۆڕەکە دەربارەی هەڵبژاردنی شیعر و ئەدەبی هاوچەرخ و بەراوردێک دەبێت لە نێوان دەقە شیعرییەکانی گۆرانی کوردی دا.
وەک لە ڕاگەیاندراوی ماڵپەڕی فەرمی ئینستتیوتی داکۆشدا هاتووە و هونەرمەند دیاری قەرەداغی دەیەوێت ئەزموونی خۆی لە بارەی کولتوور و هونەری کوردی و دەستنیشانکردنی ئەو دەقانە بە ئامادەبووانی کۆڕەکە ئاشنا بکات و پەنجە بخاتە سەر بیرەوەرییەکانی لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا وەک هونەرمەندێک، هەروەها باس لە قۆناغە سەختەکانی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو تێکستانە بکات، کە بوونەتە هەوێنێک بۆ سروودە نیشتمانییەکان.
هونەرمەندان و ڕاگەیێنکاران
دیاری قەرەداغی هونەرمەند، ئاوازدانەر، نووسەر، میدیاکارێکی دیاری کوردە. نووسەر و دانەری کۆمەڵێک کتێبە لەسەر میوزیک و گۆرانی و خاوەنی چەندین گۆرانی تۆمارکراو و کلیپە بۆ گۆرانییەکانی. دیاری یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بایەخ بە بواری ڕۆشنبیری و فەرهەنگ دەدات و یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان.
ژیاننامە
ناوی تەواوی دیاری محەمەد زاهید عومەرە، لە ڕێکەوتی ٢٠ـی ئابی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری سلێمانی، لە بنەماڵەیەکی ئایین پەروەر، هونەردۆست و ڕۆشنبیر هاتووەتە دنیاوە. سێیەم منداڵی خێزانەکەیەتی و شەش منداڵن. باوکی بە مامۆستا زاهید ناسراوە و دایکیشی ناوی ڕووناکی شێخ مستەفایە و سەر بە بنەماڵەی شێخانی مەردۆخیی قەرەداغن. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو کردووە و خوێندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆ تەواو کردووە. دیاری قەرەداغی لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا بە هونەرمەندێکی جوداخواز ناسراوە و نوێگەری کردووە لە هونەریی مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا.
پێش دەستپێکردن بە کاری هونەری بەتەواوی لە بابەتەکەدا قووڵ بووەتەوە و لە چەندین چاوگەوە دەربارەی هونەری کوردی و بیانیی خوێندووەتەوە. دیاری قەرەداخی لە زاری خۆیەوە ئاماژە بەوە دەکات ویستوویەتی ڕێچکەیەکی نوێ بگرێتە بەر لە هونەری کوردیدا دژی ئەو شێوازە دووبارە و کۆنە بووە کە بەسەر هونەریی گۆرانیی کوردیدا سەپێنراوە. بە سوودوەرگرتن لە خەیاڵی ڕەها و جوان، هەوڵی داوە وابەستەی ڕیتم و میلۆدیەکی دیاریکراو نەبێت و بە درککردن بە جوانی و واتای شیعرەکان چەندین شیعری سەروای ئازادی کردووە بە گۆرانی. یەکەمین دەرکەوتنی لە بواری هونەریدا وەکوو گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ لە زانکۆی تەکنەلۆژی بەغدا، کە بەشداری لە ئاهەنگێکی نەورۆزدا کردووە لەگەڵ خوێندکارە کوردەکانی ئەو زانکۆیەدا.
هەڵبژاردنی شیعری گۆرانییەکان لای دیاری قەرەداغی ئەم هونەرمەندەی بە تەواوی جیا کردووەتەوە لە هەر هونەرمەندێکی تر.
جگە لە سەروا ئازادەکەیان ئەو شیعرانەی هەڵیاندەبژێرێت بە تەواوی بەرناخ و دەروونی گوێگرەکانیی خۆی دەکەوێت. ژانەری گۆرانییەکانی تەنیا شادیی نین و ماتریاڵی سەرەکی ئەو شیعرانەی هەڵیاندەبژێرێت نامۆیی، تەنهایی، بوون، عیشق، نەهامەتی، هاوڕێ، جەنگ و نیشتمانن. ئەمەش دووبارە هەنگاوێکی ترە لە کارەکەیدا تا لەو فۆرمە تەقلیدییەی گۆرانیی کوردی بێتە دەرەوە.
دیاری بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەقانەدا دەکات، کە هەڵیان دەبژێرێت، وەکوو گوێگرێکی ئاسایی دەتوانیت هەست بەوە بکەیت بە شێوەیەک وشەکان دەچڕێت وەکوو ئەوەی هەر گۆرانییەکیان چیرۆکێکی ئەزموونکراوی لە پشتەوەیە؛ بە وریاییەوە ئەو تێکستانە هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ دەنگ و سەدایدا دەگونجێن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی شیعری کلاسیک و کۆن، کەم بەکار دەهێنێت لە کارەکانیدا دەڵێت: “لەوانەیە تەواوی هەقی ئەو شیعرە کلاسیکە لە گۆرانییەکەمدا نەدەم، چونکە شیعری کلاسیک نرخێکی تایبەتی هەیە، چەند وەختە شیعرێکی کلاسیکم لە بەردەستدایە و کردوومە بە گۆرانی، زات ناکەم بڵاوی بکەمەوە لە ترسی ئەوەی نەتوانم بە تەواوەتی مافی خۆی بدەمێ”.
دیاری یەکەم کەس بووە لە کوردستاندا کە کۆنسێرتی شایستەی بۆ گۆرانییەکانی کردبێت، ڕێکەوتی یەکی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و، ساڵێک دواتر و پاشان لە ساڵی ١٩٩٨یشدا دوو کۆنسێرتی لە شاری سلێمانیدا کردووە؛ ساڵی ٢٠٠٠یش کۆنسێرتێکی لە شاری هەولێردا کرد.
جگە لەمانە لە ناوچەکانی تری کوردستانیش کۆنسێرتی کردووە؛ وەکوو دەربەندیخان، کەلار و دیاربەکر. لە دەرەوەی کوردستانیش چووەتە ئەورووپا بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرت بۆ وڵاتەکانی دانیمارک، سوید و ئەڵمانیا.
کارەکانی لە بواری گۆرانیدا
جگە لە گۆرانیی تۆمارکراو و ڤیدیۆکلیپ خاوەنی هەشت ئەلبوومە، ئەلبوومەکان بریتین لە:
١. ئەلبوومی سەراب (١٩٩٤)؛ گۆرانییەکان: باران، ماڵئاوا، سەراب، جوانی، بەناز و، سۆناتای خەم.
٢. ئەلبوومی عەشق لێرە (١٩٩٦)؛ گۆرانییەکان: ئافات، تەمی شەڕ، عەشق لێرە، زام، هاوڕێ و، جێم مەهێڵە.
٣. ئەلبوومی سەدەیەک بێ ئارامی (١٩٩٧)؛ گۆرانییەکان: تەنهایی، پەستم، زەمهەریر، شەوە شووشەییەکان، زیکری عیشق و، سەدەیەک بێ ئارامی.
٤. ئەلبوومی بێدەنگی دەشکێنم (١٩٩٨)
٥. ئەلبوومی بۆنی خاک (٢٠٠٠)؛ گۆرانییەکان: دەروونی جام، دایە، سەفەر، سەرۆکەکان و، هەناسەکان.