مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
بە شێوەیەکی فەرمی ئەکادیمیای یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە هەولێر کرایەوە و ئەوە یەکەم ئەکادیمیای یانەکەیە لە هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 8.5.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو کونسوڵ و دیپلۆماتی وڵاتان و بەرپرسانی ئیداریی دیکەی هەولێر و کەسایەتییە وەرزشییەکانی کوردستانی و بیانی، لە نێو پڕۆژەی ئەربیل ئەڤینیۆ، بە فەرمی ئەکادیمیای یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و گەیم سەنتەرێکی گەنجان کرایەوە.
کردنەوەی ئەکادیمیای یانەی ریاڵ مەدرید لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی بە تایبەتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت . ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی دەبێت لە گۆرانکاری بنەڕەتی بۆ بەرەوپێشچوونی بزاڤی وەرزشی لە هەولێرو تەواوی هەرێمی کوردستان.
ئەکادیمیای یانەی شاهانەی ریاڵ مەدرید، تایبەتە بە منداڵانی تەمەن 6 ساڵ تاوەکوو 17 ساڵ بە رێنمایی و پڕۆگرامی یانەی شایانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کاری پێدەکرێت و لە ئەکادیمیای یانەکەش لە هەولێر هەمان سیستەم پەیڕەو دەکرێ.
سەدان منداڵ و بەهرەمەند ناوی خۆیان بۆ ئەکادیمیاکە تۆمار کردووە و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە پەیوەندی کراوە بۆ ئەوەی منداڵان و بەهرەوەران بەشداریی ئەکادیمیاکە بکەن. هەروەها ئەکادیمیاکە بەردەوام لەژێر چاودێریی یانەی ریاڵ مەدریددایە.
یانەی ریال مەدرید خاوەن هەوادارێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان و هەولێر، بۆیە لەگەڵ کردنەوەی ئەکادیمیای یانەکە لە شاری هەولێر پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
لەسەر هەمان پرس، د. سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر ڕایگەیاند: هیوادارم کۆنتاکتمان هەبێ تا گەنج و لاوان پێ بگەیەنین، ئێمە خۆمان یاریزان بە چەندان ملیار دەهێنین، ئەو کاتە یاریزانی خۆمان دەبێ.
وتیشی: هیوادارین ئەکادیمیای تریش بکرێتەوە، خۆشمان بە تەماین ئەکادیمیای تر بێنین، هی یانەی ئیسپانی و ئینگلیزی. پێمان خۆشە خۆمان یاریزان پێ بگەیەنین، خۆمان یاریزانی باشمان هەیە، پێویستە گرنگییان پێ بدرێ تا ئێمە بتوانین چەند ساڵێکی تر یاریزان بفرۆشینە دەرەوە نەک یاریزان لە دەرەوە بکڕین.

