ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تەواوی رێككارە یاساییەكانی تەواو كرد و ڕەزامەندی فیفای بەدەستهێنا بۆ گۆڕینی ڕەگەزنامەی یاریزانی یانەی دێندی یونایتدی سکۆتلەندی (داریۆ نامۆ رزگار).
غانم عورێبی، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێكار لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری لەندەنی بەریتانیا تەواوی رێككارە یاساییەكان بۆ پێدانی وڵاتنامەی عێراقی بۆ داریۆ نامۆ بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و ئەم یاریزانە دەتوانێت بۆ پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق یاریی بكات.
غانم عۆرێبی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دوای هەوڵێكی زۆر و كۆكردنەوەی زانیارییەكان لە رێگەی هەولێر و سلێمانی كە زێدی باب و باپیرانی داریۆ نامۆیە، خۆشبەختانە ئەو یاریزانە تەواوی فایلەكانی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گواسترایەوە.
داریۆ رزگای تەمەن 21 ساڵ لە لایەن گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ماوەیەكی زۆر بوو چاودێری دەكرا بۆ ئەوەی وەكو بەرگریكاری لای راست بانگهێشتی مۆندیالی 2026ـی بكات، بەڵام بە هەمان شێوە جاكوب فریس راهێنەری هەڵبژاردەی فینلەندا بۆ دوو یاریی دۆستانەی داهاتووی هەڵبژاردەكەی بانگهێشتی كوڕە كوردەكەی كرد بوو، بەڵام دواجار ئەو یاریزانە دەرفەتی بەشداریكردنی لە مۆندیال لەدەست نەدا و بڕیاری دا یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكات.
داریۆ نامۆ كێیە؟
داریۆ رزگار نامۆ بە ڕەچەڵەك خەڵكی شاری قەڵادزێی هەرێمی كوردستانە، لە دوای ساڵانی نەوەدەكان خانەوادەكەی بەرەو ئەورووپا كۆچیان كرد و داریۆ لە وڵاتی فنلەندا لە دایكبوو.
داریۆ لە ئەكادیمیای یانەی هۆنكای فینلەندا یەكەمین هەنگاوی بە ئاراستەی پیشەگەری هاوێشت، بووە بچووكترین یاریزان لە تەمەنی 18 ساڵی 31 یاریی لە خولی نایابی فینلەندا ئەنجام دا، داریۆ لە خولی ئەو وڵاتە لە كۆی 31 یاری 2 گۆڵ و 1 ئەسیستی كرد. داریۆ بەوە ناسراوە وەكو یاریزانێكی جۆگەر لە هەموو هێڵەكانی بەرگری دەتوانێت یاری بكات، راهێنەر بەپێی دۆخی پێكهاتەكەی لە راست و چەپ یان دڵی بەرگری پشتی پێدەبەستێت.
داریۆ ئێستا یاریی بۆ یانەی دەندی یونایتدی سكۆتلەندی دەكات و نرخی لە بۆرسەی یاریزانان دەگاتە 300 هەزار یۆرۆ، چەندان ئۆفەریشی لە خولی سویدی و توركیا و نەمسا پێگەیشتووە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو یاریزانە لە 2024 لە مەراسیمی بەخشینی باشترینەكانی ساڵ لە شاری هێلسنكی فینلەندا، بە باشترین یاریزانی لاو لەسەر ئاستی فینلەندا دەستنیشان كرا.
داریۆ، سەرەڕای ئەوەی لە لایەن راهێنەری هەڵبژاردەی فینلەندا بۆ دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر ئەڵمانیا و هەنگاریا بانگهێشت كراوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق بە خێرایی ئەو یاریزانە كوردەیان لە چنگی ئەو وڵاتە ئەورووپییە دەرهێنا و بانگهێشتی مۆندیالی 2026 دەكرێت.
گراهام ئارنۆڵد بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ داریۆ كردووە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، راهێنەری ئوسترالی هەڵبژاردەی عێراق، گراهام ئارنۆڵد راستەوخۆ بە تەلەفۆن پەیوەندی بە داریۆ نامۆ كرد و رازیكرد بۆ بەرگری لای راست پەیوەندی بە عێراق بكات.
داریۆ لە لێدوانێكدا لەبارەی گفتوگۆی نێوان خۆی و ئارنۆڵد رایگەیاندووە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئارنۆڵد شێوازی تەكتیكی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ روونكردووەتەوە، داریۆ دەشڵێت: لەبارەی شێوازی یاریكردنی عێراق گفتوگۆمان كرد، مەحاڵە بتوانم دەرفەتی یاریكردن لە مۆندیال رەت بكەمەوە.
كێشە گەورەكەی عێراق چارەسەر دەبێت
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە بەرگری لای چەپ بەهۆی هەبوونی میرخاس دۆسكی كێشەی نییە، بەڵام لەمێژە بەدەست كێشەی لای راست دەناڵێنێت، پێشتر لەو شوێنە یاریی بە شێركۆ كەریم كردووە، دواتر بەرامبەر بۆلیڤیا لەو شوێنە یاریی بە حوسێن عەلی كرد، بەڵام هێشتا ئارنۆڵد بەرگری لای راستی بەدڵ نییە.
ئارنۆڵد دوای بانگهێشتكردنی داریۆ، كێشەی بەرگری لای راستی چارەسەر دەبێت، بەڵام ئارنۆڵد كێشەیەكی دیكەی هەیە و بە دوای بەرگریكاری باڵابەرز دەگەڕێت بۆ ئەوەی دڵی بەرگری لە تەنیشت ئاكام هاشم یاری بكات، هەرچەند بۆ ئەو شوێنە مەناف یونس، زەید تەحسین و رێبین سولاقای هەیە، بەڵام ئارنۆڵد راشكاوانە رایگەیاندووە ئەو یاریزانانە ئاستیان جێگیر نییە و پێویستی بە بەرگریكارێكی دیكەی دڵی بەرگری هەیە.
داریۆ دەبێتە هەشتەمین یاریزانی كورد بۆ مۆندیال بانگهێشت دەكرێت
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی رۆژنامەی هەولێر، داریۆ نامۆ رزگار دەبێتە هەشتەمین یاریزانی كورد لە لایەن راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتی مۆندیالی 2026 دەكرێن، یاریزانە كوردەكان پێكهاتوون لە (ئاكام هاشم، میرخاس دۆسكی، یوسف ئەمین، ماركۆ فەرەج، ئەیمار شێر، رێبین سولاقا و داریۆ نامۆ). تاكە یاریزانێك كە گومان دەكرێت بانگهێشت نەكرێت رێبین سولاقایە كە ئێستا لە خولی تایلەندی یاری دەكات.
هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالی 2026 لە كۆمەڵەی نۆیەم هاوشانی هەڵبژاردەكانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگال یاری دەكات، بڕیارە پێش دەستپێكی مۆندیال، عێراق دوو یاریی دۆستانە بكات، لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە لە وڵاتی ئیسپانیا رووبەڕووی ئەندۆرا دەبێت، لە مانگی داهاتووش یارییەكی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەكات، بۆ هەردوو یارییەكەش بانگهێشتی داریۆ نامۆ دەكرێت.

