رۆژنامەی ھەولێر

دهۆك: شەرمەزارییە بۆ ناوبژیوانانی عێراق زوڵم لە یانەكان دەكەن

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

دوای كۆتایی هاتنی یارییەكەیان بەرامبەر زەورا، یانەی دهۆك لە پلاتفۆرمەكانی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا نیشانی دەدات زەورا لە رێگەی ئۆفساید گۆڵی یەكسانبوونی كردووە. دهۆك لە كاردانەوەیەكدا نووسیویەتی: شەرمەزارییە بۆ ناوبژیوانان زوڵم لە یانەكان دەكەن.

لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، دهۆك لە دوایین یاریی لە نێو یاریگەی مەدینە لە بەغدا بووە میوانی زەورا، دهۆك لەو یارییەدا دووجار بە گۆڵ پێشكەوت، بەڵام ئەنجامەكە لە دژی یەكسان كرایەوە.
یانەی زەورا لە دوایین خولەك لە رێگەی موڕاد محەمەد بە لێدانی سەر گۆڵی بەرامبەربوونی لە دژی دهۆك كرد و یارییەكە بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
لە دوای یارییەكە دهۆك وێنەیەكی ساتی تۆماركردنی گۆڵی دووەمی زەورا بڵاوكردەوە كە ئەو وێنەیە پیشانی دەدات كە گۆڵی زەورا ئۆفسایدە، وێنەكەی دهۆك جیاوازە لەو وێنە و هێڵەی كە ژووری ڤار بۆ گۆڵی دووەمی زەورا كێشاویەتی.
دهۆك لە بەیاننامەكەیدا نووسیویەتی: شەرمەزارییە بۆ لێژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەمجۆرە ناوبژیوانانە بۆ ژووری ڤار دەستنیشان دەكەن و یارییەكان دەكووژن و زوڵم لە یانەكان دەكەن.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو هیچ كاتێك ئاستی ناوبژیوانان لە عێراق ئاوها خراپ نەبووە و گوتیشی: بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانان لەم وەرزە هەولێر 15 خاڵی لەدەستداوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، وەلی كەریم راهێنەری یانەی نەورۆز هەفتەی رابردوو لە لێدوانێكدا رایگەیاند یانەكەیان زۆرترین قوربانی دەستی ناوبژیوانان بووە و زیاتر لە 12 خاڵیان بەهۆی بڕیارە هەڵەكانی ناوبژیوانان لەدەست داوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، یانە كوردستانییەكان بڕیاریانداوە بەشێك لەو بەڵگە و زوڵمانەی كە لە یانەكان كراوە كۆی بكەنەوە بیبەنە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و سكاڵا تۆمار بكەن، بەتایبەتی هەولێر دوایین هۆشداری داوەتە لێژنەی ناوبژیوانانی عێراق، بەوپێیەی هەولێر نزیكە لە بەدەستهێنانی بلیتێكی پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، بەتایبەتی لە یەكلاییكردنەوەی بەشداریكردنی لە چامپیۆنزلیگی كەنداو بە ڕێژەیەكی زۆر نزیكە.