رۆژنامەی ھەولێر

دەنگۆی گەڕانەوەی مۆرینیۆ هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە خۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی بێنفیکا، یەکێکە لە بژاردە بەهێزەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید لە وەرزی داهاتوو، هەرچەندە چەند بژاردەیەکی دیکەش بۆ ئەم پۆستە هەن، بەڵام پێدەچێت سپێشەل وەن بەهێزترین بژاردە بێت.

مۆرینیۆ بەهێزترین بەربژێرە
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە جۆزێ مۆرینیۆ بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئاگادار کردووەتەوە، ئامادەیە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بۆ جاری دووەم پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، هەردوولا گفتوگۆکانیان دەست پێبکەن.
مۆرینیۆ لە ساڵی 2010 تاوەکو 2013 بۆ جاری یەکەم پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید وەرگرت، ئەو راهێنەرە ئێستا تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 واتە وەرزی داهاتووش گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی بێنفیکا هەیە، بەڵام مەرجێکی ئاسان لە گرێبەستەکەی هەیە، هەر کاتێک ئارەزووی جیابونەوەی هەبوو، دەتوانێت بەرامبەر تەنها سێ ملیۆن یۆرۆ ریزەکانی یانەکەی بێنفیکا جێبهێڵێت.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە مۆرینیۆ وەکو بژاردەی سەرەکی و بەهێز دەزانێت، بۆ رزگار کردنی یانەکەی لەو دۆخە.

خۆزێ ماریا گوتی: مۆرینیۆ هیچی پێ نەماوە
خۆسیێ ماریا گوتی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید دەڵێت: جۆزێ مۆرینیۆ بە کەلکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید نەماوە و ئەم پیاوە سەر سپییە هیچی پێ نەماوە و ئێستا راهێنەری لەو باشتر هەن بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی ریال مەدرید بکەن.
تا دێت مقۆمقۆیەکان لەبارەی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید زیاتر دەبن، بەڵام خۆسیێ ماریا گوتی ئەستێرەی پیشووی ریال مەدرید کە ئێستا وەکو شرۆڤەکار لە کەناڵ و میدیاکانی ئیسپانیا کار دەکات، دەڵێت: سپێشەڵ وەن وەکو خۆی نەماوە، ئێستا راهێنەری زۆر لەو باشترن هەن، بۆیە هەڵەیە ئەگەر ریال مەدرید بیر لەوە بکاتەوە مۆرینیۆ بکاتەوە راهێنەری یانەکەی، گەرچی بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان مۆرینیۆ زۆر تامەزرۆیە بۆ ئەوەی ببێتەوە راهێنەری ریال مەدرید و دەشتوانێت لە کۆتایی ئەم وەرزە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەرفەتی لەبەردەمە بۆ ئەوەی واز لە راهێنەرایەتی بێنفیکا بهێنێت، بەڵام هێشتا فلۆرێنتینۆ پێریز بڕیاری نەداوە کێ دەکاتە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید.

یاریزانانی ریال مەدرید دژی گەڕانەوەی مۆرینیۆن
سەرەڕای ئەوەی دەنگۆیەکی زۆر لەسەر داهاتووی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بڵاوبووەتەوە، بەڵام دەنگۆیەکیش هەیە کە ژووری جڵگۆڕینی یانەکە لەگەڵ ئەو راهێنەرە نین.
سەرچاوەکانی ئیسپانیا بە تایبەت ئەوانەی لە مەدریدن و نزیکن لە یانە شاهانەکە، بەردەوام باس لە گەڕانەوەی خۆزێ مۆرینیۆ بۆ ریزەکانی یانە شاهانەکە دەکەن، بەڵام لە نوێترین پێشتهات گۆنزالۆ گارسیا رۆژنامەنوس لە رادیۆی Cadena Ser بڵاویکردەوە، ژووری جلگۆڕینی یانەی ریاڵ مەدرید ویستیان لەسەر گەڕانەوەی سپێشەڵ وەن نیە، بۆیە بۆچوونی جیاواز لەسەر داهاتووی راهێنەری یانەکە دروستبووە.
ئەو رۆژنامەنوسە باسی لەوەشکردووە کە بە گشتی یاریزانەکانی مێرنگی، باشترین بژاردەیان بۆ راهێنەرایەتی یانەکەیان یۆرگێن کلۆپ راهێنەری ئەڵمانیە، چونکە ئەوان پێیانوایە ئەو راهێنەرە ئەڵمانیە باشتر دەتوانێت کەشوهەوای تیپەکە بنیاد بنێتەوە و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ یاریزانەکاندا دروست بکات.
گۆنزالۆ گارسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت “مۆرینیۆ وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە کە هەندێک یاریزان بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن و هەندێکی تریان خۆپەرستن، کەسێکی وەک ئەو ڕەنگە تووشی پێکدادان ببێت لەگەڵیاندا، یاریزانەکانیش ئەمە باش دەزانن “. هەروەها ئەو رۆژنامەنوسە ئەمەشی زیاد کرد و ئاماژەی بە دیشامپیش کرد بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی کە لەگەڵ یاریزانە فەڕەنسییەکاندا هەیەتی.

مۆرینیۆ هاتە دەنگ
جۆزێ مۆرینۆی راهێنه‌ری یانه‌ی بێنفیكای پۆرتوگالی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند هیچ كه‌س له‌ ریال مه‌درید په‌یوه‌ندی پێیه‌وه‌ نه‌كردووه‌ و گووتیشی له‌گه‌ڵ بێنفیكاش قسه‌ی له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی نه‌كردووه‌.
هیچ كه‌سێك له‌ ریال مه‌درید قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردووم، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌، ساڵانێكی زۆره‌ له‌نێو تۆپی پێم و ساڵانێكی زۆره‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی رۆژنامه‌نووسان تێكه‌ڵم، هه‌ردوولاشمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ راهاتووین، هیچ شتێكم له‌ ریال مه‌دریده‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌، سه‌باره‌ت به‌ مه‌راسیمه‌كانیش، به‌لای منه‌وه‌ هیچ گرینگ نییه‌، كاتێك هاتمه‌ بێنفیكاش هه‌موو مه‌راسیمێكم ره‌تكرده‌وه‌ و نه‌چوومه‌ یاریگه‌ و هه‌ر لێره‌ قسه‌م بۆ كردن و دواتر ده‌ستم به‌ كاركردن كرد، ئێستاش ته‌نیا چاوم له‌و یارییانه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ و پشووی باش دوای كاری باش دێت، من له‌باره‌ی ریال مه‌دریده‌وه‌ به‌ هاوڕێكه‌تم گووت، هه‌مان قسه‌م بۆ بێنفیكاش هه‌یه‌، هیچ قسه‌یه‌كمان له‌باره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌م نه‌كردووه‌ و هێشتا ساڵێك بۆ كۆتاییهاتنی گرێبه‌سته‌كه‌م ماوه‌ و پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بم، پێویستییه‌كی زۆرمان به‌و نۆ خاڵه‌ی داهاتوو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو، سه‌ره‌ڕای دۆخه‌ سه‌خته‌كه‌مان به‌ڵام توانیمان ئه‌نجامی زۆر باش به‌ده‌ست بهێنین.

“مۆرینیۆ ژووری جلگۆڕین رێكدەخاتەوە”
بەگوێرەی پێكەی كادێنا سپۆرتی ئیسپانیا، جۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید بیر لە دەستبەرداربوون لە رۆدریگۆ، ڤینسیۆس، كاماڤینگا و داڤید ئالابا دەكاتەوە و بەڵێنیشی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز داوە كۆتایی بەو پەیوەندییە ئاڵۆزییەی نێو یاریزانەكان بێنێت و رێگەی بە لاساری و رەفتاری نەشیاوی هیچ یاریزانێك نەدەدات.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: مۆرینیۆ بۆ تەمبێكردن و بەهێزكردنەوەی پەیوەندیی نێوان یاریزانەكان دەگەڕێتەوە، بەڵێنیشی داوە رووحێكی پۆڵایین بەبەر جەستەی مردوو و لێكترازاوی یانەكەدا بكاتەوە.
جۆزێ مۆرینیۆی تەمەن 63 ساڵ لەگەڵ بێنفیكا سەرپەرشتی 40 یاری كردووە، 8 شكست و 8 یەكسانی هەیە، لە خولی نایابی پۆرتوگالی بە 69 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و بە جیاوازی 7 خاڵ لە یانەی پۆرتۆی پێشەنگ دوورە.
جۆزێ مۆرینیۆ لە وەرزی 2011-2012 لەسەر ئاستی ئیسپانیا كۆتایی بە باڵادەستی بارسێلۆنا هێنا نازناوی لالیگا بۆ ریال مەدرید بردەوە، لە یەک وەرزدا 32 سەركەوتنی بەدەستهێنا و زۆرترین بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی تۆمار كرد (16) بردنەوە.