رۆژنامەی ھەولێر

ئمباپێ وەڵامی دەنگۆیەكانی دایەوە: دەمەوێ لە كلاسیكۆ بەشداری بكەم

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئمباپێ وەڵامی دەنگۆیەكانی دایەوە: دەمەوێ لە كلاسیكۆ بەشداری بكەم
یاریزانی فەڕەنسیی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی دەنگۆیەكانی دایەوە بەوەی دەیەوێ لە یارییەكان خۆی بدزێتەوە، ئەوەیش لەگەڵ نزیكبوونەوە لە یارییەكانی مۆندیالی 2026.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یارییەكانی مۆندیالی 2026، هۆشداری باڵی بەسەر كەمپە مەشقییەكانی ریاڵ مەدرید و یانەكانی دیكەیشدا كێشاوە، بە تایبەت ئەو یاریزانانەی هەست بە ئازاری جەستە و ماندبوون دەكەن، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەكەن و ئاگایان لە خۆیانە، نەبادا تووشی پێكان بن و لە یارییەكانی مۆندیال دایانببڕێ.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، یاریزانانی ریاڵ مەدرید، دەیانەوێ خۆیان لە هەر ئاستەنگێك بە دوور بگرن، لەوەی ڕێ لە گەیشتنیان بە مۆندیال بگرێ، بە تایبەت كە بە تەواوی وزە و جەستەیەكی باشەوە بەشداری مۆندیال بكەن، دوای وەرزێكی درێژ و تاقەتپڕوكێن لەگەڵ یانەكەیان.
یاریزانانی ریاڵ مەدرید پێیان وایە دوای ئەوەی لەسەر دەستی بایرن میوشن لە چامپیۆنس لیگ دوور خرانەوە و لە لالیگاش 11 خاڵ لە بەرشلۆنەوە دوورن، لە كاتێكدا تەنیا 5 گەڕ بۆ كۆتاییهاتنی یارییەكان ماوە، بۆیە لە هیچ ڕكەبەرییەكدا نەماون، بۆیە پێویست ناكا بەو جۆرە خۆیان پەرێشان بكەن و تووشی پێكان، یان كێشەیەك بن.
بەڵام لە وەڵامی ئەو دەنگۆیەدا، بەرنامەی چێرنجیتۆ دووپاتی كردەوە، كە كیلیان ئمباپێ، دوای دەستنیشانكردنی پێكانەكەی، یاریزانانی ریاڵ مەدریدی ئاگەدار كردووەتەوە، بەوەی دەیەوێ بەشداریی یاریی داهاتووی كلاسیكۆی نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید بكات.
بڕیارە یاریی كلاسیكۆ لە ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو لە یاریگەی سپۆتیفای كامپ نۆی تایبەت بە بەرشلۆنە لە نێوان بەرشلۆنە و ریاڵ مەدریددا بەڕێوە بچێ.
ڕیاڵ مەدرید لە ڕوونكردنەوەیەكی فەرمیدا، باسی لەوە كرد: دوای پشكنینەكان كە بۆ ئمباپێ كرا لەلایەن تیمی پزیشكیی یانەكەوە، دەركەوت كە پێكانەكەی لە ماسوولكەی نیوەژێیە لە ڕانی چەپیدا.
ریاڵ مەدرید ڕوونی كردووەتەوە، كە ڕەوشی كیلیان ئمباپێ لەژێر چارەسەریدایە بە پێی پێشهاتەكانی پێكانەكەی، هێشتاش وادەی دووركەوتنەوەی ئمباپێ لە یارییەكان دیاری نەكراوە.

نهێنیی گەشتەكەی ئینزۆ فێرناندێز بۆ مەدرید ئاشكرا كرا
هێشتا گەنگەشە و مشتومڕ بەردەوامە لەبارەی داهاتووی یاریزانی ئەرژەنتینیی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی ئینزۆ فێرناندێز، لە كاتێكدا ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەو یاریزانە خواستی ئەوەیە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو، ڕیزەكانی بلووز جێ بهێڵێ.
یانەی چێڵسی لە دۆخێكی سەختدایە لەم وەرزەدا، لە چامپیۆنس لیگ لە قۆناغی 16 بەرانبەر پاریس سان جێرمان بە ئەنجامی هەردوو یاری 2-8 گۆڵ دۆڕا و دوور خرایەوە. هەورەها ئێستە لە خانەی حەوتەمی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلیزییە.
لە ڕووی هونەرییشەوە، یانەكە جۆرێك لە ناجێگیریی تێدایە، دوای ئەوەی ئینزۆ ماریسكای لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ڕابردوودا دوور خستەوە و لیام رۆسینیۆری لە شوێنەكەی دانا، هەروەك دوای زنجیرەیەك ئەنجامی خراپ، ئەویشی دوور خستەوە، بە تایبەت كە 5 یاریی لەسەریەك شكستی خوارد بێ ئەوەی گۆڵێك بكات.
لەو نێوەندەدا، ناوی ئینزۆ فێرناندێز وابەستەی ریاڵ مەدرید كراوە، بە جۆرێك ڕەنگە هاوینی داهاتوو پەیوەندیی بەو یانەیەوە بكا، ئەوەیش لە بەرئەنجامی لێدوانەكانیەوە دەركەوتووە، كە وای دەرخستووە خواستی ئەوەیە لە مەدرید بژیت. هەروەها ناڕوونییەكی دیكەیش لەبارەی داهاتوویەوە هەستی پێ كرا، كاتێك پرسیاری لێ كرا لە بارەی داهاتوویەوە لەگەڵ چێڵسی، وتی: با بزانین دوای مۆندیال چی دەبێ.
بەم دواییە، ئەو یاریزانە مۆڵەتێكی كورتی قۆستەوە و لەگەڵ هەردوو هاوڕێی جواو پیدرۆ و مارك كۆكۆرێلادا گەشتی مەدریدیان كرد، بە تایبەت كە یانەكە دوای گەیشتنیان بە یاریی كۆتایی جامی یەكێتیی ئینگلیزی دوای بردنەوەیان لە لیدز یونایتد، یانەكە هەل و پشوویەكی بە یاریزانانی دا، بۆ ئەوەی پشوو وەربگرن و دیقەت و ڕامانیان بۆ بگەڕێتەوە پێش قۆناغی یەكلاكەرەوەی وەرزەكە. ئەو زانیارییانەیش رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی باسی لێوە كردوون. ئینزۆ فێرناندێز ئەو دەرفەتە كورتەی قۆستەوە بۆ ئەوەی چەند ڕۆژێك لە مەدرید بەسەر ببات، كە لە نێوەڕاستی شارەكەدا بینرا و سەردانی پاڵەوانیەتیی كراوەی تێسنی مەدریدی كرد كە گوزارشت بوو لە گرنگیدانی بەو یارییە، هەروەها لە وەرزی ڕابردوویش لە یاریگەی كاخا ماخیكا لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا وەكوو پێدرۆ و نیتۆ و مارك كۆكۆرێلا و نیكۆلاس جاكسۆن ئامادە بوو.
یانەی چێڵسی، پێشوەختە ئاگەداری ئەو گەشتەی ئینزۆ بوو بۆ مەدرید، بۆ ئەوەی بە دوور بێ لە كێشە و لێكەوتەی گەشتەكەی، بە تایبەت كە بە هۆی لێدوانێكی پێشتریەوە، هەراوزەنای زۆر لەسەر یاریزانەكە دروست بووبوو، كاتێك خۆشەویستیی خۆی بۆ مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەربڕیبوو.
پێشتر ئینزۆ لە دیمانەیەكیدا لە یوتیوب لەگەڵ ئیڤیراس، وتبووی: پێم خۆشە لە ئیسپانیا بژیم، من سەرسامم بە مەدرید، بۆینس ئایرسم بیر دێنێتەوە، لە مەدرید دەژیم، هەر یاریزانێك دەتوانێ لەو شوێنە و بەو جۆرە بژیت كە دەیەوێ. ئەو لێدوانەی ئینزۆ، هەرای زۆری لێ كەوتەوە، تەنانەت داوا كرا دوو یاری سزا بدرێ. بە هۆی ئەو لێدوانەیەوە.
سەرەڕای ئەوەیش، چێڵسی ئینزۆی بردەوە پێگەی خۆی لە یانەكە و پێدانەوەی نیشانەی كاپتنی، بە هۆی گرنگیی زۆری لەنێو یانە و ئەزموونە زۆرەكە، فێرناندێز بە یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی پێكهاتەی یانەی چێڵسی دادەنرێ، تا ئێستە لەم وەرزە ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە، 13 گۆڵی تۆمار كردووە و 6 گۆڵی دروست كردووە لە 49 یاری، ئەوەیش باشترین ئاستیەتی لەو كاتەوەی لەگەڵ یانەی چێڵسی كاروانە پیشەگەرییەكەی دەست پێ كردووە.
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە مۆندیال، ئینزۆ فێڕناندێز، سەرنجی وردی لەسەر ئەوەیە وەرزەكە بە باشترین شێوە لەگەڵ چێڵسی بە كۆتا بهێنێ، دەكۆشێ سەركردایەتیی چێڵسی بكا لە گەیاندنی بۆ شیاندنی چامپیۆنس لیگ. وێرای سەرنجی لەسەر پیشاندانی ئاستێكی باش لەگەڵ ئەرژەنتین.