وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
(ئان پاتچێت – Ann Patchett)، نووسەری ڕۆمانەکانی (State of Wonder) و (Bel Canto) و کۆمەڵە یادداشت و وتارە نوێیەکەی بە ناوی (This Is the Story of a Happy Marriage)، لەم گفتوگۆیەدا باسی هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ (ئەلیزابێس گیلبێرت – Elizabeth Gilbert) و (دۆنا تارت – Donna Tartt) و نووسینی کورتەچیرۆک و شێوازی نووسینی خۆی و بوونی کتێبخانەیەکی تایبەتی خۆی دەکات.
– حەزت لە چ شتێکی شاری ناشڤێڵە؟ ئەگەر بێتوو سەردانی ئەوێم کرد، لە کوێ نان بخۆم؟
ئان پاتچێت: خۆشترین شت لای من لە ناشڤێڵ، پارەکەکانیەتی. ئێمە ئەم پارەکە سەرسوڕهێنەرانەمان هەن کە لە ساڵانی ١٩٣٠ دروست کراون. لە ناو دارستانەکاندا پێڕۆ و شێنی پیاسەی تایبەتیان هەیە. سەبارەت بە نانیش، بێگومان دەبێت لە ماڵی ئێمە نان بخۆیت.
– ئەوە پێشنیارێکی نایابە، ڕەنگە ڕۆژێک بێم. باسی (سپارکی – Sparky)م بۆ بکە.
ئان پاتچێت: ئەو، ئێستا وا لێرەیە و خەوتووە. ساڵێکە لامانە. لە ١٤ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو لە پەناگەی ئاژەڵان هێنامانەوە، سەگێکی سەرسوڕهێنەرە. ئەو لە کتێبخانەکە کار دەکات. هەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی هەفتەیەک لە (مەیامی – Miami) بووم، دوو لە بەڕێوەبەرانی کتێبخانەکە لە ماڵم مانەوە و هەموو ڕۆژێک دەیانبرد بۆ سەر کار. هەموو مرۆڤ و سەگێکی خۆشدەوێت، هەرگیز بە دەرگادا ڕاناکاتە دەرەوە و مووەکانیشی ناوەرێت.
– جۆر و ڕەگەزەکەی چییە؟
ئان پاتچێت: هیچی لێنازانم! بەڵام (ئانی لامۆت – Annie Lamott) گوتی سەگی سیرکی چیکۆسلۆڤاکییە. شێوەی وەک سەگی سیرکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وایە: سەگێکی بچووکی پڕ موو کە دەتوانیت وا وێنای بکەیت کە لەسەر تۆپێکی سوور خۆی ڕاگرتووە و هاوسەنگ وەستاوە.
– تۆ یەکێکیت لەو چەند نووسەرەی کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردوون و خاوەن کتێبخانەی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆتانن. تۆ لە کتێبخانەیەکی باش، بۆ چی دەگەڕێیت؟ پاشەڕۆژی کتێبخانە سەربەخۆکان چۆن دەبینیت؟
ئان پاتچێت: ڕەنگە من زۆر وردبین نەبم، بەڵام بە لای منەوە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا، هەموو کتێبخانەکان نایابن. بیرم نایەت کە لە ناو کتێبخانەیەکی خراپدا بووبم. پاشەڕۆژی کتێبخانە سەربەخۆکان بەهێزە. ئێمە دەبێت بچووک بین. سەردەمی کتێبخانە زەبەلاحەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام سەردەمی کتێبخانە بچووک و قەشەنگەکان دەستی پێکردووە. دەبینم کڕیارەکانمان، لانیکەم لە ناشڤێڵ، هێندە دڵسۆز و دڵخۆشن بە بوونمان، کە زەحمەتە بڕوا بکەم بەوەی بەشێکم لە پیشەیەک کە باس لەوە دەکرێت خەریکە دەمرێت و لەنێو دەچێت.
– تۆ سەرپەرشتی “باشترین کورتەچیرۆکە ئەمریکییەکانی ٢٠٠٦”ت کردووە. من پڕۆژەیەکم جێبەجێکرد و تێیدا بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، ڕۆژانە کورتەچیرۆکێکم دەخوێندەوە. وادیارە لە سەردەمی سەرهەڵدانەوەی کورتەچیرۆکداین. تۆ لە کورتەچیرۆکدا بۆ چی دەگەڕێیت؟
ئان پاتچێت: دەزانیت، پێم وایە خەڵک ماوەیەکی زۆرە باس لە “سەرهەڵدانەوەی کورتەچیرۆک” دەکەن. پێم وایە ئەوە نایابە، تەنها پێویستە بەردەوام بین. کۆمەڵە چیرۆکێکە نایاب لە بازاڕدا هەن. تەنها شتێکی دیاریکراو نییە لەوەی کورتەچیرۆکێک بێوێنە بکات، بەڵکوو شتی زۆر هەن: کورتەچیرۆک، ئەو ساتە ورد و تایبەتەی کات تۆمار دەکات کە تێیدا شتەکان وەردەچەرخێن. لە ڕۆماندا دەکرێت ئەوە چەندین ساڵ بخایەنێت، بەڵام لە کورتەچیرۆکدا، ئەو ساڵانە لە یەک چرکەسات کۆدەکرێنەوە.
– باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە بۆمان، بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی کە بڕیارە بنووسیت.
ئان پاتچێت: زۆر خۆشحاڵم کە گوتت “ئەو ڕۆژانەی بڕیارە بنووسیت”، چونکە زۆر ڕۆژ هەن کە نانووسم. هەمیشە سپارکی دەبەم بۆ پیاسە، نانی بەیانی بۆ سپارکی و هاوسەرەکەم ئامادە دەکەم. هاوسەرەکەم دەچێت بۆ سەر کار و منیش پێداچوونەوە بە ئیمەیلەکانم دەکەم و شتەکان ڕێک دەخەمەوە. بەزۆری کاتژمێر ٨:٣٠ یان ٩ دادەنیشم بۆ کار. بەپێی ڕۆژەکە دەگۆڕێت؛ ئەگەر خەریکی نووسینی بابەتێکی ناخەیاڵی بم، ڕاستەوخۆ دەست پێ دەکەم، بەڵام ئەگەر خەریکی ڕۆمان بم، هەندێکجار بۆ کاتژمێرێک سەیری پەنجەرەکە دەکەم و قەڵەمەکانی ناو مێزەکەم ڕێک دەخەم پێش ئەوەی یەک ڕستە بنووسم. خەیاڵ بۆ من زۆر قورسترە لە حەقیقەت. نووسین زۆر قورسترە لە پێداچوونەوە. وەک مەلەوانیی (دیانا نیاد – Diana Nyad) وایە لە کوباوە بۆ فلۆریدا؛ پڕە لە بووکی دەریا (Jellyfish) و بڵق، بەڵام دەبێت بەردەوام بیت، وایە؟ لە کۆتاییدا وەک دیانا نیاد کە لە ئاوەکە دێیتە دەرەوە، هەست بە شانازییەکی بێ وێنە دەکەیت. ئەوەش وادەکات هەموو ماندووبوونەکە بێنێت.
– چ خوو یان ڕەفتارێکی جیاوازت هەیە؟
ئان پاتچێت: نەک هەر نیمە، بەڵکو زۆر لەگەڵ خۆم توندوتیژم. ١٥ ساڵ لەمەوپێش یاری (سۆلیتێر – )م لە کۆمپیوتەرەکەم سڕییەوە. کێشەیەکی گەورەم لەگەڵیدا هەبوو. گەیشتبوومە دۆخێک کە دەبوو یارییەک ببەمەوە ئینجا دەست بە نووسین بکەم. کابووس بوو. ئەودەم زۆر ئاگام لەوەبوو کە نەبمە خاوەنی هیچ عادەتێکی دیاریکراو یان باوەڕێکی خورافی. دەمەوێت کەسێک بم بتوانم لە فڕۆکەخانە یان لەناو بانیۆی گەرماودا بنووسم. هیچ تەڵیسمێکم نییە.
– تۆ کتێبێکت بە ناوی (ڕاستی و جوانی – Truth & Beauty) هەیە کە دەربارەی هاوڕێیەکی نووسەرتەوەیە. هاوڕێیەتی ئەو چۆن یارمەتی نووسینی تۆی دا؟
ئان پاتچێت: پێکەنیناوییە، بەڵام من و (لوسی – Lucy) هاوڕێی نووسەر نەبووین. پێداچوونەوەمان بۆ کارەکانی یەکتری نەدەکرد. بەشێکی لەبەر ئەوە بوو کە شتی جیاوازمان دەنووسی، بەشێکیشی چونکە من زۆر زیاتر لەو دەمنووسی و ئەوەش هەمیشە بێزاری دەکرد. ئەو نەیدەویست بزانێت دواتر چی دەنوسم. ئێستا، ئەو کەسەی بۆ وردەکارییەکان بۆی دەگەڕێمەوە (مایلی مالۆی – Maile Malloy)یە. نووسەرێکی نایابە و باشترین سەرنووسەرە کە تا ئێستا کارم لەگەڵ کردبێت. ئەگەر وتارێک بۆ نیویۆرک تایمز بنووسم و پێی بڵێم: تەنها بیست خولەکم لەبەردەستە، ڕاستەوخۆ بۆم چاک دەکاتەوە و زۆر باشتریشی دەکات.
– ساڵی ٢٠١٢، گۆڤاری (تایم – Time) تۆی وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتیی جیهان دەستنیشان کرد. کاردانەوەت چی بوو؟
ئان پاتچێت: تەنها پڕ بە گەرووم پێکەنیم. شانازییەکی زۆر گەورەیە، بەڵام کاتێک پێشتر بۆ هاوڕێکەم (لیز گیلبێرت – Liz Gilbert) هەمان نازناوی پێدرا، پێمگوت: وای خوایا، تۆ بەناوبانگترین کەسی جیهانیت!، کە ئەمە بۆ خۆم هاتە پێشەوە، پەیوەندیم پێوە کرد و گوتم: ئەمانە بە هەڕەمەکی ناوەکان لەناو کڵاوێکدا دەردێنن!، ئەویش گوتی “بەڵێ!”. جاری وایە هەست بەوە ناکەیت زۆر تایبەیت، تەنها تێدەگەیت هەموو شتەکە جۆرێکە لە نمایش! بەڵام ئاهەنگەکە زۆر نایاب بوو.
– چویت بۆ ئاهەنگەکە؟
ئان پاتچێت: ئۆهـ بەڵێ. سەرسوڕهێنەر بوو! (هیلاری کلینتۆن – Hilary Clinton)، (ڕەیهانا – Rihanna)، (تێلدا سویندۆن – Tilda Swindon) و (کلێر دەینس – Claire Danes) لەوێ بوون. ئاهەنگێکی بچووک بوو و دەتتوانی قسە لەگەڵ هەموویان بکەیت.
– هیچ چاوپێکەوتنێکی سەرنجڕاکێشت لەوێ لەگەڵ کەسێکی ناودار هەبوو؟
ئان پاتچێت: پیاوێک هەبوو بە ناوی (ڕافایێل سادیک – Raphael Saadiq). ئەو و ڕیهانا گۆرانییان چڕی. هەردووکیان نایاب بوون. من بێگومان زۆر پیرم بۆ ئەوەی هەواداری ڕیهانا بم، بەردەوام بە هاوسەرەکەمم دەگوت: ئەو کچە زۆر جوانە!، ئەویش دەیگوت: ئەو ٢٣ ساڵیەتو، کارەکەی ئەوەیە جوان بێت!، بەڵام ڕافایێل سادیک وەک پێغەمبەرێک دەهاتە بەرچاو، نمایشەکەی سەرسوڕهێنەر بوو. دواتر قسەم لەگەڵ کرد، زۆر خۆش بوو.
– من چەند ڕۆژێک لەمەوپێش چاوپێکەوتنم لەگەڵ لیز گیلبێرت کرد.
ئان پاتچێت: ئەو و (دۆنا تارت – Donna Tartt) دوو لە باشترین هاوڕێکانمن. زۆر خۆشە سەیری سەرکەوتنی هاوڕێکانت بکەیت.
– چی دەتخاتە پێکەنین؟
ئان پاتچێت: سەگەکەم.
– چی دەتگریێنێت؟
ئان پاتچێت: لە ڕاستیدا من ناگریم.
– ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ دەبێت؟
ئان پاتچێت: یەکسەر دەڵێم لوسی. زۆر خۆش دەبێت بیبینمەوە.
– کەی هەستت کرد وەک نووسەرێک گەیشتوویتە ئامانجی خۆت؟
ئان پاتچێت: ئەو ڕۆژەی کە کۆتا لاپەڕەی یەکەم ڕۆمانمم نووسی. لە تەواوی ژیانی پیشەییمدا، ئەو ڕۆژە بوو.
– تەواوی خێزانەکەم هەواداری تۆن، بەتایبەت هەواداری کتێبی (Bel Canto). دایکم دەپرسێت مۆسیقا چ ڕۆڵێکی لە نووسینەکانتدا هەیە؟ ئایا لە کاتی نووسین گوێ لە ئۆپێرا دەگریت و سەما دەکەیت؟
ئان پاتچێت: نەخێر، لە کاتی نووسین ناتوانم گوێ لە هیچ بگرم. کاتی خوێندنەوەش ناتوانم. تەنها هەندێک سات هەبووە لە کاتی نووسینی (Bel Canto) ئەو پارچە مۆسیقایەم لێدەدا کە لە دیمەنێکی دیاریکراودا باسیم دەکرد. سڵاوم بگەیەنە بە دایکت و بڵێ سوپاس.
– چیرۆکێکی پێکەنیناویمان بۆ بگێڕەوە کە لە کاتی کۆڕی کتێبەکانتدا بۆت هاتووەتە پێش.
ئان پاتچێت: ئۆهـ. ژنێک لە واشنتۆن هاتە لام و داوای کات و شوێنی لەدایکبوونی لێکردم، چونکە فەلەکناس بوو و دەیویست نەخشەی ئەستێرەکانم بۆ بکێشێت. نەمدەزانی کەی لەدایکبووم، بەڵام گوتم بۆت دەنێرم. لەگەڵی بوومە هاوڕێ. دواتر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هاوڕێیەکم بناسێت و لە کۆتاییدا هاوسەرگیری بکەن. هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەگەر وەک مرۆڤێکی ئاسایی بمگوتبایە: نەخێر ئیمەیلەکەت نادەمێ!، ئەوا هاوڕێکەم هەرگیز ئەوی نەدەناسی!
– لەسەر خۆت شتێکمان پێ بڵێ کە زۆر کەس نایزانێت و جێی سەرسوڕمانە.
ئان پاتچێت: لیز گیلبێرت چی گوت؟ گوتی کە لە قەوزەی دەریا دەترسێم؟!
– ئەو زۆر باش دەبوو بەڵام نەیگوت. ئەو گوتی خەڵک سەرسام دەبن کە مێدیتەیشن ناکات.
ئان پاتچێت: باشە، کەواتە هی من ئەمەیە: من مێدیتەیشن دەکەم.
– چی ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرە گەنج و تازەدەستپێکردووەکان هەیە؟
ئان پاتچێت: بخوێنەرەوە. هەرچی دەستت دەکەوێت بیخوێنەرەوە. بە ژیری بیخوێنەرەوە. هەوڵ بدە تێبگەیت چۆن نووسەرەکە وای لێ کردوویت ئەو هەستەت هەبێت. هەر کەسێک نەخوێنێتەوە، مافی نووسینی نییە.
– حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
ئان پاتچێت: ئەمە پرسیارێکی جێی بایەخە، چونکە من دەمەوێت جەستەم ببەخشم بە زانست. ئامانجم ئەوەیە جەستەم ببەخشمە (کێڵگەی تەرمەکان – Body Farm) لە ڕۆژهەڵاتی تێنیسی. ئەوێ دەناسیت؟
– بەڵێ، ئەو شوێنەی تەرمەکانی لێ دادەنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی شیبوونەوەیان.
ئان پاتچێت: بەڵێ. هاوسەرەکەم دکتۆرە، هەرگیز پێم ناڵێت شتێک مەکە، بەڵام بۆ ئەمە دەڵێت: نەخێر.. ناتوانیت ببیتە تەرمی تاقیگە، بەڵام هاوسەرەکەم ١٦ ساڵ لە من گەورەترە.. بۆیە پلانم نییە کێلی قەبرم هەبێت، پلانم ئەوەیە بە بێدەنگی لە کێڵگەیەکدا شی ببمەوە.
– یان دەتوانیت کێلێکی قەبرت هەبێت کە لەسەری نووسراوە: “ئان پاتچێت لێرە نییە”؟
ئان پاتچێت: ڕێک وایە. با لەسەری بنووسرێت: “بڕوانە کێڵگەی تەرمەکان”.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت کراوەتەوە.

