وازهێنانی چاڤی بووه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی كارگێڕیی به‌رشلۆنه

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

به‌شێكی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، داوای هه‌رچی زووه‌ دوورخستنه‌وه‌ی چاڤی هێرناندێزی راهێنه‌ری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، كه‌ خۆی پێشتر بڕیاری دابوو، له‌ كۆتایی وه‌رزدا ڕیزه‌كانی یانه‌كه‌ی جێ بهێڵێ.

دوای یه‌كسانبوونی به‌رشلۆنه‌ له‌گه‌ڵ گرانادا 3-3 گۆڵ له‌ گه‌ڕی 24ی لا لیگا و به‌پێی زانیارییه‌كانی ڕادیۆی ماركای ئیسپانی، خوان لاپۆرتا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌ كرد و چاره‌نووسی چاڤی، بابه‌تی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرژییه‌كی زۆر دروست بووه‌ وچه‌ندان ئه‌ندامی كارگێڕیی یانه‌كه‌، داوایان كردووه‌ لاپۆرتا به‌په‌له‌ بڕیارێك بدات و چاڤی له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی دوور بخاته‌وه‌.
ئاشكرا كراوه‌، كه‌ دوای ئه‌وه‌، چاڤی چووه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ لاپۆرتادا قسه‌ی كردووه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رنامه‌ی چێرنجیتۆی ئیسپانی، تا ئێسته‌ بڕیار وایه‌ چاڤی تا یارییه‌كه‌ی سێلتا فیگۆش به‌رده‌وام بێ، كه‌ شه‌ممه‌ی دادێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، دوای ئه‌وه‌، هیچ گره‌نتییه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی نییه‌.

ھەواڵی زیاتر