رۆژنامەی ھەولێر

لە ھەولێر گەورەترین و نوێترین نەخۆشخانەی تەندروستیی دەروونی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت

کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی “نەخۆشخانەی نیشتمانیی تەندروستیی دەروونی” لە شاری هەولێر بەچڕی بەردەوامە و لە ئێستادا 75%ی کارەکانی تەواو بووە. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، دەبێتە گەورەترین و مۆدێرنترین نەخۆشخانەی تایبەت بە تەندروستیی دەروونی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

نەخۆشخانەکە بە توانای لەخۆگرتنی 200 تەخت و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار و 500 مەتر دووجا، بەپێی نوێترین ستانداردی نێودەوڵەتی دروست دەکرێت، کە تەواو ڕەچاوی تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی نەخۆشانی دەروونی دەکات. هەروەها بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام و گونجاو بۆ چارەسەروەرگرتن، ڕێژەی 30%ی ڕووبەری پرۆژەکە بۆ سەوزایی تەرخان کراوە.

پرۆژەکە لە 6 باڵەخانەی دوونهۆمی پێک دێت و ئەم بەشە سەرەکییانە لەخۆ دەگرێت:
* بەشەکانی چارەسەر و مانەوە: نۆڕینگەی ڕاوێژکاری، بەشی مانەوەی نەخۆشانی ژنان و پیاوان، بەشی نەخۆشییە توندەکان، بەشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و بەشی دابڕینی نەخۆش.
* بەشە پزیشکی و زانستییەکان: تاقیگە، تیشک، هۆڵی خوێندنی قوتابییانی پزیشکی و هۆڵی کۆبوونەوە.
* کارگێڕی و خزمەتگوزاری: بەشی بەڕێوەبردن، چێشتخانە، شوشتنگە و کۆگا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری