رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی فەلەستین دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 11/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز نزار ئەلئەخرەس، کونسوڵی گشتیی نوێی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.

کونسوڵی گشتیی فەلەستین، سڵاو و ڕێزی مەحموود عەبباس-ی سەرۆکی فەلەستینی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەلەستین کردەوە و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی هەرێمی کوردستانی لە گەلی فەلەستین کرد.