. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندی فراکسیۆنی سۆیانا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار کەلدۆ رەمزی و ئەندامییەتی پەرلەمانتاران سامی ئۆشانە و عیماد یۆخەننا
لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانگاری و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی پێکهاتەکان و بە تایبەتی پێکهاتەی کریستیان ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە گرنگیی پاراستنی مافەکانییان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا کرا.
سەرۆکوەزیران، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کریستیانەکان دووپات کردەوە و جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی حکوومەت بە پشتگیریکردنی مافە دەستوورییەکانی کریستیانەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا لە پێناو پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق.

