دلاوەر شێخ محەمەد
لە ڕێوڕەسمێکی شکۆمەنددا لە هەولێر، ڕێکخراوی ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوکاری، هاوکاری و دیاریی بەسەر خێزانە خاوەن ئۆتیزمەکان، کەمداهاتان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێردا دابەش کرد.
لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بۆ خزمەتکردنی توێژە پێویستەکان و بەدیهێنانی هاوسەنگی و پشتگیریی کۆمەڵایەتی، دوێنێ شەممە، ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١:٠٠ـی دوای نیوەڕۆ، لە هۆڵی کتێبخانەی زەیتوونە، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمانی شاری هەولێر، ڕێکخراوی (ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوکاری) ڕێوڕەسمێکی گەورە و فراوانی ساز کرد.
ئەم چالاکییە مرۆییە لە ژێر چاودێریی (دکتۆر سەڵاح ئەنوەر)، ڕاوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوە چوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حوکمی، کەسایەتییەکان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خانەوادەی منداڵانی ئۆتیزم ئامادە بوون.
گرنگیدان بە خێزانە کەمداهاتەکان و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر و لەنێویاندا خانەوادەکەنی ئۆتیزم.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکی و گرنگەکانی ئەم چالاکییەی ڕێکخراوی ئامێز، تیشکخستنە سەر ئەو بارودۆخە سەختە بوو، کە ڕووبەڕووی بەشێک لە خێزانەکان بووەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا، ڕێکخراوەکە بە هانای کۆمەڵێک خێزانی کەمداهاتەوە چوو، کە خاوەنی منداڵی ئۆتیزم بوون و بە شێوەیەکی تایبەت ئاوڕی لەو خێزانە خاوەنئۆتیزمانە دایەوە، کە لە ئەنجامی لافاوەکەی ئەم دواییەی شاری هەولێر، زیانی ماددیی گەورەیان بەر کەوتبوو و ماڵ و حاڵیان تووشی زیان هاتبوون.
دابەشکردنی ئەم هاوکاریانە لەم کاتەدا، وەک دەستپێشخەرییەکی مرۆیی گەورە هەژمار کرا بۆ سووککردنی ئەو بارگرانییە دارایی و دەروونییە قورسەی، کە بەهۆی کارەساتە سروشتییەکان و پێداویستییە تایبەتەکانی منداڵەکانیانەوە رووبەڕوویان بووبووەوە.
ڕۆڵی ڕێکخراوی ئامێز و تیشکخستنە سەر پێداویستییەکانی منداڵانی ئۆتیزم
ڕێکخراوی (ئامێزی ئۆتیزم بۆ هۆشیاری و هاوکاری) لە ماوەی کارکردنیدا هەمیشە هەوڵی داوە پردی پەیوەندی بێت لەنێوان توێژی پێویست و کۆمەڵگەدا.
لەم چالاکییەدا، جگە دابەشکردنی دیاری و یارمەتیی ماددی، جەخت لەسەر لایەنی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە کرایەوە سەبارەت بە سروشتی ژیانی منداڵانی ئۆتیزم.
وتارە پێشکەشکراوەکان لەلایەن سەرپەرشتیاران و کەسایەتییە ئامادەبووەکانەوە جەختیان لەوە کردەوە کە منداڵانی ئۆتیزم پێویستییان بە خزمەتگوزاریی تایبەت و ژینگەیەکی لەبار و پشتیوانیی بەردەوام هەیە و ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە کە دەستی هاوکاری بۆ ئەم خێزانە تێکۆشەرانە درێژ بکەن، کە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی منداڵە خاوەنپێداویستییە تایبەتییەکاندان.
لە کۆتاییەکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ئامادەبووان و خێزانە سوودمەندەکان پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی ڕێکخراوی ئامێز و سەرپەرشتیارانی ئەم کارە خێرخوازییە کرد، هەروەها دەستخۆشییان لەو پشتگیرییە بەردەوامەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد، که بە بەشداری و چاودێریی ڕێزدار دکتۆر سەڵاح ئەنوەر بەدی هات.
سەرۆکی ڕێکخراوەکە، مامۆستا تەزرە بۆتانی ھەر خۆیشی خاوەنی منداڵێکی ئۆتیزمە، بۆ ھەمیشە چالاکییەکانی بە خۆبەخشی دەکات، لە پێناو منداڵانی ئۆتیزم و ئەم جۆرە چالاکییە هاوبەشانە وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی گیانی هاوسۆزیی نیشتمانی و مرۆیی لە شاری هەولێر و سەرانسەری هەرێمی کوردستان وەسف دەکرێن.
خانەوادەکانی ئۆتیزم داوایان کرد، ئەم هەڵمەتە مرۆییانە بەردەوام بێت، تاوەکو زۆرترین خێزان سوودمەند بن.

