رۆژنامەی ھەولێر

ژیان شایەنی ژیانکردنە؟

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

(شامشیر باکاف – Shamsheer Bakaf)ی تەمەن ٢٧ ساڵ کە پزیشک و زانای بواری تەندرووستیی جیهانییە لە وڵاتی پاکستان، پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «کامە کتێبگەل لە ڕووی فەلسەفییەوە دەتوانن پێم بڵێن و تێمبگەیێنن کە چ شتێک ژیان بەهادار دەکات و یا ژیان شایەنی ژیانکردن دەکات؟!»

(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (جولیان بەگینی – Julian Baggini)ی نووسەر و فەیلەسووف کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەی (شامشیر) بداتەوە کە وەڵامەکە بەم شێوەیەیە:

جێگەی سەرسووڕمانە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەم لە فەیلەسووفە گەورەکانی دونیا وەڵای ئەم پرسیارەیان داوەتەوە. لە بەرامبەردا، سەرەنجیان خستووەتە سەر پرسیارێکی جیاوازی زیرەکانە ئەویش بریتییە لەوەی: «واتای دروستی ژیانکردن چییە؟»
ئەرەستۆ لە کتێبی (ئەخلاقی نیکۆماخووس – Nicomachean Ethics) دەڵێ: «پێویستە ئەو تایبەتمەندییە کەسیەتییە لە خۆماندا پەروەردە بکەین کە بە هۆیەوە پشتئەستووری و خاڵی وەستان و خۆدۆزینەوەی دروست لە نێوان دوو لووتکەی توندوتیژی مەترسیداری کەسیەتی دەخاتە بەردەممان». بۆ نموونە بەخشندەیی لە نێوان دوو لووتکەی ڕەزیلی و دەستبڵاویدایە، ئازایەتیش لە نێوان ترسنۆکی و بوێریدایە. لەگەڵ ئەمانەشدا دەتوانین تێڕوانینی هاوشێوە لە کتێبە کلاسیکە چینییەکان بخوێنینەوە وەک کتێبەکەی (بژاردە – Analects)ی (کۆنفوسیوس – Confucius) و کتێبەکەی (منکیوس – Mencius).

سەرەڕای ئەوەش لە ڕۆژئاوا، زاڵبوونی هەزارساڵەی مەسیحییەت، گریمانەیەکی فۆرموولە و دروست کرد لەسەر بنەمای ئەوەی ژیان پێویستی بە گۆڕانکاریگەلی سەرووی خۆی و دەرەکی هەیە. بە کاڵبوونەوەی باوەڕە ئایینییەکان، پرسیاری «ئایا ژیان بەهای ژیانی هەیە یا نا» بووە یەکێک لە دیارترین و گرنگترین خەمەکانی ئێگزیستانسیالیستە فەڕەنسییەکانی سەدەی بیستەم. پووختەی وەڵامەکەشیان زۆر دڵخۆشکەرانە نەبوو: «ژیان پووچە، بۆیە تەنها دەکرێت لەگەڵی بکەویت و مانای خۆتی تێدا دروست بکەیت و بیدۆزیتەوە».
ئەگەر ئامادی ئەم چاڵێنجەن، (ئێگزیستانسیالیزم و هیومانیزم – Existentialism and Humanism)ی (ژان پۆل سارتەر – Jean-Paul Sartre) و (ئەفسانەی سیزیف – The Myth of Sisyphus)ی (ئەلبێر کامۆ – Albert Camu) بخوێننەوە، چونکە باس لەم بابەتە دەکەن و سوودمەندن بۆ تۆ.
لەم دواییانەدا، فەیلەسوفە ئینگلیزیی زمانەکان، لە ڕێگەی پێکەوەبەستنی پارچە جیاوازەکانی کولتوورەکەیان، کە پێشتر لێکجیابوون، گەیشتنە وەڵامێکی ئەرێنیتر. دوو نموونە و کتێبی باشی ئەم بوارە ئەم دوو کتێبەن: (ژیانی ئەزموونکردوو – The Examined Life)ی (ڕۆبێرت نۆزیک – Robert Nozick) و (۱۰ پرسیاری باش لەبارەی ژیان و مەرگ – 10Good Questions About Life and Death) لە نووسینی (کریستۆفەر بێلشاو – Christopher Belshaw)

ئەگەر ئەم چەند کتێبەش سوودیان نەبوو، کتێبەکەی من هەیە دەتوانیت بیخوێنیتەوە ئەویش: (دۆخەکە چ باسە؟ – ?What’s It All About). کتێبێک کە دەیهەوێت نیشانت بدات فەلسەفە هێندە وەڵامی پرسیارە گەورەکان ناداتەوە، بەڵکو ئێمە لەگەڵ ئەو سەرچاوانە کۆدەکاتەوە کە بە بەکارهێنانیان دەتوانین خۆمان بگەینە وەڵامێکی گونجاو.

سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2018/jun/23/book-clinic-which-books-best-explain-why-life-worth-living-camus-sartre-aristotle