رۆژنامەی ھەولێر

لە تــــــــــــــــــــــــــــــــابلۆکانی (کەژاڵ پەناهی)دا

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

(کەژاڵ پەناهی) خانمە هونەرمەندی ڕۆژهاڵاتی کوردستان، تەنیا لە پیشانگەیەکی هاوبەشدا نەبێ، لە سلێمانی کراوەتەوە، دەنا لەلای ئێمە، بینەرانی باشوور، ناسراو نییە و یەکەم جارە بە بەرهەمەکانی ئاشنا ببین. بەڵام دەکرێ ئەو پیشانگە تایبەتەی کە لە سەرەتای مانگی یازدەی ٢٠٢٦ لە هۆڵی میدیا، لە هەولێر کردییەوە، بە سەرەتای یەکتر ناسین دابنێین.

بەش بە حاڵی خۆم، پاش گەشتەکەم لەناو پیشانگەکەدا و بینین و چێژوەرگرتن لە تابلۆکانی و وردبوونەوە لە ستایلی کارکردن و ڕەنگ و ئەو بابەتانەی ئەم خانمە هونەرمەندە ویستوویەتی بیانکاتە چیرۆکی نێوان خۆی و بینەر، چەندین پرسیارم لەلا وروژا:
* ئەم تابلۆیانە بە چ ستایلێک کێشراون و دەچنەوە سەر کام قوتابخانەی هونەری، یان کەژاڵ تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت درکی بکەین؟
* هونەرمەند سەرەتا بە فڵچەی دەم پان باکگراوندەکەی داڕشتووە کە بریتییە لە جووڵەی خێرا و بە ئاراستەی جیا جیا و شڵەژاو، پاشان فیگەرەکانی دیکەی کێشاوە کە هەموویان ژنن و بە هێڵ یان ڕەنگ و جووڵەی فڵچەی ئارام و کپ پۆرترێتی ژنانی کێشاوە و تا ڕادەیەکی زۆر لە ستیل لایڤ نزیک بوونەتەوە. بەم دژبەرییە لە نێوان باکگراوند و فیگۆرەکان، کەژاڵ دەیەوێ چیمان پێ بڵێت، یان ڕاستتر بێژم، ژنەکان دەیانەوێ چیمان بۆ باس بکەن؟
* بۆچی هونەرمەند ڕەنگەکان زۆر بە تەنکی بەکار دەهێنێت، وەک ئەوەی خڵتەی ڕەنگەکان بێ؟
* بۆچی هەموو ژنەکان بێ ڕوخسارن؟ نەناسراون؟
* بۆچی هونەرمەند، باکگراوندەکانی تا ڕادەی ئەپستراکت کێشاوە کەچی ژنەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی تەواو لە ڕووی ئەنەتۆمی (شیکاری جەستەیی)ەوە کێشاوە و هیچ دەستکاری ڕێژەی پارچەکانی جەستەی نەکردووە، نە بە گەورە کردن یان بچووک کردنەوە یان تێکشکاندن؟

ئەم نووسینەوەم هەوڵێکە بۆ وەڵامی پرسیارەکان.
کەژاڵ، ڕێژەییانە بە ستایلی ڕیالیتیک – دەربڕینخوازانە وێنە دەکێشێت، کە تێیدا لایەنی فیگۆراتیڤ ( کێشانی مرۆڤ، ئاژەڵ، یان هەر تەنێکی ڕاستەقینە و ناسراوی نێو کەتوار) تێکەڵ بە ڕەهەندێکی هاوچەرخ و نائاسایی دەکات. ئەم فیگۆرانە لە ڕووی ناوەرۆک و شێوازی دەربڕینەوە، هەندێک جار ڕوواڵەتانە دەچێتە ناو خانەی سیمبۆلیک.
لە ڕووی هونەریی جیهانییەوە، ئەم کارانە بە جیاوازی پرسی ئەنەتۆمییەوە، لە ستایلی هونەرمەند (ئالبێرۆ جاکۆمێتی – Alberto Giacometti) بە تایبەتی کە مرۆڤە تەنیاکان، چەقی تابلۆن. لە رووی لێڵکردن و تەنککردنەوەی ڕەنگەکان و سڕینەوەی ڕووخسار و کات و شوێن، نزیک دەبنەوە لە بەرهەمەکانی (فرانسیس بیکن – Francis Bacon) و (ئیدگار دێگا – Edgar Degas) لە قۆناغە ناتەواوەکانیدا .
لە ناوەڕۆک و خەسڵەتی تەنیایی و گۆشەگیریی فیگۆرەکانیشدا، ڕەنگدانەوەی ستایلی شێوەکارە هاوچەرخەکان پیشان دەدەن کە جەخت لەسەر باری دەروونیی قووڵ دەکەنەوە.
*ئەو جیاوازییە توندەی کە لە نێوان جووڵەی خێرا و پڕ لە ڕەنگی باکگراوند و ئارامیی کپکراوی فیگۆری ژنەکان دەبینرێت، هەڵگری چەند واتایەکی قووڵی دەروونی و هونەرییە:
* ململانێی ناوەکی و ژینگەی دەروونی: باکگراوندە پڕ لە شلەژان و شوێن فڵچە خێراکان، هێمایەکی بینراوە بۆ ئەو پشێوی، ژاوەژاو و گێژاوە دەرەکییەی کە کۆمەڵگە بەسەر ژنەکاندا سەپاندوویەتی. لە بەرامبەردا، ئارامی و کپیی ژنەکان بە داخەوە، نیشانەی ماندووبوون، یان بێهێزیی دەروونییە لە بەرامبەر ئەو فشارە دەرەکییانەدا کە لە زوربەی تابلۆکاندا ڕەنگ و ئاسەواری باکگراوندەکان دێن و جەستەی ژنەکان دەبڕن و لێیانەوە تێدەپەڕن یان تێکەڵیان دەبن. بەڵام هاوکات زمانی جەستەی ژنەکان بە پێچەوانەوە پێمان دەڵێن، ئەو فشارانە پشت گوێ دەخەم و فەرامۆشم کردوون.
* سڕینەوەی کات و شوێن( نە دەزانرێت کات کەیە، نە شوێن کوێیە)، باکگراوند وەک جیهانێکی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاری و جووڵە دەبینرێن بێ ئەوەی کات و شوێن تێیدا دیار بن، لە کاتێکدا فیگۆرەکان لە دۆخێکی نەگۆڕ و ستیل لایڤ (Still Life) یان سڕبووندا هێڵراونەتەوە، ئەمەش هەستی گۆشەگیری و دابڕان لە کۆمەڵگە یان فەرامۆش کردنی، زیاتر دەردەخات.
* بەکارهێنانی ڕەنگ بە شێوەیەکی زۆر تەنک و شل (وەک خڵتە یان لێڵییەکی کاڵکراوە) بژاردەیەکی تەکنیکی و مەبەستدارە، هەستی کات و کاڵبوونەوەی بیرەوەری، ڕەنگی تەنک و بەتایبەت ئەو شێوازەی کە توێخێکی تەنک لە ڕەنگ دەهێڵێتەوە، وای لێدەکات تابلۆکە وەکو لاپەڕەیەکی کۆن، کاغەزێکی دڕاو، یان بیرەوەرییەکی کاڵبووەوە دەركەوێت.
* شەفافییەت و ڕووت بوونەوەی دەروونی: تەنک کردنی ڕەنگەکان وای کردووە چینەکانی پێشووی تابلۆکە یان شوێنەواری فڵچەکان دیار بمێنن، ئەمەش قووڵایی بە کارەکە دەبەخشێت و نیشانەی ئەوەیە کە هیچ شتێک بۆ پەردەپۆشکردن نییە، ژنەکان و ژینگەکەیان لە ڕووبەر و پەڵەی ڕەنگیندا کپ دانراون.
* نەبوونی وردەکاریی ڕوخسار و بەستنەوەی ناسنامەی ژنەکان بە تارمایی یان شێوەیەکی گشتییەوە، هەڵگری چەند دیمەنێکی فەلسەفییە، چونکە گشتاندن و نەبوونی کەسێتیی دیاریکراو، هونەرمەند نایەوێت باسی کەسێکی تایبەت بکات، بەڵکو دەیەوێت “ژن” وەک سیمبۆلێکی گشتگیر بۆ ئازار، چاوەڕوانی، تەنیایی و قوربانیدان لە مێژوو و کۆمەڵگەدا پیشان بدات. بێ ڕوخسارییەکە وای لێدەکات هەر بینەرێک، هەر ژنێک بتوانێت چیرۆکی خۆی، دایکی یان خوشکی لەو فیگۆرانەدا ببینێتەوە.
کەژاڵ بە ون کردنی ناسنامە لە پێناو مانای گشتگیردا، ڕوخسار دەسڕێتەوە، مرۆڤ دەبێتە بەشێک لەو فەزا و کێشە گەورەیەی کە تێیدا دەژی، واتە ناسنامەی تاکەکەسی دەتوێنێتەوە لە ناو قورسایی بارودۆخ و کێشە و فشاری دەوروبەرەکەیدا.
ئەم دژبەرییە هونەرییەی نێوان “باکگراوندە ئەبستراکت و ئازادەکان” و “فیگۆرە ئەکادیمییە ڕێک و هێمنەکان” یەکێکە لە گرنگترین خەسڵەتە قووڵەکانی بەرهەمەکانی کەژاڵ پەناهی و چەندین واتای فەلسەفی و دەروونی لەپشتە:
١- جیاکردنەوەی ڕێژەیی جیهانی دەرەکی (ئاڵۆز) لە جیهانی ناوەکی (جێگیر)
* باکگراوندە ئەبستراکتەکە: هێمایە بۆ ژینگە، کۆمەڵگە، یان ئەو گێژاو و فشارە خێرایەی کە لە دەوری ژنەکەدا هەیە؛ جیهانێک کە پڕە لە گۆڕانکاری، پشێوی، و نادیاری.
* فیگۆرە ئەکادیمییەکە: بە پێچەوانەوە، پاراستنی ڕێژەی ئەنەتۆمی و دروستیی جەستەی ژنەکە نیشانەی ڕیالیتی و جەستەی ڕاستینەی ژنە لە ناو ئەم ژینگەیەدا. هونەرمەند نایەوێت جەستەی ژنەکە بشوێنێت، چونکە دەیەوێت جەخت لەسەر بوونی فیزیکی، قورسایی، و ئازاری ڕاستەقینەی ئەم مرۆڤە بکاتەوە کە بێدەنگ لەو فەزا ئاڵۆزەدایە.
٢- بەهێزکردنی کاریگەریی کۆنتراست و کێشمەکێش:
* کاتێک فیگۆرێک بە شێوەیەکی سروشتی و ڕێک (ئەکادیمی) لە ناو باکگراوندێکی شڵەژاو، شل و ئەبستراکتدا جێگیر دەبێت، گرژیی و دژبەریی بینراو لە تابلۆکەدا، بەهێزتر دەبێت.
* ئەمە وای لێدەکات بینەر هەست بە جۆرێک لە «نامۆبوون» بکات. واتە فیگۆرەکان لەگەڵ ژینگەکەی دەوروبەریاندا یەکناگرنەوە، بەڵکو وەک بوونەوەرێکی بیانی یان گۆشەگیر دەردەکەون کە لە ناو جیهانێکی پڕ لە پشێویدا فڕێ دراون بێ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر باکگراوندەکەدا هەبێت. لەوەش زیاتر لە کۆی تابلۆکاندا، جەو جێیەی کە فیگۆر و باکگراوند تێکەڵ دەبن، جێ فڵچەی باکگراوندەکە فیگۆرەکە دەبڕێت، یان لەناو جەستەی ژنەکەدا جێیەک بۆ خۆی داگیر دەکات.
٣- پاراستنی کەرامەت و سیمبۆلیزەکردنی جەستە
* پاراستنی ئەنەتۆمیی جەستە بە بێ تێکشکاندن یان گەورەکردن و بچووک کردنەوەی نائاسایی، جۆرێکە لە ڕێزلێنان لە کەرامەتی جەستە. جەستەی ژنەکە لێرەدا دەبێتە قەڵایەکی هێمن و لە هەمان کاتدا ماندوو، ئەگەرچی دەوروبەری پڕە لە شلەژان، بەڵام جەستەکە خۆی نەشکاندووە و وەک خۆی، بە قورسایی و هێمنی خۆیەوە، مۆڵی خواردووە یان دانیشتووە.
**
بۆ قووڵبوونەوەی زیاتر و هەمەلایەنەتر لە کۆی ڕەهەندەکانی تابلۆکانی کەژاڵ، پێویستە لە سنووری تەکنیک و وەسفی سەرەتایی دەرباز بین و چەند ئاستێکی دیکەی فەلسەفی، سایکۆلۆجی، فێمینیستی و کولتووری بخەینە ڕوو. ئەم تابلۆیانە تەنها پۆرتریتی چەند ژنێک نین، بەڵکو نەخشەی دەروونی و مێژوویی کۆمەڵگەیەکەن لە دۆخی قەیران و گۆڕاندا.

١- ڕەهەندی دەروونی و سایکۆلۆجی: (دۆخی سڕبوون)
کاتێک سەیری فیگۆرەکان دەکەین، دەبینین جەستەکان لە دۆخێکی پشوو یان کشانەوەدان، بەڵام بێ ڕوخسار و بێ جووڵەییان دۆخێکی دەروونی دەردەخات کە لە سایکۆلۆجیادا پێی دەوترێت (دابڕانی دەروونی)، واتە کاتێک فشار و شڵەژانی دەوروبەر (باکگراوندە توند و خێراکە) لە توانای بەرگەگرتنی مێشک تێپەڕ دەکات، مرۆڤ پەنا دەباتە بەر سڕبوون و دابڕان بۆ ئەوەی لە ئازارەکە ڕزگاری بێت. ئەوان لەو فەزایەدا ئامادەن، بەڵام ڕۆح و هۆشیان لە شوێنێکی ترە یان بە تەواوی کوژاونەتەوە.
٢- ڕەهەندی مێژوویی و کۆمەڵایەتی: (جەستەی بێدەنگ لەبەردەم گۆڕانی خێرادا)
ئەو دژبەرییە توندەی کە لە نێوان باکگراوندی شڵەژاو (کە هێمایە بۆ مێژووی پڕ لە فشار، گۆڕانی خێرا و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان) و جەستە ئەکادیمی و چەسپیوەکانی ژن دەبینرێت، گوزارشتە لە ڕۆڵی ژن لە مێژوودا:
* ژن وەک تەوەرە یان چەقی جێگیر لە ناو گێژاوی مێژوودا دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا دەوروبەر و دەسەڵات و کۆمەڵگە بەردەوام لە گۆڕان و پشێوی و پێکداداندان.
* بێدەنگی و نەبوونی دەنگ لە ڕوخساری ئەم ژنانەدا، نیشانەی ئەو حوکمە مێژووییەیە کە کۆمەڵگە بەسەر ژندا سەپاندوویەتی، کە دەبێت بوونی فیزیکی هەبێت، قورسایی هەبێت، کار بكات یان بار هەڵبگرێت، بەڵام مافی دەربڕین و دەنگ و ناسنامەی تاکەکەسیی خۆی نەبێت.
٣- ڕەهەندی فەلسەفی: (مشتومڕی بوونگەرایی)
لە گۆشەنگای فەلسەفەی بوونگەراییەوە، ئەم تابلۆیانە باسی (نامۆبوونی مرۆڤ) دەکەن. فیگۆرەکان بە ڕەنگ و تۆنی کاڵ یان تاریک لە ناو فەزاکەدا جێگیر کراون، بێ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ژنەکە و باکگراوندەکەیدا هەبێت. ئەوان لەوێدا “فڕێ دراون” یان تەریک کراون، یان جێهێڵراون، وەک بوونەوەرێک کە لە جیهانێکی نامۆ و پڕ لە پشێویدا ڕووبەڕووی تەنیاییەکی ڕه‌های خۆی بووەتەوە. نەبوونی چاو و ڕوخسار واتە نەبوونی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان مرۆڤ و جیهانی دەرەوەیدا. گەرچی ئێمە، یان جیهان سەیری ئەوان دەکات، بەڵام ئەوان توانای بینین و گۆڕینی جیهانیان نییە یان لە پشت ئەو بێ ڕووخسارییەوە تەماشامان دەکەن بەڵام ئێمە نایبینین.
٤- ڕەهەندی تەکنیکی و مەدلوولی ڕەنگەکان: (فەلسەفەی کاڵبوونەوە و قووڵایی)
بەکارهێنانی ڕەنگە تەنکەکان و ئەو چینە شلانەی کە وەک خڵتە و پەڵتە دێنە بەر چاو، تەنها هونەرکاریی نییە، بەڵکو زمانی کاتە. کاتێک ڕەنگ بەو شێوەیە تەنک دەکرێتەوە:
* وای لێدەکات تابلۆکە وەکو شوێنەوارێکی دێرین دەركەوێت کە لەسەر دیواری ئەشکەوتێک یان خانووێکی ڕووخاو هەڵکۆڵرابێت؛ ئەمەش قووڵایی مێژوویی بە پەیامەکە دەبەخشێت.
* نیشانەی داڕزان و تیاچوونی هێدی هێدییە، وەک ئەوەی ئەم ژنانە لە ناو کاتدا دەتوێنەوە، یان خەریکە وەک یادەوەرییەکی کاڵبووەوە لە هۆشی کۆمەڵگەدا رۆچن.
٥- ڕەهەندی فێمینیستی و سیمبۆلیزەکردنی جەستە
لە تێڕوانینی فێمینیستیدا بۆ هونەر، جەستەی ژن هەمیشە لە مێژووی هونەردا کراوە بە کەرەستەیەک بۆ چێژی پیاوانە، بەڵام لەم تابلۆیانەدا، هونەرمەند ئەم یاسایە دەشکێنێت:
* جەستەی ژنەکان، سەرەڕای ئەوەی بە ڕێکی (ئەکادیمی) کێشراون، بەڵام سەرنجڕاکێش و ورووژێنەر نین، بەڵکو ماندوو، داپۆشراو، قورس و پڕ لە دژواری دەروونییە.
* بە بێ ڕوخسارکردنیان، هونەرمەند ڕێگری لەوە دەکات کە بینەر سەیری جەستەی ژنەکە بکات وەک “کاڵایەک بۆ چێژ”، بەڵکو ناچاری دەکات کە سەیری “ئازار و خەم”یان بکات کە لە ناو ئەو جەستەیەدا هەڵیانگرتووە و تەنیا بە ڕەنگە ژەنگرتووەکان گوزارشتی لێ دەکەن.