رۆژنامەی ھەولێر

خستنەڕووی کارنامە، چالاکی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاژانسی (KOICA) بەرێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026.10.26، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، و ئوون گیو شیم، کونسوڵی کۆریای باشوور لە هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسان، دیدارێکی تایبەت لەلایەن ئاژانسی کۆریا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (KOICA) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە خستنەڕووی کارنامە، چالاکی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاژانسەکە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی2026.

تێیدا، تیشک خرایە سەر پڕۆژەکانی بوارەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، پەروەردە، تەندروستی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری ئاژانسەكە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2026 و نوێنەرانی ئاژانسی کۆیکا پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامیدان بە هاوکاری و دۆستایەتی مێژوویی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسەكەیان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکی و گرنگی ئەوانە لە ناوچەکەدا.

لەوچوارچێوەیەشدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی دیدارەکە و کاربەدەستانی ئاژانسی کۆیکا، سوپاسی حکومەت و گەلی کۆریای باشووری کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان.