ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026.10.26، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیقامی ناوەندی، بە مەبەستی پیرۆزبایی و پشتگیری بۆ دەستبەکاربوونیان، سەردانی بارەگای سەندیکای ئەندازیارانی کوردستانی کرد و لەلایەن نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی دەستەی کارگێڕی و سەرۆک و ئەندامانی دیکەی لقی هەولێری سەندیکاوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگار، بەڕێوەبەری کاوباری ناوخۆی پارێزگا، بەڕێوەبەرانی ئەندازە، پلاندانان، گرێبەستە گشتیەکانی پارێزگا ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی ئاراستەی نەقیب، سەرۆک بەشەکان و ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی سەندیکا و لقی هەولێر کرد بۆ ئەو متمانەیەی لەلایەن هاوپیشەکانیانەوە پێیان بەخشراوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکە نوێیەکەیاندا، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەندازیاران بڕبڕەی پشتی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکانن.
هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەش کردەوە، بە تایبەتی لە چاودێریکردنی کوالێتی پڕۆژەکان، و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ نەوەی نوێی ئەندازیاران لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.
لەلایەن خۆیانەوە، نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەن و لقی هەولێری سەندیکای ئەندازیاران سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم سەردانەی پارێزگاری هەولێر دەربڕی و جەختیان کردەوە کە سەندیکا بەم پێکهاتە نوێیەی، کە نوێنەرایەتی سەرجەم بوارەکانی (شارستانی، تەلارسازی، کارەبا، میکانیک، نەوت، کیمیا و کۆمپیوتەر) لەخۆدەگرێت، ئامادەیە وەک ڕاوێژکارێکی نیشتمانیی بەهێز شانبەشانی پارێزگای هەولێر لە خزمەتکردنی پرۆسەی گەشەپێدانی شارەكە دابێت.

