رۆژنامەی ھەولێر

ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر حکوومەتی عێراق زیاتر دەکات

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر سەر حکوومەتی عێراق زیاد کردووە و دەیەوێت بەغدا هاوکار بێت لەو سیاسەت و پلانانەی لە دژی ئێران جێبەجێیان دەکات و نەبێتە هۆکاری پووچەلکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا.

سەرەڕای پێڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە بازرگانییەکانی عێراق حکوومەت نەیتوانیوە کۆنترۆڵی دەروازەکانی بە تەواوی بکات و ڕۆژانە کەلوپەلێکی زۆر بێ ئەوەی لە ژێر چاودێریی حکوومەت تێپەڕن لە دەروازە سنوورییەکانەوە ئاودیو دەکرێن.
لە بەسڕەوە بگرە تا دەگاتە پارێزگای دیالە زۆربەی دەروازەکان لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە میلیشیاکاندان و ڕاستە حکوومەتی زەیدی تا ڕادەیەک توانیویەتی کۆنترۆڵی گواستنەوەی سنوورەکان بکات و لەسەردەمی محەمەد شیاع سوودانیش دەسەڵاتی بەشێک لەو دەروازانە لە گرووپەکانەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ گواسترایەوە بەڵام وادیارە هەژموونی ئەو گرووپانە زۆر لەوە زیاترە بتوانرێت بە حکوومەتەکانی عێراق کۆنترۆڵ بکرێن.
هەر خۆی ئەمریکا گومانی لەو دەروازانە هەیە و پێشتریش چەندین جار هۆشداری بە حکوومەتی عێراق داوە نەکا گرووپە میلیشیاکان لەوێوە دۆلار بۆ ئێران بگوازنەوە.
ئەمریکا جارێکی دیکە بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراق و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران دەستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ کردووە.
چوارشەممەی ڕابردوو عێراق دەروازەی سنووریی “شەیب”ـی لەگەڵ ئێران لە پارێزگای میسان داخست. بڕیارەکە لە نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچوو بەڵام دەگوترێ پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە. چونکە هەر ئەو کات سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە فرانس پرێسـی ڕاگەیاند بە گوشاری ئەمریکا، عێراق دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دادەخات و تەنیا دوو دەروازە بە کراوەیی دەمێننەوە.
فرانس پرێس لە چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقییەوە گواستوویەتەوە، ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات. مەبەست لەم هەنگاوە توندکردنی گەمارۆکانی سەر تارانە. هەروەها ئاشکرایان کردووە، ئەو داواکارییە لە کۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی ئەمریکییەکان لەگەڵ عەلی زەیدی لە نیویۆرک خراوەتەروو.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران دادەخرێن و تەنیا دوو دەروازە کراوە دەبن، یەکێکیان لە نێوان عێراق و ئێرانە و ئەوەی دیکەیان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەبێت. جێی باسە ئەمریکا ئەم داوایەی تەنیا لە عێراق نەکردووە، بەڵکو لە هەموو وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش کردووە.
ئەمریکا پشتر ئاسمان و دەریای لەسەر ئێران داخستووە و هەفتەی ڕابردوو باس لەوە کرا کە سنووری وشکانیی نێوان ئێران و پاکستانیش داخراوە و ئەگەر دەروازەکانی عێراق لەسەر ئێران دابخرێن ئەوا زیانە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران زۆر زیاتر دەبن چونکە عێراق بە هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانیی ئێران هەژمار دەکرێت.
ساڵانە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق دەگاتە زیاتر لە دوازدە ملیار دۆلار و داخرانی ئەو دەروازانە جگە لەوەی کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە لە هەمان کاتدا چاودێرییەکانیش لەسەر دەروازەکان ئەوەندە توندندەکرێن کە هیچ دەرفەتێک بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە دۆلار و چەک و شتی قاچاخ لەم سنوورانەوە ئاڵوگۆڕ بکرێت.
عێراق لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و دیپلۆماسیدایە و ئەمریکا ئەو چاوەڕوانییەی لێی هەیە وێڕای چەککردنی میلیشیاکان ڕێ لە گواستنەوەی هەر جۆرە دراوێکی دۆلار بۆ ئێران بگرێت. ئەمریکا پێی وایە هۆکاری سەرەکی لە خۆڕاگریی ئابووریی ئێران بەرانبەر ئەو گەمارۆ و گوشارە ئابوورییانە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و ئێران سوودی لە سەرچاوە ئابووری و داراییەکانی عێراق وەرگرتووە.
ئەمریکا ڕێڕەوە ئاوییەکانی بە تەواوی لە ئێران گرتووە و سزای توندی خستووەتە سەر ئاسمانی ئێران و فڕۆکەکانی ئێران ناتوانن گەشتی وڵاتانی دیکە بکەن و تەنیا چەند گەشتێکی سنوورداریان هەیە. ئێڕان تەنیا ڕێڕەوە وشکانییەکانی بەدەستەوە ماوە و ئەگەر ئەمەشی لێ دابخرێت ئەوا دۆخە ئابوورییەکەی بەرەو داڕمان دەچێت. عێراق دەروازە سەرەکییەکەیە و دیار نییە دوای داخرانی دەروازەی شیب ئەم جارە کام دەروازە دادەخرێت و چ ڕێوشوێنێکی نوێ دەگیرێتە بەر.