رۆژنامەی ھەولێر

لە ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی ماڵان دابەش بکات، سەرەتا پرۆسەکە لەناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکات، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ٢٧٠ ملیۆن لیتر نەوت ھەیە، کەچی بەغدا تەنیا ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ کوردستان دابین دەکات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت؛ ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ دابینکردنی نەوت، بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو پرۆسەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات، دواتر دەگاتە سەنتەری شار و شارۆچکەکان، بەڵام ھێشتا بە دیاریکراوی کاتەکەی دیار نییە کەی دابەشدەکرێت.
بە ھەمان شێوە لە پارێزگاکانی دھۆک، سلێمانی و ھەڵەبجە ئامادەکاری کراوە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ٢٧٠ ملیۆن لیتر نەوت ھەیە، کەچی بەغدا تەنیا ٥٠ ملیۆن لیتر نەوت بۆ کوردستان دابین دەکات، ئەوەی دابینیشی دەکات لە مانگی ١٢ ڕەوانەی دەکات ئەوەش دەکاتە کەمتر لە ٢٠%ی پێداویستی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش ئەگەر ڕەوانە بکات دەکەوێتە کۆتایی ساڵ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی ئەوەی دیکە دابین دەکات و بەسەر ھاووڵاتییانی خۆی دابەش دەکات، بەڵام ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێم توشی ئاڵنگارییەکی زۆر گەورە بۆتەوە، کێشە ھەیە، ئەویش ئەوەیە ئەمساڵ نرخی نەوت زۆر بەرزبووەتەوە، ساڵی ڕابردوو نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ١٧٠ ھەزار دینار بوو، ئەمساڵ بە ٣٠٠ ھەزار دینارە، ئەوەش دەبێتە بارگرانی و داھاتی ناوخۆ زۆر دابەزیوە. ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ھەولێر، ئاشکرای کرد، ساڵی پار لە مانگی ١٠ نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراوی ١٠٠ ھەزار دینار دابەش کرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ ھێشتا کاتی دابینکردنی دیار نییە.
ھەروەھا بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشدا، بەغدا ساڵانە لە مانگی دوانزدە ٥٠ ملیۆن لتر نەوت دەنێرێت، ئەم بڕە کەمترە لە ٢٠%ـی پێویستیی ساڵانەی ھەرێمی کوردستان کە نزیکەی ٢٧٠ ملیۆن لیترە.
بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق داوایان لە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدڕال کردووە بڕی نەوتی سپی پێویست بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکەن، لە وەڵامی داواکارییەکانیان نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی نەوت کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە بە پێی ڕێنماییەکان، ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ناوەندەکانی خوێندن داوایەکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی داونەتەوە کە پرۆسەی دابینکردنی نەوت بۆ قوتابخانەکان ھاوکات دەبێت لەگەڵ دەستپێکردن و دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا.
مەغدیدی نەوت فرۆش لە بازاڕی نەوت فرۆشانی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: نرخی نەوتی ماڵان بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە.
ئەو نەوت فرۆشە، گوتیشی: پێش دوو ڕۆژ یەک بەرمیل نەوتی ماڵان بە ٢٨٠ ھەزار دینار بوو، کەچی ئێستا بە ٢٩٥ ھەزار دینارە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری تەواوی کردووە بۆ بازرگانان تا نەوت لە وڵاتان بھێنن تا نرخەکەی دابەزێت. سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی نەوت، ئەو نەوت فرۆشە، دەڵێ، دەنگۆیەک ھەیە لە ١٥ی ئەم مانگە لە پاڵاوگەی بازیانەوە بڕێکی زۆر نەوت بخرێتە بازاڕەکانەوە، بەمەش خواست لەسەر نەوت کەمدەبێتەوە و کاریگەری لەسەر نرخی نەوتی سپی دەبێت و نرخەکەی دادەبەزێت.