سلێمان تاشان – هەولێر
کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە سایەی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەردەم مەترسیدایە و لە نوێترین بڕیاردا کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داویەتی چاوەڕێی ئەوە دەکرێت زیانێکی زۆر بە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و خاوەن پڕۆژەکان و هەلی کار بگات.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دەرچوو بریتی بوو لە دواخستنی وەرگرتنی باج لەسەر هێلكە و مریشكی هاوردە، بڕیارەکە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە حکوومەتی فیدراڵی یان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بەرهەمی ناوخۆی نییە یان دەیەویت بە ڕۆژی ئاشکرا زیان بە کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
پرسی سەپاندنی باج بەسەر ئەو بەرهەمە دەرەکییانەی لە ناوخۆ بەرهەم دەهینرێن لە رووی ئابوورییەوە دوو قازانجی سەرەکی هەیە یەکەمیان ئەوەیە پاڵپشتییە لە بەرهەمی ناوخۆ و ڕێگە نادات بەرهەمی دەرەکی زیان بە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ بگەیەنێت. لەوانەیە بەرهەمێک لە دەرەوە بە خەرجییەکی کەمتر بەرهەم بهێنرێت و کاتێک دەگاتە هەرێمی کوردستان قازانجیشی بخرێتە سەر هێشتا کەمتر بێت لە تێچووی هەمان بەرهەم کە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و لەو کاتەشدا خەڵک شتە هەرزانەکە دەکڕن و پشت لە بەرهەمی ناوخۆ دەکەن و پارەکەش لە جیاتی ئەوەی لە ناوخۆ بسووڕێتەوە و بچێتە گیرفانی کاسبکاران و وەبەرهێنەر و هاووڵاتییان لە ناوخۆ دەگاتە دەستی بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی وڵات.
باج لەسەر بەرهەمی هاوردە کاتێک هەڵدەگیرێت لە ناوخۆ هاوشێوەی بەرهەمەکە نەبێت یان زۆر کەم بێت و ئەمەش هاوسەنگیی نرخ و بازاڕ دەپارێزیت.
کێشەکە لەوەدایە ئێستا بەرهەمی ناوخۆ زۆرە و هەرێمی کوردستان تەنانەت دەتوانێت پێویستیی هەموو عێراق دابین بکات کەچی دواین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە قازانجی بەرهەمی هاوردەکراوی ئێرانی و تورکیدایە نەک ناوخۆ. بەرهەمهێنانی هەر کیلۆگرامێک مریشک لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و سێسەد دینار لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دەوەستێت و ئەگەر لەسەرووی ئەو نرخە ساخ نەکرێتەوە ئەوا زیانیان پێدەگات بەڵام کاتێک لە دەرەوەی بە نرخی هەرزانتر مریشک دەگاتە بازاڕەکان نرخی لە ناوخۆ نرخەکەی بۆ خوار تێچوو دادەبەزێت و لێرەدایە باجی هاوردە رۆڵی خۆی دەگێڕێت.
راستە لەچەند رۆژی رابردوو بەهۆی گۆڕانکاریی نرخی دۆلار کەمێک لە نرخی مریشک بەرز بووەتەوە بەڵام ئەمە کاتییە و پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکەی زیاتر دابەزێت و بەرهەمێکی زۆری مریشک و هێلکە لە دەرەوە هاوردە بکرێت کە زیانن بۆ سەر کەرتی پەلەوەر لە کوردستان.
بڕیارەکەی بەغدا ناڕەزایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و خاوەن پڕۆژەکانی لێکەوتووەتەوە. هەر زوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربڕی.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ هەر ئێستا پەنجا و نۆ پڕۆژەی تایبەت بە هێلکە لە هەرێمی کوردستان هەن کە سالانە چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن هێلکە بەرهەم دەهێنن لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆ ملیارێکی هەشتسەد ملیۆن هێلکەیە و ئەوەی بەرهەم دێت نزیکەی سێ هێندەی پێویستییە. خۆ لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەشی ئەوەندە هێلکە بەرهەم دەهێنرێت کە بە بەرهەمەکەی هەرێمی کوردستانەوە کۆی پێویستیی عێراق دابین بکات.
ئەگەر هێلکەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر تەواوی دانیشتووانی گۆی زەوی دابەش بکەین لە ساڵێکدا هەر دوو کەس لانی کەم هێلکەیەکیان بەردەکەوێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەی پڕۆژەکانی گۆشتی مریشک لە کوردستان دەگەنە دوو هەزار و سەد پڕۆژە بە یەکەوە ساڵانە چوارسەد و پەنجا هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن لە کاتێکدا پیویستیی ناوخۆ سەد وپەنجا هەزار تۆنە و لە گۆشتی مریشکیش قەبارەی بەرهەمهێنان سێ هێندەی داخوازییە.
وەزارەتی کشتوکاڵ پێی وایە لابردنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە بازاڕ دەخنكێنێت، زیانێكی دارایی قورس بە كەرتی پەلەوەر دەگەیەنێت و دەیان هەزار هەلی كار دەخاتە مەترسییەوە.
دوێنێ یەکشەممە رزگار حەمەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستیی عێراق پڕبکاتەوە لە گۆشتی مریشک و هێلکە بەڵام هەڵگرتنی باج لەسەر مریشک و هێلکەی دەرەکی دۆخەکە چارەسەر ناکات و زیان بە پەلەوەرگەکانی کوردستان دەگەیەنێت جگە لەمە ئەوەی عێراق دەیکات پێچەوانەی رێککەوتنەکان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
ئاماژەی بەوەش دا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دوو نووسراوی فەرمی ناڕەزایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری کشتوکاڵی عێراق کردووە. هاوکات فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە پەرلەمانی عێراق لەم مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە.
رزگار حەمەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ نیگەرانیی قووڵی وەزارەتەکەی لەم بڕیارە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی نیشاندا و رایگەیاند “ئەم بڕیارە پێچەوانەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئاسایشی خۆراک و پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ، هەروەها پێچەوانەی ئەو رێککەوتن و میکانیزمانەیە کە پێشتر لەسەر رۆژژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ رێکخراون”.
وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات لە جیاتی ئەو بڕیارانە، هاوکاریی دابینکەرانی ئالیک و خاوەن کێڵگەکان بکات و رێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بگاتە سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق.
حکوومەتی عێراق ئەگەر خوازیاری ئەوەیە سیستەمی گومرگی یەک بخات و هاوردە و هەناردە لە تەواوی دەروازە بازرگانییەکان بە گوێرەی یاسا و رێنمایی و پێویستییەکان بێت دەبێت بڕیارەکانیشی لە چوارچێوەی دابینکردنی بەرژەوندییەکانی هەموو هەرێم و پاریزگاکانی عێراق بێت و وەک بەشێک لە بەرهەی ستراتیجی و سەبەتەی خۆراکی عێراق سەیری هەرێمی کوردستان بکات نەک بەم شێوەیە زیانی پێ بگەیەنێت.

