رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆری کەرتی گشتی لە ڕێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 1 ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی، مووچەی مانگی نۆ، بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.

پڕۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

تا ئێستا، زیاتر لە 1 ملیۆن مووچەخۆر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من کە زیاتر لە 1.1 ملیۆن مووچەخۆری کەرتی گشتی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەکە.
لە چوارچێوەی پرۆژەکە، لەلایەن بانکە بەشداربووەکان نزیکەی 800 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن. وا بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتاییهاتنی پرۆژەکە، ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە 1,000 ئامێر تێبپەڕێنێت کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێساکانی بانکی ناوەندیی عێراق.