بەپێی وتەی کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانیی هەولێر دەست پێدەکات و هەر ئەمڕۆش ژمارەی زەوییەکان رادەگەیەنن.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تاوەکو ئێستا ناوی نزیکەی ٨٢ هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە. لە حەوت قۆناخی رابردووشدا زیاتر لە ٥٠٪ی فەرمانبەران سوودمەند بوون و کارەکانیش تاوەکو سوودمەندبوونی سەرجەم فەرمانبەران بەردەوام دەبێت.
کارزان هادی روونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا لە حەوت قۆناخدا نزیکەی ٤٢ هەزار پارچە زەوی لە هەولێر دابەشکراون. ئێستاش کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەمساڵ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە زەوییان پێبدرێت و کارەکان کۆتاییان بێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، توانیویانە زۆرترین پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکەن، هەرچەندە کارەکە سەختە و رووپێوکاری زۆر گرانە، بۆیە لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کارەکە ئەنجام دەدەن.
ڕۆژی ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.

