رۆژنامەی ھەولێر

سێ هونەرمەندی کورد بەشداری لە پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیی شێوەکاری لە پۆڵەندا دەکەن

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی کولتووریدا، سێ هونەرمەندی شێوەکاری دیاری کوردستان لە ٢٧یەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی شێوەکاری “Colors of Małopolska” لە وڵاتی پۆڵەندا بەشداری دەکەن.

سێ هونەرمەندی کورد، ئەحمەد نەبەزو کۆسار جەلال و خەیری ئادەم، وەک نوێنەری هونەری هاوچەرخی کوردی، بە کۆمەڵێک بەرهەمی شێوەکاریی نوێوە لە شارۆچکەی “میێخۆف”ـی پۆڵەندا ئامادە بوون. بەشداریی ئەم هونەرمەندانە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنی ناوەندە هونەرییەکانی ئەوروپا بە ئەزموون و گەشەسەندنی هونەری شێوەکاری لە کوردستاندا.

پێشانگەی “Colors of Małopolska” ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوە کولتوورییەکانی پۆڵەنداوە ڕێک دەخرێت و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی شێوەکار لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن، تاکو ڕوانگە و شێوازە جیاوازەکانی تابلۆ و هونەری هاوچەرخ بخەنە ڕوو.