رۆژنامەی ھەولێر

مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران: بەبێ دەرکردنی هێزە نایاساییەکان ئارامی و ئاوەدانی بۆ شنگال ناگەڕێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شنگال ئەو ناوچەیە کە لە نێوان ئازارەکانی ڕابردوو و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و چەندین ساڵ بەسەر ڕزگاربوونی قەزاکە تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا بارودۆخی شارەکە ئاسایی نەبووەتەوە، ڕێککەوتنی شنگال کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیمزا کرا، وەکو ھیوایەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەرکردنی ھێزە نایاساییەکان دەبینرا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە وەکو خۆیە و جێبەجێ نەکراوە. مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەبێ دەرکردنی ھێزە نایاساییەکان، ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شنگال ناگەڕێتەوە و شارەکە وێرانتر دەبێت.

مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند، جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال زیان بە سەقامگیری ھەموو ناوچەکە دەگەیەنێت، خەڵکی شنگال بوونەتە قوربانی ململانێی ئەو ھێزانەی لە دەرەوە ھاتوونە، خەڵکی شنگال بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن پێویستییان بە ئیدارەیەکی شەرعی و دوورکەوتنەوە لە ھێزە نافەرمییەکان ھەیە.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەشڵێ: سەرۆک بارزانی قەزیەی شنگالی گەیاندە کۆشکی سپی و وڵاتانی دیکەی جیھان، بۆ ئەوەی کێشەی شارەکە بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێت، ڕێککەوتنی شنگال کە لەلایەن ھەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان ئیمزا کرا، کە پێنج خاڵ لە خۆ دەگرێت، بەداخەوە ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ڕاستە ڕێککەوتنێکی باش بوو، بەڵام ھەندێک ھێزی دەرەکی و خەڵکی دیکە بازرگانی بە شنگالەوە دەکەن و لێ ناگەڕێن ڕێککەوتن جێبەجێ بکرێت و خەڵک بگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کرابایە، ئەو ھێزە نایاسایانەی کە لە شارەکەن جێگەیان نەدەبووە و کەس نەدەوێرا بازرگانی بە خەڵکەکەوە بکات و شنگال دەبووە شوێنی شنگالییەکان.
مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی: ھەر دوو حکوومەتی ڕابردووی عێراق لەبەرامبەر خەڵکی شنگال کەمتەرخەم بوونە و نەیانویست ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئێستاش داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆکی حکوومەتی عێراق دەکەین کە بەرنامەیەکی باشی ھەیە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پشتگیری دەکات، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات و مافی خەڵکی شنگال لەو ڕێککەوتنەدا بداتەوە.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، زیاتر گوتی: ڕاستە ئێستا ڕەوشی ئەمنی شارەکە کەمێک باشە، بەڵام خزمەتگوزاری نییە، پێویستە حکوومەتی ناوخۆی مووسڵ و حکوومەتی عێراق بێنە سەرخەت و ھەر چی زووە شارەکە ئاوەدان بکەنەوە، پێش ماوەیەک ڕاپۆرتێکم بە عەلی زەیدی دا، پێم گوت ئەگەر دەتەوێت بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە، خەڵک بگەڕێتەوە، قەرەبووی ئەوان بکرێتەوە، شارەکە ئاوەدان بکرێتەوە، ئیدارەی شارەکە بە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دابنرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ھەتا ئێستا ١٩٦٠٠ خێزان لە کەمپەکان ھەن، ٣٧ ھەزار خێزان لە دەرەوەی کەمپەکان لە شارە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، دەتوانم بڵێم ١٣٠ ھەزار کەس گەڕاونەتەوە شنگال، ٢٦٠ ھەزار کەسیش لە دەرەوەی شنگال دەژین، ھەروەھا ١١٥ ھەزار کەسیش کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە.
لە کۆتاییدا مەحما خەلیل، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکرای کرد: حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی پشتیان لە ئاوارەکان کردووە، وەکو خەڵکی شنگال داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین چۆن لە ڕابردوو لە خەمی شنگالییەکان بووە و ھەتا شنگالی ئازاد نەکرد لە بەرەی پێشەوەی شەڕ نەگەڕایەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش تا ئێستا بێ ماندووبوون ھاوکاری خەڵکی شنگال دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لە کەمپەکان دەژین، ئێستاش داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین بەرنامەیەک لەگەڵ حکوومەتی عێراق دابنێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شارەکە، چونکە حکوومەتی عێراق لە ھەموو ڕوویێکەوە کەمتەرخەمە بەرامبەر بە خەڵکی شنگال و زوڵم لە خەڵکی شارەکە دەکات.