رۆژنامەی ھەولێر

٣١ـی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکی لەلایەن مووچەخۆرانەوە

لە راگەیەندراوێکدا، پرۆژەی هەژماری من ، ڕایگەیاند؛ ٣١ـی ئەم مانگە کۆتا وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکی لەلایەن مووچەخۆرانەوە، دوای ئەو وادەیەش، مووچەی سەرجەم مووچەخۆران تەنیا لە رێگەی هەژماری منەوە دابەش دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەیاندا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵدایە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر مووچەخۆرێک دوای ٣١ـی ئابی ٢٠٢٦مووچەکەی لە رێگەی هەژماری منەوە نەبێت، شایستە داراییەکانی رادەوەستێت.
پڕۆژەی هەژماری من بڵاویکردەوە، ئێستا پەنجا هەزار کارتی بانکی لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە. داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات بە زووترین کات سەردانی بانکە دیاریکراوەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
راشیگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەشی نامەی وەرگرتنەوەی کارتیان بەدەست نەگەیشتووە، دەتوانن لە ١١ رۆژی داهاتوودا چاوەڕوانی نامەی ئاگادارکردنەوە بن. نامەکان لە رێگەی واتس ئاپ، ڤایبەر و کورتەنامەوە دەنێردرێن و تێیدا ناوی ئەو بانکە حکوومییە دیاری دەکرێت کە پێویستە مووچەخۆر سەردانی بکات.
هاوکات پڕۆژەکە بڵاویکردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان تۆمار کردووە و کارتیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە ١٩٩١ی سەنتەری خزمەتگوزاریی هەژماری من بکەن. لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە مووچەخۆر ناوی سیانی و ژمارەی تەلەفۆنەکەی دەدات و تیمەکانی پڕۆژەکە بەدواداچوون بۆ کارتەکەی دەکەن و وردەکارییەکانی وەرگرتنەوەی کارتیان بۆ روون دەکەنەوە.
تیمەکانی پێدانەوەی کارتی بانکی لە بانکە حکوومییەکان، رۆژانە لە کاتژمێر ٨:٣٠ خوولەکی بەیانی تا ٤ی ئێوارە کار دەکەن. بۆ ئاسانکاریی زیاتر، زیاتر لە ٧١٠ ئامێری راکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کراون تا هاووڵاتیان بەشێوەی ٢٤کاتژمێری سوودی لێ ببینن.
تا ئێستا، زیاتر لە ٩٢٪ی مووچەخۆران کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە و زیاتر لە نۆسەدوبیست هەزار سوودمەندیش مووچەی مانگی تەممووزیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە، کە نەوەد هەزاریان بۆ یەکەمجارە بەو شێوازە مووچەکەیان وەردەگرن.