رۆژنامەی ھەولێر

کتێبخانەی گشتیی هەولێر نزیکەی ١٠ هەزار کتێبى پێشکەش به‌ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کرد

عەبدولقەهار هەولێری

٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەنێوان کتێبخانە گشتییەکان و پشتگیریکردن لە بڵاوکردنەوەی کەلتووری خوێندنەوە، کتێبخانەی گشتی هەولێر نزیکەی ١٠ هەزار کتێب لە بواری سەرچاوە جۆراوجۆرەکان پێشکەشی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ کرد.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کتێب و خوێندنەوە و هەوڵدان بۆ فراوانکردنی سەرچاوەی زانیاری و خوێندن بۆ خوێنەران و خوێندکاران و نووسەران و توێژەران دێت، کە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە زیاترکردنی دەستگەیشتن بە کتێب و سەرچاوە زانستی و ئەدەبییەکان هەبێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، خاتوو ناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی هەولێر، لەگەڵ شاندێک لە فەرمانبەرانی کتێبخانەی گشتی هەولێر، سەردانی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵیان کرد.
شاندی کتێبخانەی گشتی هەولێر لەلایەن هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ، و بەشێک لە فەرمانبەرانی کتێبخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و لە ماوەی سەردانەکەدا کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە دۆخی خوێندن و خوێندنەوە و کار و چاڵاکییەکانی کتێبخانە گشتییەکان لەنێوان هەردوو لایەن گفتوگۆیان لەسەر کرا.
لە گفتوگۆکاندا گرنگیی کتێبخانە گشتییەکان وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری و کەلتووری خوێندنەوە و ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە لە نزیککردنەوەی کتێب و سەرچاوەکانی زانیاری لە خوێنەرانی شار و ناوچە جیاوازەکان خرایە ڕوو.
هەروەها باس لە پێویستی بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان کتێبخانە گشتییەکان کرا، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی کتێب و سەرچاوە نوێکان، گۆڕینەوەی ئەزموون و زانیاری، پشتگیریکردن لە خوێنەران و فراوانکردنی دەرفەتی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی خوێندن و توێژینەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، کتێبخانەی گشتی هەولێر کۆمەڵێکی گەورە لە کتێبەکانی خۆی و ئەوکتێبانەی کەلەکەمپنەکە پێی گەیشتبو پێشکەشی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵی کرد. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ژمارەی ئەو کتێبانە نزیکەی ١٠٠٠٠ دانەیە و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست و ئەدەب و کەلتوور و مێژوو و زمان و سەرچاوەکانی خوێندنەوە دەگرێتەوە.
دابینکردنی ئەم ژمارەیە کتێبە بۆ کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەبێتە بەشێکی گرنگ لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی خوێنەران و بەهێزکردنی کۆمەڵە کتێبەکانی کتێبخانەکە بێت، بەتایبەتی بۆ ئەو خوێندکار و توێژەر و نووسەر و خوێنەرانەی کە بەدوای سەرچاوەی جۆراوجۆری خوێندن و توێژینەوەدا دەگەڕێن.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خاتووناز فەلەکەدین کاکەیی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی هەولێر، و هەموو ئەو بەڕێزانە دەردەبڕێت کە لە کەمپین و پرۆسەکانی کۆکردنەوە، ڕێکخستن و دابینکردنی ئەم کتێبانەدا بەشداری و هاوکاری و هەماهەنگییان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ هیوای ئەوە دەخوازێت کە ئەم هەنگاوە ببێتە نموونەیەکی باش بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان کتێبخانەکان و دامەزراوە کەلتووری و خوێندنییەکان، و لە داهاتوودا هەنگاوی زیاتر بۆ پشتیوانی و پەرەپێدانی کەلتووری کتێب و خوێندنەوە بنرێت.

نۆژەنکردنەوەی کتێبخانە و ئامادەکردنی سەرچاوەکان بۆ خوێنەران
لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای کتێبخانەکە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی بیناکە، سەرجەم ئەو کتێب و سەرچاوانەی کە بەردەست دەبن، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و گونجاو دەخرێنە بەردەستی بەکارهێنەرانی کتێبخانە.
ئامانج لەو کارە ئەوەیە کە کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ بتوانێت شوێنێکی زیاتر گونجاو بۆ خوێندنەوە و توێژینەوە و دەستگەیشتن بە زانیاری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دابین بکات و سەرچاوەکانی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ئاسان بەردەستی خوێنەران بێت. لەو ڕووەوە، کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دووپاتی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی خوێنەران و شەیدایانی کتێب و نووسەران و توێژەران و خوێندکاران دەکاتەوە و هیوادارە بە بەردەوامبوونی ئەم هەنگاوانە، کتێبخانەکە بتوانێت ڕۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتر لە بڵاوکردنەوەی کەلتووری خوێندنەوە و زانیاری لە ناوچەکەدا بگێڕێت.
ئەو پێشکەشکردنەی نزیکەی ١٠ هەزار کتێب لەلایەن کتێبخانەی گشتی هەولێرەوە، لەگەڵ هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ، هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ فراوانکردنی سەرچاوەکانی خوێندنەوە و توێژینەوە و دروستکردنی ژینگەیەکی زیاتر گونجاو بۆ خوێنەر و خوێندکار و توێژەر.