رۆژنامەی ھەولێر

ڕاهێنەری پەروەردەیی، ئەندازیاری گەشەپێدان و ئیلهامبەخشی مامۆستایانە

بەکر کەریم حەسەن
(سوكرات) فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی دەڵێ “من هیچ شتێكم پێ فێری كەس ناکرێ، هەر ئەوەندەم پێ دەکرێ وایان لێ بكەم بیر بڕوێنن و بیر بكەنەوە”.
بێگومان گۆڕانكاری و چوونە پێش لە سیستەمی پەروەردە دا پرۆسەیەكی لەخۆڕا و خۆبەخۆ و خۆڕسك نییە، بەڵكو پێویستی بە پلان و بەرنامە و سەركردە و بەڕێوەبەری كارامە هەیە. ئەگەر مامۆستا كڕۆك و بڕبڕەی پشتی پەروەردە بێت ئەوا ڕاهێنەری پەروەردەیی دیزاینەر و ئەندازیار و بیناتنەر و دروستكەری تواناكانی مامۆستایانە. ڕاهێنەری سەركەوتوو تەنها گوێزەرەوەی تیۆری و زانیاری ناو كتێبەكانی نییە، بەڵكو ئیلهامبەخش و بنیاتنەر، هاوڕێی گەشەكردن و ئاوێنەی ڕاستەقینەی مامۆستایانە.
ڕاهێنەری سەركەوتوو كۆمەڵێك تایبەتمەندی و كارامەیی سەرەكی هەیە بە كورتی تیشك دەخەینە سەر هەندێكیان.
ڕاهێنەری سەركەوتوو هەمیشە خاوەن دیدگای هاوسۆزی و پەروەردەیی و توانای گوێگرتنی قووڵی هەیە، چونكە لە سەرەوە لە بنكەی بەرزترەوە سەیری مامۆستا ناكات، ئەو درك بە ئاڵۆزی و بەربەست و تەنگژەكانی ناو پۆل و قوتابخانە دەكات. بە وردی بەبێ بڕیاردانی پێشوەختە گوێ لە ئازار و گرفت و پێویستییەكانی ڕاستەقینەی مامۆستا دەگرێت.
تاوەكو ڕاهێنەرەكە لەسەر بنەمای واقیعەتی پۆل بنیاد بنێت، نەك گریمانەی مەزاجی. هەروەها ڕاهێنەری سەركەوتوو پێش ئەوەی دەست بە چاكسازی بكات وەكو پزیشك خاڵی بەهێز و لاوازەكان دەستنیشان دەكات. ڕاهێنەری لێهاتوو دەزانێ‌ مامۆستایان هەموویان لە یەك ئاستدا نین، بۆیە هەمیشە بەرنامەی ڕاهێنانەكە بە شێوەیەك ئامادە دەكات كە وەڵامدەرەوەی پێویستییە جیاوازەكانی مامۆستا تازەکار و تازەدامەزراو و مامۆستای خاوەنئەزموون بێت. بۆیە كارامەیی شیكاری دیاریكردنی پێویستییەكان و، ڕەچاوكردنی ئاستەكان تایبەتمەندییەكی تری ڕاهێنەری سەركەوتووە، لە بیرمان نەچێت ڕاهێنەری سەركەوتوو هۆڵی ڕاهێنان ناكاتە شوێنی وتاردان و قسەكردنی خۆی، بەڵكو دەیكاتە كارگەیەكی كاركردنی بەكۆمەڵ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی و ئەزموون، چونكە شێوازی فێركردنی مامۆستایان (گەورە ساڵان) تەواو جیاواز لە فێركردنی منداڵان. گەورەساڵان پێویستیان بە ڕێزگرتن هەیە لە شارەزایی و ئەزموونیان؛ لەگەڵ ئەوەشدا ڕاهێنەری سەركەوتوو توانی پێدانی فیدباكی ئاراستەكەر و دروستكەری هەیە، چونكە هەڵسەنگاندن لەلای ڕاهێنەری پیشەیی و لێهاتوو تەنها ئامرازێك نییە بۆ شكاندن و یان دەستنیشانكردنی هەڵە، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ فێربوون. ڕاهێنەر هەمیشە بە زمانێكی بەرێزانە و زانستی ڕێنمایی مامۆستایان دەکات.
ڕاهێنەری سەركەوتوو هەمیشە پەرە بە تواناییەكانی خۆی دەدات و گەشەی بەردەوام و نەرمونیانیی پەروەردەیی لە گۆڕانكاریدا هەیە، چونكە ڕاهێنەر ناتوانێ داوای گۆڕانكاری لە مامۆستایان بكات، ئەگەرهاتو خۆی چەقبەستوو بێت و هیچ چوونەپێش لە تواناكانی نەبێت. ڕاهێنەری سەركەوتوو بەردەوام لەسەر پێشهاتە نوێیەكانی پەروەردە توێژینەوە زانستییەكان میتۆدەكانی كارگێڕیی پۆل و ڕێگاكانی وانەگوتنەوە؛ بەئاگایە و، ئامادەیە ڕێرەو و شێوازی خۆیشی بە پێی گۆڕانكارییەكان بنوێنێت.
لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە ڕاهێنەری پەروەردەیی تەنها ڕێكخەری خولێك یان پێشكەشكاری چەند سلایدێك نییە، بەڵكو داینەمۆی گۆڕنكاری ڕاستەقینەیە لە ناو جەرگەی پەروەردەدا كاتێك ڕاهێنەرێك دەتوانێت متمانە و باوەڕبەخۆبوون و دادپەروەری، بەهای زانست. كارامەیی نوێ لە دڵی مامۆستایەكدا بچێنێت. ڕاستەوخۆی كاردانەوەی لەسەر سەدان قوتابی دەبێت كە لە ژێر دەستی ئەو مامۆستایەدا پەروەردە دەبن و فێر دەكرێن.
كەواتە وەربەرهێنان لە پێگەیاندن و تێگەیاندن و دروستكردنی ڕاهێنەری ئاستبەرز و لەخۆبوردووی پەروەردەیی، كورتترین و بەهێزترین ڕێگایە بۆ ڕزگاركردنی سیستەمی پەروەردە لە تەقلیدکردن و لاساییكردنەوە بە ئاراستەكردنی بەرەو داهاتوویەكی گەش و ڕووناك و متمانەپێدراو.