رۆژنامەی ھەولێر

هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیران بەراورد بە مانگی ئایار سێ هێندە زیادی کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگێک پێشتر سێ هێندە زیادبووە بەڵام هێشتا قەبارەی ئەو نەوتەی عێراق هەناردەی دەکات ناگاتە چوار یەکی ئەو کاتەی لە هورمز هیچ کێشەیەک ڕووینەدابوو.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڕۆژانە حەوتسەد و هەشتا هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و لە چاو مانگێک پێشتر هەناردەکردنەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
هەر بە پێی سەرچاوەکە عێراق لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ڕۆژانە توانی تەنها دووسەد و شەست هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات. بەو پێیە هەناردەکردنی نەوتەکەی لە مانگی حوزەیراندا سێ هێندە زیادی کردووە.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد و ئەگەر ئامارەکەی ئێستا لەگەڵ ئەو کاتە بەراورد بکەین ئەو نەوتەی عێراق دەینێرێت کەمترە لە چوار یەکی ئەو نەوتەی ساڵی ڕابردوو هەناردەی دەکرد.
کاتێک لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا دەستی پێکرد هورمز بە تەواوی داخرا و عێراق لە فرۆشتنی نەوتەکەی بێبەش بوو و لەو کاتەوە تەنها داهاتی ئەو نەوتەی دەستکەوتووە کە لە رێی هێڵی کوردستان-جەیهان هەناردە کراوە یان بە پشتبەستن بە تانکەرەکان لە رێی سووریاوە گواستراوەتەوە.
لە مانگی حوزەیراندا تەنها هەناردەکردنی نەوتی عێراق زیادی نەکردووە بەڵکوو قەبارەی هەناردەی نەوتی وڵاتانی دیکەی کەنداویش زیادی کردووە و بەرەو ئەوە دەڕۆن دۆخیان ئاسایی بکەنەوە هەر چەندە لەگەڵ ئەو قەبارەیەی لە کاتی ئاساییدا هەناردەیان دەکرد هێشتا جیاوازییەکی زۆریان هەیە.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە قەبارەی هەناردەی نەوتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و حەوتسەد هەزار بەرمیل و لە چاو مانگێک پێشتر هەشتسەد و پەنجا هەزار بەرمیل زیادی کردووە.
سعوودیەش کە لە مانگی ئایاردا سێ ملیۆن و شەشسەد و نەوەد هەزار بەرمیلی هەناردە کردبوو قەبارەکەی گەیاندووەتە چوار ملیۆن و سێسەد و بیست هەزار بەرمیل و ڕۆژانە سێسەد و سی هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانەکەی زیاد کردووە. قەبارەی هەناردەی نەوتی کوێت گەیشتووەتە حەوتسەد و شەست هەزار بەرمیل و کوێتیش لە مانگی حوزەیراندا ڕۆژانە شەشسەد و چل هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە.
بەگشتی وڵاتانی کەنداو لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ ڕۆژانە شازدە ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردە کرد بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا قەبارەکە بریتی بووە لە نۆ ملیۆن و پێنجسەد و حەفتا هەزار بەرمیل و نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل جیاوازی لەگەڵ ئەوکات هەیە و ئەمەش دەیسەلمێنێت هێشتا دۆخی هورمز ئاسایی نەبووەتەوە و جیهان پێویستی بە هەناردەکردنی نەوتی زیاتر هەیە.
ئەم کورتهێنانە لەچاو سەردەمی جەنگ زۆر باشترە و ئەگەر ئێستا کورتهێنان شەش ملیۆن بەرمیل بێت لە سەردەمی جەنگدا گەیشتبووە زیاتر لە دوازدە ملیۆن بەرمیل چونکە لە هورمزەوە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان دابین دەکرا.
سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمپانیای کێپلەر بڵاوی کردەوە جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامە بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە.
کۆمپانیاکە دەڵێت هەندێک ڕۆژ لە جیاتی ئەوەی جووڵەی کەشتییەکان لە هورمز زیاد بکات کەم دەکات و ئەمەش مایەی نیگەرانییە. بۆ نموونە لە دووی ئەم مانگەدا سی و هەشت کەشتی توانیان لە هورمز بپەڕنەوە و ژمارەکە بەراورد بە ڕۆژێک پێشتر لەسەدا دە دابەزی.
زۆربەی ئەو کەشتییانەی لە هورمز دەپەڕنەوە بازرگانین و کەمترین ژمارەی کەشتیی تایبەت بە نەوت و وزەی پێدا تێپەڕ دەبێت.
ئێران و ئەمریکا دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووی زایینی یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ یەکتردا واژۆ کرد گەرووی هورمز کرایەوە، لەو کاتەوە ڕۆژانە سی تا شەست کەشتی لە هورمز پەڕیونەتەوە و ئەمەش زۆر کەمترە لە نیوەی توانای گەرووەکە بۆ تێپەڕینی کەشتییەکان، چونکە لە کاتی ئاساییدا سەد تا سەدو بیست کەشتی لە هورمز تێدەپەڕین.
زۆربەی کەشتییەکان متمانەیان بە ڕێگاکان نییە و ژمارەیەک لە کەشتییەکان ڕێی دەستنیشانکراوی ئێران هەڵدەبژێرن ژمارەیەکی دیکە ڕێی مەترسیدار و هەندێکیش سنووری عومان بۆ پەڕینەوە هەڵدەبژێرن.
لە نێو وڵاتانی کەنداو عێراق لەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنی وەرگرت و داهاتەکانی بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا نەوەد کەمی کرد و ئێستاش کە هورمز کراوەتەوە سوود لە چارەگێکی تواناکانی وەردەگرێت و دیار نییە کەی پڕۆسەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە کە کاریگەریی لە سەر ژیان و بژێوی و پڕۆژەکان لە ئاستی هەموو عێراقدا هەبووە.