رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر ٨٢ هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران تەرخانکراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەم ھەفتەیە ھەزاران پارچە زەوی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٩ ھەزار پارچە زەوی دابەشکراون. لەلایەکی دیکەوە سەرجەم ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون تاپۆ دەکرێن، بۆ خێراکردنی ڕێکارەکان یەکەیەکی کارگێڕیی تایبەت پێکھێنراوە.

بڕیاری دابەشکردنی زەوی
٢٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کوردستان دابەشبکرێت کە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوونە، بەپێی ڕێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیران، ھەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک ‏ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان کارتی زانیاری ٢٠٠ مەتر زەوی وەردەگرێت.
جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوە نیشانەی خەمخۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی مافی فەرمانبەران و نرخاندنی ماندووبوونی ئەوان، ئەوەش دەبێتە ھۆکاری گەشەپێدانی ئاوەدانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ھەروەھا چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، بەوەش خزمەتێکی بەرچاو پێشکەشی فەرمانبەران و کۆمەڵگە دەکرێت.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئومێدێکی گەورەی لای فەرمانبەران دروست کردووە، کە ھەندێک لەوانە چەندین ساڵە چاوەڕوانی دابەشکردنی پارچە زەوی دەکەن، بۆ دروستکردنی خانوو بۆ خۆیان، سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەن و دەڵێن، ھەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئێمەدا بێت مەسرور بارزانی بێ یەک و دوو دەدات.
لە تەواوی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٩ ھەزار پارچە زەوی دابەش کراوە.

سێ ھەزار پارچە زەوی دیکە لە ھەولێر دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەست پێ بکات، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر ٨٢ ھەزار پارچە زەوی تەرخانکراوە، تا ئێستا ٤٢ ھەزاری دابەشکراوە و ٤٠ ھەزار پارچە زەوی ماوەتەوە.

قۆناغی کارتیان تێپەڕاند و تاپۆ دەکرێن
لە ھەولێر سەرجەم ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون دەکرێنە تاپۆ، بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانیش یەکەیەکی کارگێڕیی تایبەت پێکھێنراوە. ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پرۆسەی تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران کۆتایی ھاتووە و ئێستا قۆناغی تاپۆکردنیان دەستی پێکردووە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھیچ زەوییەک بە کارت نامێنێتەوە و سەرجەمیان تاپۆ دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، کارزان عەبدولھادی، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، ڕایگەیاند، لە کۆی ١٦٠٥٠٠ زەویی کارت لە ھەولێر، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٣ ھەزاریان تاپۆ کراون. دوای دروستکردنی یەکەی کارگێڕییەکەش، کاری تاپۆکردن بۆ زیاتر لە ٦٣ ھەزار پارچە زەوی دیکە کراوە، لە ئێستاشدا دۆسیەی ھەزاران پارچە زەوی لە قۆناغی کارکردندان لە تێبینەرایەتییەکانی خانووبەرە و ئەوانەی ماونەتەوە لە داھاتوودا کاریان لەسەر دەکرێت.

نەخشەیەکی زۆر باش بۆ دابەشکردنی زەوی لە سۆران دانراوە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: ئامادەکاری زۆر باش کراوە بۆ دابەشکردنی زەوی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەشێک لە زەویەکان دابەشکراون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو ھەموو ئەوانەی ڕەزامەندیان ھەیە زەوی وەربگرن. ھەڵگور شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، نەخشەیەکی ڕێکوپێک بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆ سۆران ئامادەکراوە، کە دادپەروەریەکی تەواو ڕەچاوکراوە و مافی ھەموو فەرمانبەران بەپێی ساڵانی خزمەتی خۆیان دەبێت و ئەولەویەت بۆ ئەو کەسانەیە کە خزمەتیان زۆرە، بۆیە پرۆسەکە بەپێی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی مافی کەس نەخورێت و بەشێک لە زەویەکان لە سنووری قەزای خەلیفان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، گوتیشی: ھەموو ئەوانەی مافی وەرگرتنی زەویان ھەیە دڵنیایان دەکەینەوە کارکردن لەسەر ئامادەکردنی زەوی و نەخشەکان تەواوبووە و لە ماوەیەکی نزیکدا لە ناوەندی سۆرانیش زەوی دابەش دەکرێت و لە قەزاکانی مێرگەسۆر و ڕەواندز و سیدەکان پرۆسەی ئامادەکردنی زەوی بەردەوامە و دوای تەواوبوونی ئامادەکاری و ڕێکارەکان زەوی دابەش دەکرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەشڵێت، کاردەکەن لەو شوێنانەی زەوی دابەش دەکرێت بەشێوازێکی مۆدێرن و شارستانی بن کە ھاووڵاتییان بتوانن سوود لەو زەویانە وەربگرن بەسەریان دابەش دەکرێت، بۆیە ئامادەکاری بەردەوام دەکرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی ڕەزامەندیان ھەیە زەویان بەسەردا دابەش بکرێت.

لە چۆمان ٩٨٠ پارچە زەوی دابەش دەکرێن
لە سێیەمین ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەست پێ دەکات، دوای ڕواندز و خەلیفان لە سنووری قەزای چۆمان زەوی بۆ فەرمانبەر و خانەنشینان ئامادەکراوە و بەسەریاندا دابەش دەکرێت.
قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە دەڤەری باڵەکایەتی دەست پێ دەکات، دوای یەکلابوونەوەی قەرەبووی خاوەن موڵکەکان دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان دەکرێت. خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، نەخشەی کەرتی جیاکراوەتەوە و ٩٨٠ پارچە زەوی ئامادەکراوە، تاوەکو ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو قەرەبووی خاوەن موڵکەکان بڕیاری لەسەر دەدرێت و تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوییەکان دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی ٤٠ ھەزار، فەرمانبەر، خانەنشین و پێشمەرگە زەوی وەردەگرن کە ٤٣٣٦ کەس لە سنووری قەزای چۆمان دەبێت.