ڕائیب جادر – هەولێر
دابەزینی نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیھانی، بازاڕە سستەکەی چەند مانگی ڕابردووی بە تەواوی بووژاندووەتەوە، ئەو ھاووڵاتییانەی لە چاوەڕوانی دابەزینی نرخەکاندا بوون، ئێستا دەرفەتەکەیان قۆزتۆتەوە و زێڕ دەکڕن. زێڕینگرانیش دەڵێن، پڕۆسەی ھاوسەرگیری بەھۆی دابەزینی نرخی زێڕ زۆر زیادی کردووە.
زێڕ بە یەکێک لە کانزا بە نرخەکانی جیھان دادەنرێت و لەڕووی ئابوورییەوە بە شتێکی گرنگ و خاوەنبەھا دەژمێردرێت، نرخەکەشی بەپێی ھەلومەرجی ئابووری لە ھەڵسان و دابەزیندایە، مرۆڤ ھەر کاتێک بیەوێت ھەم بۆ جوانی و بەھۆی نرخەکەیشیەوە وەکو ماڵێکی سپی سوودی لێ وەردەگرێت، جگە لەوەی ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کانزایە مایەی پێکەوەبەستنی ھەر دوو ڕەگەز بووە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نرخی زێڕ لەلایەن سەندیکای زێڕینگرانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەو زێڕەی کە دێتە کوردستان زۆربەی لە ئیمارات و تورکیاوە دێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان زیاتر زێڕی عەیار ٢١ کڕین و فرۆشتن پێوە دەکەن، تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە نرخی یەک مسقاڵ زێڕ ٩١٨ ھەزار دینار بوو، پێشبینی دەکرێت، ھێشتا نرخی زێڕ دابەزێت.
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە ھاوردە و ھەناردەی زێڕ ھەن کە زێڕی شکاو لە پێشانگەکان دەکڕنەوە و دوای توانەوەی بە قاڵب بە ئیمارات و تورکیای دەفرۆشن، لەوێش زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن.
ھاووڵاتییان، دەڵین، ھەتا ئێستا نرخی زێڕ زۆر گران بوو، یەک مسقاڵ زێڕ سەرووی ملیۆنێک و سەد و پەنجا ھەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ کەمتر لە ٩١٨ ھەزار دینار دابەزیوە، ئەوەش وای کردووە ڕوو لە بازاڕ بکەین و زێڕ بکڕین.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حەز دەکەین نرخی زێڕ زیاتر داببەزێت، چونکە چەند نرخەکەی دابەزێت زیاتر گەنجەکانمان دەچنە ناو پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە، لەگەڵ ئەوەش داوا دەکەین ئافرەتان کەمتر زێڕ بخوازن بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێراتر بەڕێوەبچێت.
لە ماوەی ڕابردوو بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پرۆسەی ھاوسەرگیری و مارەکردن لای گەنجانەوە سست ببوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ دابەزینی نرخی زێڕ پرۆسەکە گەرم و گوڕی تێکەوتووە.
ھەر چەندە نرخی زێڕ لە جیھاندا بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە، بەڵام دابەزینی نرخەکەی لە ئێستادا کڕیارانی دڵخۆش کردووە، بازاڕی زێڕینگرانیش کە ماوەیەکی زۆر بوو سست ببوو، ئێستا جوولەیەکی باشی تێکەوتووتەوە. بەشێک لە زێڕینگران بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نرخی ھەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی ٢٥٠ ھەزار دینار دابەزیوە، ئەم گۆڕانکارییەش پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، لە ئاستی جیھانی و گۆڕانکاری لە سیاسەتی نەختینەی بانکیە ناوەندییە گەورەکان، لەگەڵ دابەزینی نرخی زێڕ پرۆسەی ھاوسەرگیری بەرزبۆتەوە، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی زێڕ، لەگەڵ ئەوەی بازاڕی زیویش باشە و ڕۆژانە خەڵک زیوێکی زۆر دەکڕن.

