ڕائیب جادر – هەولێر
بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم تائێستا زیاتر لە ١٠٩ ھەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی بوونەتە خاوەن زەوی. بەمنزیکانە دەیان ھەزار پارچە زەوی دیکە بەتایبەتی لە شاری ھەولێر بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن. بەرپرسانی حکومی دەڵێن، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون و جووڵەی ئابووری. بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارییش، ئاشکرای دەکات، تێچووی تاپۆکردن و بەناوکردنی زەوییەکانی فەرمانبەران لەنێوان ٤٠٠ ھەزار بۆ ملیۆنێک دینارە.
ڕۆژی ٢٧-٣- ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە و بەپێی بڕیارەکان ھەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەری دا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەکی ٢٠٠ مەتریی پێ دەدرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون و جووڵەی ئابووری.
سەبارەت بە چۆنیەتی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: بە گشتی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ٥٠٠ ھەزار فەرمانبەر لە ڕاژەکانی سەربازی و مەدەنی، ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە، تائێستاش بە گشتی زیاتر لە ١٠٩ ھەزار پارچە زەوی لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراوە و کارەکانیش بەردەوامە.
بڕە پارەیەکی کەم بۆ ڕەسمی تاپۆکردنی زەویی فەرمانبەران وەردەگیرێت و ئەویش لەنێو شار و دەوروبەر جیاوازیی ھەیە. سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بۆ یەک مەتر دووجا بۆ سەنتەری شار پێنج ھەزار دینار و بۆ قەزاکان سێ ھەزار دینار و بۆ ناحییەکان دوو ھەزار دینار وەردەگیرێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ تاپۆکردن لە دوا قۆناغی پێدانەوەی تاپۆ زەوی فەرمانبەر وەردەگیرێت، کە تێچووی تاپۆکردن و بەناوکردنی زەوییەکانی فەرمانبەران لەنێوان ٤٠٠ ھەزار بۆ ملیۆنێک دینارە.

