رۆژنامەی ھەولێر

هاوکاریی ڕێکخراوەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان ٧٥% کەم بووەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەدوای کێشە و قەیرانەکانی سووریا و سەرھەڵدانی شەڕی داعش لە عێراق و سووریادا، ھەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران، ئەمەش دەریدەخات کە زیاتر لە ٨٥٤ ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان دەژین. حکوومەتی ھەرێم ساڵانە ٨٤٢ ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران تەرخان دەکات. بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، ڕەخنەی توند لە حکوومەتی فیدراڵی دەگرێت کە ئەرکی ھاوکاریکردنی ئەو لێقەوماوانەی پشتگوێ خستووە.

ھەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا پێگەیەکی گرنگی مرۆیی و جیھانی لەڕووی پێشوازیکردن و ڕێزگرتن لە پەنابەران و ئاوارەکان تۆمار کردووە و لەلایەن دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرز نرخێنراوە.
بوونی ئاسایش و ئارامییەکی پتەو لە ھەرێمی کوردستان، وایکردووە خەڵکی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش لە کاتی جەنگ و مەترسی لەسەر ژیانیان وەک پەنابەر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. کەلتووری مرۆڤدۆستی و میواندۆستی کوردستانییان وایکردووە پەنابەران، ھەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام ببینن و ھەست بە پارێزراوی بکەن.
لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوچەکانیان چۆڵ کرد، تا شەڕی داعش کۆتایی ھات لە ھەرێمی کوردستان مانەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش ئامادە نین بگەڕێنەوە ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ نەبوونی ئارامی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک ژیانیان لە مەترسیدا بێت.
حکوومەتی ھەرێمی کورستان ھەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراوجۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لە ٨٠%ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی ھەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی ٨٤٢ ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
٧٥% ڕێکخراوەکان ھاوکارییەکانیان بڕیوە، تەنیا ئەوەی خزمەتی ئاوارەکان دەکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانییە، ئەوەی پێویست بێت بۆیان دابین کراوە و لە ھەموو کەرتەکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە ئەوان کراوە، ئەگەر ھاووڵاتییانیش بگەڕێنەوە ھاوکاری دەکرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانی ھاوکاری پەنابەر و ئاوارەکان بکات، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە کە ھاوکاری لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاری ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستیان پێ بووە.
بەگوتەی بەرپرسانی کۆچ و کۆچبەران لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان چەندین ساڵە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھیچ ھاوکاری پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران ناکەن، جگە لە ڕێکخراو و دەزگا ناوخۆییەکان، بەتایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەش ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی قورستر کردووە.
ئاوارە و پەنابەران، زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێم دەکەن کە بەردەوام پشت و پەنای ئەوان بوونە و وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ ئێمە کراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ھەرێمی کوردستان بە ماڵی خۆمان بزانین و نەگەڕێینەوە.
بەرپرسی ھەندێک لە کەمپەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکارییەک پێشکەش بە ئاوارەکان ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە ئێمە بە دەیان جار داوامان کردووە، بەڵام بەداخەوە عێراق خۆی لە ئاوارەکان ناکاتە خاوەن، بۆیە ئەگەر ئاوارەکان بەتەمای بەغدا بانە، ژیان و گوزەرانیان زۆر خراپ دەبوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی ئەو ئاوارانەی لەو کەمپانە نیشتەجێن کە لە پارێزگای مووسڵ و شارەکانی دیکەی عێراقەوە ھاتوونە.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەم وەرزەدا ھەر شتێک پێویست بێت حکوومەتی ھەرێم بۆ ئاوارە و پەنابەران دەکات، لە ھەر پێنج سێکتەری ژیان، کە خۆی لە کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، تەندروستی و لابردنی پاشماوەکان دەبینێتەوە بەردەوام ھاوکاری ئەوان دەکات.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دھۆک، ئاشکراشی کرد: لە ٢٠ کەمپی سنوورەکە ٥٥ ھەزار خێزان کە خۆی لە ٢٨٠ ھەزار ئاوارە دەبینێتەوە لە سنووری دھۆک دەژین، زیاتر لە ٧٥%ی ھاوکاریی ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارە و پەنابەران کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی عێراق ھەموو خزمەتگوزارییەکی لە ئاوارەکان بڕیوە، ئەوەی ھاوکاری ئاوارەکان دەکات تەنیا حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، ڕایگەیاند، کۆی گشتیی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ھەرێمی کوردستان دەژین گەیشتووەتە ٨٥٤ ھەزار کەس.
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو ژمارەیە، عەلی سەعید، ئاماژەی بەوەدا ٢٨٥ ھەزاریان وەک پەنابەر خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ پۆلێن کراون و ٥٧١ ھەزارەکەی تریان ئاوارەی ناوخۆیی عێراقن کە بەھۆی نائارامیی ناوچەکانیانەوە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان، گوتیشی: سەرەڕای ئەرکە قورسە مرۆییەکان، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە ھیچ شێوەیەک ھاوکاریی ئەم ئاوارە و پەنابەرانەیان نەکردووە، تەواوی ئەرکی خزمەتکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، کە بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دراوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین دەیە پەناگەیەکی ئارام و مێژوویی بووە بۆ لێقەوماوان، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی، حکوومەت بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و داوای لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن.
وەزیری ناوخۆ، ئاشکرای کرد، ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتبوو، ئەم کارە لەژێر سەرپەرشتی و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە ھەموو دامەزراوەکان و تواناکانیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ھیچ پەنابەرێک بێ ھیوا نەبێت.
ڕێبەر ئەحمەد، باسی لەوەش کرد، ھەرێمی کوردستان سەرەڕای تەواوی ئاڵنگارییەکان، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ھاوکاری نێودەوڵەتی کەمی کردووە، بۆیە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی حکوومەت، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە سیستەمێکی تۆمارکردنی ھەمەلایەنەیان بۆ ئاوارەکان پەیڕەو کردووە کە ھاوتایە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لە ھەمان کاتدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ ئاوارەکان کردووە بۆ خێرا دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، ھاوکات ستایشی ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکان لە ناو کەمپەکاندا.
ڕێبەر ئەحمەد، داوای لە حکوومەتی نوێی عێراق کرد کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت و بودجەی پێویست بۆ چارەسەری کێشەی ئاوارەکان تەرخان بکات، ھەروەھا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئاستی ھاوکارییەکانیان کەم نەکەنەوە، بەڵکو وەبەرھێنان لە بەھێزکردنی توانای بەرگریی ئاوارەکاندا بکەن، چونکە ئەرکی مرۆیی دەبێت ھاوبەش بێت و تەنیا لەسەر شانی کۆمەڵگەی خانەخوێ نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ، سەرنجی خستە سەر کارەساتی شنگال و ڕایگەیاند، دوای چەندین ساڵ لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، ھێشتا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، پێویستە ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچەکانیان دابین بکرێت.