رۆژنامەی ھەولێر

لە دهۆک ڕێز لە هۆزانڤان محسن قۆچان نرا

دوێنێ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، و یاریدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ژمارەیەک لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەڤانان، هونەرمەندان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە هۆزانڤان محسن قۆچان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێکرد.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ئەدیبان و هونەرمەندان لە پاراستن و گەشەپێدانی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر نرخ و بەهای ئەو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییانەی کە هۆزانڤان محسن قۆچان بە درێژایی ساڵانی خزمەتی خۆی پێشکەشی ئەدەب و کولتووری کوردی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، موئەیەد تەیب خوێندنەوەیەکی بۆ بەرهەم و ئەزموونە ئەدەبییەکانی هۆزانڤان محسن قۆچان پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تایبەتمەندییەکانی شیعر و ئەدەبیاتەکانی محسن قۆچان.
پاشان هونەرمەند جگەرخوێن ئەنەس ئامێدی تابلۆیەکی هونەری و چەند پارچەیەکی موزیکی پێشکەش کرد و، دواتر هۆزانڤان محسن قۆچان وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە ئەزموون و یادگارییەکانی خۆی لە بوارەکانی شیعر و ئەدەب کرد و، سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ئەم هەنگاوە و، پاشان چەند هۆزانێکی خۆی خوێندەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ڕێزلێنان و گوڵی وەفای پێشکەش بە هۆزانڤان محسن قۆچان کرد و دیوانی شعری (گژلۆک کچەکا قشتالی یە) بە واژووی نووسەر پێشکەشی ئامادبووان کرا.
شایانی باسە دەزگا و ناوەندە کلتوورییەکان بە چەپکە گوڵ ڕێز و وەفایان پێشکەش بە هۆزانڤان قۆچان کرد.