ڕائیب جادر – هەولێر
نۆ ساڵ بەسەر بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تێدەپەڕێت، چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: ڕیفراندۆم، پرۆسەیەکی مێژوویی بوو لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا و کوردیش لە پێش ھەموو دونیا بەشێوەیەکی دیموکراسیانە و لەنێو ھەناوی ڕۆژھەڵاتی ناویندا داوای مافی ڕەوای خۆی کرد.
ڕۆژی ٧/٦/٢٠١٧ ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێکھێنرا، زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە و پێکەوە ڕایانگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، تا بزانرێت سەربەخۆیی دەوێت، یان دوای ئەو ھەموو نەھامەتییەی بەسەریاندا ھاتووە، دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنەوە، سەرۆک بارزانی، پێشڕەو و پێشەنگی ڕیفراندۆم بوو.
ئەو ڕۆژە، لایەنە سیاسییەکانی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتە ئیسلامی و نەتەوەیی و پێکھاتە جیاوازەکان، لەژێر چەتری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم کۆبوونەوە. پەیامی سەرەکی ئەوە بوو دوای نۆ دەیە لە نەھامەتی و پێشێلکاریی دەستووری لەلایەن بەغداوە، کاتی ھاتووە گەل قسەی کۆتایی خۆی بکات.
سەرەڕای فشارە بێوێنە نێودەوڵەتییەکان و ھەڕەشەی وڵاتانی دراوسێ بۆ داخستنی سنوورەکان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی، سەرۆک بارزانی وەک پارێزەری ئەو پرسە نەتەوەییە لە ھەموو دیدارە دیپلۆماسی و جەماوەرییەکاندا جەختی دەکردەوە، ڕیفراندۆم مافێکی سروشتی و یاسایی گەلی کوردستانە و ھیچ جێگرەوەیەک نییە گەرەنتیی مافەکان بکات، سووریش بوو لەسەر ئەوەی دەبێت گەل بڕیار بدات، نەک فشارە دەرەکییەکان.
ڕیفراندۆم تەنیا درووشم نەبوو، ڕۆژبەڕۆژ ئاھەنگ و کەرنەڤاڵی فراوان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان سازدەکران، بەڵام ھەندێک لەو لایەنانەی لەناو ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نوێنەریان ھەبوو، نەشانیان دایە بەربانگەشەکردن و نەوەک پێویست کاریان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد.
سەرۆک بارزانی، ئەو کات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو، ھەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەزانی، ئەرکێکی قورسی بەڕێوەدەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستە سەر تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە ھەمان کاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەکارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئەو نەک ئەوکاتە، تەنانەت لە دوایین دیداریشی پێش کردنی ڕیفراندۆم لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری کە شەوی ٢٣/٩/٢٠١٨ بڵاوکرایەوە گوتی: ھەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەکەم مافی بڕیاردان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکانی بانگەشەی ڕیفراندۆم و لەو دیدارانەشی میدیا ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵیان دەکرد دەیگوت: ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری خەڵکی کوردستانە، پێشێلکردنی دەستوور، تەوافوق، شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو، کە ھانی گەلی کوردستانیدا، ڕیفراندۆم بکات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابایە ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژە نەدەگەیشت.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێکی دیکە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان دەکرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ھیچ جێگرەوەیەکی بۆ ڕیفراندۆم نەخرایە بەردەست و بە ھیچ یەکێک لەو داواکاریانە ڕازی نەبوون، چونکە کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ حکوومەت و دەوڵەتی عێراق گەیشتبوونە لووتکە و وەک ئەوەی حکوومەتی ھەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەیانگوت: بەغدا باوەڕی بە ھاوبەشی نەماوە و زیاتر لە ٥٥ بڕگە و بەندی دەستووری پێشێلکردووە، ئەگەر نەتوانین دوو ھاوبەشی ڕاستەقینە بین، باشترە دوو دراوسێی باش بین.
سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، بۆ خەڵکی کوردستان وەک جەژنێکی نەتەوەیی بوو، ئەوان تازە لە مەترسی داعش دوورکەوتبوونەوە و بە ئومێدێکی گەورەوە بەرەو سندووقەکان ڕۆیشتن تا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئایا دەیانەوێت سەربەخۆبن، یان لەگەڵ عێراق بمێنەوە، ٩٣% دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و کوردانی تاراوگە بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بە لای گەلی کوردستانەوە، ئازادی لە نان گرنگتر بوو، بە دەنگێکی زوڵاڵ بە جیھانیان گوت: سەربەخۆییمان دەوێ.
بەگوتەی چاودێرانی نێودەوڵەتی، ڕیفراندۆم بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کرا و خاوێنی پرۆسەکەیان بۆ جیھان خستەڕوو، ڕیفراندۆم بڕیارێکی ڕاست و دروستی گەلی کوردستان بوو، ڕۆژی ڕیفراندۆم دیار بوو کوردستانیان تاچەند تامەزرۆی سەربەخۆیین و دەیانەوێت سەربەست و سەرفراز بژین.
پرسی سەربەخۆیی کوردستان، پرسێکی مێژوویی خەڵکی کوردستانە و لە دێرزەمانەوە ھەوڵی بۆ داوە، داوای سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی لە عێراق کردووە، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو گەلی کوردستان و جیھان ئاشکرا بوو، کە خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە، بۆ ھەمیشە تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان شانازی بە بوونی کاریزمایەکی وەکو سەرۆک بارزانییەوە دەکەن.
وەحید یاقوو، نوێنەری کریستیانەکان کە ئەو کات لە شاندی باڵای ڕیفراندۆم بوو، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو: شانازی کردنی ڕیفراندۆم بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە، چونکە بەردی بناغەی سەربەخۆیی دانرا، ڕیفراندۆم باشترین بەڵگەی مێژووییە، تا لەو ڕێگەیەوە بگەین بە دەوڵەتی سەربەخۆ، بەتایبەتی بۆ پێکھاتەکانی نێو ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠، لەبەر ئەوەی پێکھاتەکان لەنێو دەوڵەتێک، ئەویش دەوڵەتی کوردستان بێت دەگەن بەو مافانەی بەدەست نەھاتوون.
ئەو ئەندامەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوەشی گوت: ئەوەی خەڵکی کوردستان کردی سەرەتاییترین و سادەترین مافی ھەر نەتەوەیەکە، کە خوا دروستی کردووە، گەلی کوردستان وەک ھەر میللەتێک کە لە ناوچەکەدا دەژیت و دابەشی سەر چەند دەوڵەتێک کراوە، بە داخەوە لە ڕابردوودا جیۆگرافیاکەی ھەمیشە لە ژێر دەستی داگیرکەراندا بووە، ستراتیجی حیزب و شۆڕشەکانی ڕابردوو بۆ دەوڵەت نەبووە، بەڵام ڕیفراندۆم بووە خاڵی وەرچەرخان و بە ھەموو گەلانی دنیا و نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەی گوت، خەڵکی کوردستان داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات.
دوای نۆ ساڵ، بڕیارەکەی ٧ی حوزەیران وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت تێیدا کورد نیشانی دا سەرەڕای گەمارۆ و سزادانی بەکۆمەڵ، ویستی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکان ناچەمێت و ڕیفراندۆم وەک ناسنامەیەکی یاسایی و سیاسیی ھەمیشەیی لە ئەرشیفی گەلی کورددا دەمێنێتەوە.

