ڕائیب جادر – هەولێر
لە ماوەی سەد ڕۆژی ڕابردوودا کە گەرووی هورمز داخراوە تەنیا لە ڕێی هێڵی کوردستان-جەیهان نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی کراوە. ئەو نەوتەی هەناردە کراوە بەشێکی کەمی هیی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بووە و بەشی زۆری ئەو نەوتە لە کێڵگەکانی باشووری عێراق گواستراوەتەوە کەرکووک و پاشان لەگەڵ نەوتی کەرکووک تێکەڵی هێڵەکە کراوە و بەرەو بازاڕەکان ڕۆیشتووە.
قەبارەی هەناردەکردنەکە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ گەیشتە زیاتر لە سێسەد و سی هەزار بەرمیل و ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی جاران ئاسایی ببێتەوە ئەوا دەکرێت هەناردە بگەیەنرێتە سەرووی شەشسەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سەد ڕۆژە هورمز داخراوە و عێراق لە هەناردەکردنی زیاتر لە هەشتا لەسەدای نەوتەکەی بێبەش بووە، پێشی جەنگ ڕۆژانە سێ ملیون پێنجسەد هەزار بەرمیل هەناردە دەکرا کە سێ ملیۆن و دووسەد هەزار بەرمیلی لە ڕێی هورمزەوە بوو و سێسەد هەزار بەرمیلیش لە کوردستانەوە دەنێردرا. هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کردنەوەی هورمز نییە و دیار نییە کەی ئەو ڕێڕەوە دەکرێتەوە.
ناکرێ حکوومەت دەستەوەستان دابنیشێت و چاوەڕوانی کردنەوەی گەرووەکە بکات و چارەنووس و بژێویی چل و شەش ملیۆن کەس لە دانیشتووانی عێراق نە نادیاری بهێڵێتەوە. باشترین بژاردە هەر ئەوەیە سوود لە کۆی تواناکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان وەرگیرێت.
کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەدرۆنییەکان و ئەو مەترسییە ئەمنییانەی بۆ سەر کێڵگەکان هاتە کایەوە بەرهەمهێنایان وەستاند یان سنووردار کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتیش ئۆباڵی ئەو دۆخەیان خستە پاڵ حکوومەتی فیدراڵی و گوتیان ئەوە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە پێش بە هێرشە درۆنییەکان بگرێت و ئاسایشی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان و مافەکانیان گەرەنتی بکات.
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و شاندی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتیش لەگەڵ شاندی کوردستان چوونە بەغدا و ویست و داواکارییەکانی خۆیان گەیاند و لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فیدراڵی تاوتویێ کێشەکانیان کرد.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی کوردستانی ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر و ئەو پەیامەی بە ڕوونی بە حکوومەتی فیدراڵی داوە کە ئامادەیە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات.
لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەنگاوی کردەیی بۆ بنرێت تەنیا گەرەنتی ئاسایشی کۆمپانیاکان بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا کۆمپانیاکان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە. لە مانگی ئایاری ئەمساڵ کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان ڕۆژانە کەمتر لە بیست هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم هێناوە لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانیان چەندین هێندە زیاترە.
بەپێی ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەری ڕێککەوتوون لە قۆناغ یەکەمی دەستپێکردنەوەی چالاکیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کوردستان، بەرهەمهێنانی نەوت دەگەیەنرێتە سەد و پەنجا هەزار بەرمیل و لە قۆناغی دووەمدا بۆ دووسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرزی دەکەونەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە سەرکەوتوو بێت ئەوا هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێی هێڵی کوردستان جەیهان بەمزووانە دەگاتە نزیکەی شەشسەد هەزار بەرمیل.
ئەم شەشسەد هەزار بەرمیل نەوتە دەتوانێت بەهای یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی جارانی هەبێت چونکە ڕاستە هەناردە کەمە بەڵام نرخی نەوت لەو ماوەیەدا بە نزیکەی سەد دۆلار فرۆشراوە و دەتوانێت کەلێنێکی گەورە لە قەیرانی دارایی عێراق پڕ بکاتەوە.
کۆمپانیا نەوتییەکان ئەگەر ئاسایشیان دابین بکرێت و چیتر هێرش نەکرێتە سەر کێڵگەکان و سەرجەم هەڕەشە و مەترسییەکان بڕەوێنەوە ئەوا ئەو ئامادەییان هەیە بیری نوێ لێبدەن و قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازارەکان زیاتر بەرز بکەنەوە.

