رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر خاوەنی یەكێك لە گرینگترین و دەوڵەمەندترین حەوزەكانی ئاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوایین پشكنینەكان بۆ ئاوی ژێرزەوی، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت كە باڵای ئاوی ژێر زەوی زیادی كردووە، ئەمەش بە هۆی ئەو بارانە زۆرە بووە كە ئەمساڵ لە كوردستان باریوە. دواین جار کە بارانێکی زۆر لە کوردستان باریبێت و بەهۆیەوە بەنداوەکان سەرڕێژ بووبن و ئاوی ژێر زەوی زیادی کردبێت بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە. ئەمساڵیش ساڵێکی پڕ ئاو بوو بۆ هەرێمی کوردستان و جارێکی دیکە بەنداوەکان سەرڕێژ بوون و ئاوی ژێر زەوی بووژاندووەتەوە.

رێژەی باران لە هەرێمی کورستان لە زۆربەی شوێنەکان زیادی کردووە و لە هەندێک ناوچە دوو تا سێ هێندە زیادی کرد و لە هەندێک ناوچەی کوردستان سەرووی هەزار ملم و لە هەندێک شوێنی دیکە سەرووی هەزار و پێنجسەد ملم باریوە.
لە دەیەکانی ڕابردوودا وەک پێویست نەتوانراوە ئاوی سەر زەوی بخرێتە خزمەت ئاوی ژێر زەوی بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بایەخێکی زۆر بۆ دروستکردنی بەنداو دراوە و دەیان بەنداوی بچووک و مامناوەندی بنیات نراون و ڕۆڵیان هەبووە لە گلدانەوەی ئاوی سەر زەوی و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی هەبووە.
هەولێر خاوەنی یەكێك لە گرینگترین و دەوڵەمەندترین حەوزەكانی ئاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕووبەری ئاوی ئەو حەوزە دەگاتە سێ هەزار و دووسەد كیلۆمەتر دووجا. ئەمەش وەك ئەوە وایە دەریاچەیەك لە ژێر هەولێر بێت كە شەست كیلۆمەتر درێژ و نزیكەی پەنجا و پێنج كیلۆمەتر پان بیت.
لێدانی بیرێکی زۆر و هەڵێنجانی ئاوێکی لەرادەبەدەر لە ژێر زەویی هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا لەپاڵ وشکەساڵی هۆکار بوو لەوەی ئاوی ژێر زەوی زیاتر دابەزێت.
وەک ئاشکرایە ئاوی ژێرزەوی لە كوردستان بۆ سێ مەبەست سوودی لێ وەردەگیرێت، “خواردنەوە، كشتوكاڵ و پیشەسازی”. زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و تا ئاستێك گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی پشتئەستوور بە ئاوی ژێرزەوی، وایكردووە لە چەند ساڵی ڕابردوو گوشارێكی زۆر بخرێتە سەری و جگە لەو بیرانەی حكوومەت لە چوارچێوەی ڕێنوێنیدا هەڵیكەندوون، بە هەزاران بیریش لە دەرەوەی یاسا لێ دراون.
تا سەرەتای ئەم دەیەی زایینی چوار هەزار و سێسەد بیری نایاسایی و هەشت هەزار وحەوتسەد بیری یاسایی لێ دراون. لە بیرە یاساییەكان چوار هەزار و چوارسەد بیریان بۆ بواری كشتوكاڵ، چوار هەزار و سەد و سی بیر بۆ خواردنەوە سەرووی سەد و شەست بیری تر بۆ بواری پیشەسازی لێ دراون.
لێدانی ژمارەیەكی زۆری بیری نایاسایی لە دوو دەیەی ڕابردوو، ئاوی ژێرزەوی كوردستانی بە خێرایی كەم كردەوە، هەرچەندە زیاتر لە پێنج ساڵە لێدانی بیر تا ئاستێك سنووردار كراوە، بەڵام هێشتا هەر مەترسیدارە و هەر بیرێك كە لێ دەدرێ، زیانێكی زۆری ژینگەیی بەدوای خۆیدا دێنێت.
یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە حکوومەت بە تایبەتی لە هەولێر جێبەجێی کردووە و بەهۆیەوە خزمەتی ئاوی ژێر زەوی کردووە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێرە کە ساڵی ڕابردوو جێبەجێ کرا و بەهۆیەوە باس لەوە دەکرێ هەزار و پێنجسەد بیر داخراون.
ئەو پڕۆژەیە وایکردووە ئاوی ژێر زەوی بحەسێتەوە و بۆ نەوەکانی داهاتوو پاشەکەوت بکرێت. لەگەڵ ئەوەی ئەو ژمارە زۆرە بیرە داخراون، بە ڕێکارێکی تەکنیکی ئاو بۆ ژێر زەوی دەنێردرێت و بۆ داهاتوو پاشەکەوت دەکرێت.
بارانی زۆر و پەرەسەندنی پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوەی پشتئەستوور بە ڕووبارەکان لە پاڵ بنیاتنانی ژمارەیەکی زۆری پۆند و بەنداو کاریگەریی زۆر ئەرێنییان بۆ سەر کەرتی ئاوی ژێر زەوی هەبووە و ئیدارەدانی ڕێکوپێک دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر پارێزگاری لەو سامانە نیشتمانییە بکرێت.