رۆژنامەی ھەولێر

(تۆم ڕەیس). ئەو نووسەرەی دەنگ بووەتـــــــــــــــــــــــــە ئیلهامی کتێبە بەنێوبانگەکانی

نـــــوح چــــــــــارنی
وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

(تۆم ڕەیس ـ Tom Reiss)، نووسەر و مێژوونووس، خەڵکی ئەمریکایە. نووسەری سێ کتێبی ناخەیاڵییە کە نوێترینیان بریتییە (ژەنەڕاڵە ڕەشپێستەکە – The Black Count) کە هەر بە هۆیەوە لە ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی پولیتزەری پێ بەخشرا. لەم گفتوگۆیەیدا باس لە گەورەبوونی لە ڤیەننای بچووک، گوێگرتن لە گۆرانییەکی (بیڵی جۆێل – Billy Joel) بۆ سەدان جار و شەونخونییەکانی دەکات.

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
تۆم ڕەیس: چوار ساڵی یەکەمی ژیانم لە ناوچەی (واشنتن هایتس – Washington Heights) لە (مانهاتن – Manhattan) بەسەر برد، ئەو کاتە پڕ بوو لەو پەنابەرە جوولەکانەی ئەڵمانیا کە لە دەست نازییەکان ڕایان کردبوو. لە نێوان شوقەکەی داپیرەم (هۆنۆرا – Honora) کە پڕ بوو لە مۆبیلیاتی داری ئەڵمانی و، شوقەکەی مامە (لۆلێک – Lolek) و پوورە (گێردا – Gerda) دەژیام کە پارچەیەک بوو لە ڤیەننای پێش جەنگ. کاتێک تەمەنم چوار ساڵ و نیو بوو، گواستمانەوە بۆ (تەکساس – Texas). یادەوەرییەکی زۆرم لەوێ هەیە، بەتایبەت کاتێک لە سوچی گۆڕەپانی یارییەکە دادەنیشتم و لە پەڕژینەکەوە تەماشای دەرەوەم دەکرد و خەونم بە گەڕانەوە بۆ نیویۆرک دەبینی. دواتر گەڕاینەوە بۆ ڕۆژهەڵات و زۆربەی منداڵیم لە نزیک (سپرینگیفیڵد – Springfield) بەسەر برد، بەڵام زۆر دەگەڕامەوە بۆ واشنتن هایتس بۆ لای خزمە ئەڵمانی زمانەکانم. داپیرەم بە چیرۆکەکانی دەربارەی ئەوەی لە ساڵانی ١٩٣٠ لە ئەڵمانیا بەسەر خێزانەکەیدا هاتبوو، جیهانی بۆ ڕوون دەکردمەوە، بەڵام من ڤیەننای بچووکم پێ خۆشتر بوو و پڕ بوو لە (وەینەر شنیتزڵ – Wiener Schnitzel) و هاوڕێی پەنابەر کە چیرۆک و نوکتەیان دەگێڕایەوە. زۆر حەزم لە چیرۆکەکانی مامە لۆلێک بوو؛ چیرۆکەکانی ئەو باسی نازییەکان و مەترسییەکەیانی دەکرد، بەڵام پەیامەکەی جیاواز بوو: ژیان نەپێشبینیکراوە، سەیر و پێکەنیناوییە. دروشمی ئەو “ئامادە بە” بوو نەک “بترسە”. چیرۆکەکانی ئەو لە تەلەڤیزیۆن خۆشتر بوون.
ـ جلی دڵخوازت کامەیە؟
تۆم ڕەیس: پاڵتۆیەکی خوری ڕەشی کۆنی مامە لۆلێک. پێم وایە لە ساڵانی ١٩٥٠ کڕیویەتی، بەڵام تا ئێستا نوێیە. هێندە قورسە وەک ئەوە وایە لە کانزا دروست کرابێت. لە ساردترین ڕۆژدا دەتوانم تەنها تیشێرتێکی لە ژێرەوە بپۆشم و سەرمام نەبێت. کاتێک دەیپۆشم هەست دەکەم مامەم لە دەورمە و پارچەیەکی ئەو هێشتا لای من ماوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر بردم بۆ ئیتالیا بۆ ئەوەی ناوپۆشەکەی بۆ چاک بکەنەوە، چونکە مامەم ئیتالیای زۆر خۆش دەویست. – لە ڕاستیدا ئەو ساڵی ١٩٣٤ لە فاشیستەکانی نەمسا هەڵهاتبوو و چووە فلۆرانس، لەوێ چەند ساڵێک بە باشی لە ئیتالیای مۆسۆلینیدا ژیا – منیش یەکەم گەشتم لە منداڵی بۆ ئیتالیا لەگەڵ ئەودا بوو. دڵخۆش بووم کە پاڵتۆ ڕەشە کۆنەکەیم هێنایە ئەوێ تا چاک بکرێتەوە.
ـ هەندێک لە ژیاننامەنووسەکان وەک ئەکتەرەکان خۆیان دەخەنە ناو کەشوهەوای کەسایەتییەکەوە، هەندێکی تر خۆیان کەمێک بەدوور دەگرن. شێوازی تۆ چۆنە؟
تۆم ڕەیس: بێگومان من لە قوتابخانەی مێتۆدی نواندەنکەم. هەموو شتێک لای من دەنگە. هەوڵ دەدەم دەنگی ئەو سەردەمە هەڵبژێرم. کاتێک دەنووسم، ڕێگە بە خۆم نادەم گوێ لە هیچ مۆسیقایەک بگرم کە لە دوای ئەو سەردەمە بەرهەم هاتبێت کە باسی دەکەم. کاتێک کتێبی (ڕۆژهەڵاتناس – The Orientalist)م دەنووسی، تەنها مۆسیقای ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠م گوێ دەگرت. یەکێک لە خەونە گەورەکانم ئەوەیە کە ئامێری تۆمارکردنی دەنگ سەدان ساڵ زووتر دابهێنرایە بۆ ئەوەی بزانم دەنگی خەڵک لە ساڵی ١٧٥٠ یان ١٨٣٠ چۆن بووە.
ـ بۆ نووسینەوەی ژیاننامەیان چۆن کەسایەتییەکان هەڵدەبژێریت؟
تۆم ڕەیس: من ناتوانم ژیاننامەی کەسێک بنووسم تەنها لەبەر ئەوەی سەرسامم پێی. من مێژوونووسم بەقەد ئەوەی ژیاننامەنووسم. بە دوای کەسانێکدا دەگەڕێم کە ژیانیان وەک پەنجەرەیەک بێت بۆ بینینی مێژوو بە شێوازێکی نوێ. بۆ نموونە: کۆیلەیەک کە بووە هیوایەکی گەورەی شۆڕشی فەڕەنسا و ڕکابەری ناپلیۆن؛ یان نووسەرێکی جوولەکە کە خۆی وەک شازادەیەکی موسڵمان نیشان دا و بووە نووسەری پڕفرۆش لە ئەوروپای فاشیست. ئەمانە لایەنە نامۆکانی مێژوو دەردەخەن.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
تۆم ڕەیس: خواردنی چینی (سیچوان – Szechuan) کە زۆر توون و تیژە. هەموو جۆرە خواردنێکی تیژم حەز لێیە. شوکولاتەی تاڵ و قاوەیەکی زۆر بە هەموو جۆرێک و لە هەموو کاتێکدا.
ـ تۆ، دڵخوازترین ڕستەی سەرەتا یان کۆتایی کتێبت هەیە؟
تۆم ڕەیس: ڕستەیەکی (یاکۆڤ لیند – Jakov Lind) هەیە لە کتبی (ڕۆحی دار – Soul of Wood) زۆر تایبەتە لام کە بریتییە: “ئەوانەی هیچ ناسنامەیەکیان نەبوو بۆ ئەوەی بژین، سەرەیان گرت بۆ ئەوەی بمرن.”
ـ کاتێک بیر لە پلانی کتێبێک دەکەیتەوە، ئایا پێشوەختە نەخشەی بۆ دەکێشیت؟
تۆم ڕەیس: بە نووسینی بەشێک دەست پێ دەکەم – سەرەتا، ناوەڕاست یان کۆتایی، گرنگ نییە. بە دوای “دەنگ”ی کتێبەکەدا دەگەڕێم. کاتێک دەنگەکەم دۆزییەوە، دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتا. هەرگیز پێشوەختە نەخشە ناکێشم، بەڵام دوای ئەوەی ڕەشنووسێکم نووسی، لەسەر زەرفی نامە دەست دەکەم بە کێشانی نەخشەی ئەو ناوچەیەی دروستم کردووە.
ـ دەبێت چی لە لاپەڕەی یەکەمدا ڕوو بدات بۆ ئەوەی کتێبەکە سەرکەوتوو بێت و بخوێنرێتەوە؟
تۆم ڕەیس: دەبێت کێشەیەک یان نهێنییەک هەبێت کە بە ڕوون و ئاشکرایی بەهاکەی دەرنەخات، بەڵام بەڵێنی زانیاری و ئەزموونێکی گۆڕەری ژیان بدات ئەگەر بەدوایدا بچیت.
ـ باسی بەرنامەی نووسینت بکە.
تۆم ڕەیس: هەموو شتێک بخوێنەرەوە، بۆ هەموو شوێنێک بڕۆ، هەموو خوویەکی خراپ تاقی بکەرەوە. ئەگەر چیرۆکێکی گەورەت لەدەست بێت، هەموو خەرجی و خراپەیەک ڕەوایە. کاتێک زۆر بە قووڵی دەچمە ناو کتێبێکەوە، ڕۆژانە ١٦ بۆ ١٨ کاتژمێر کار دەکەم. بەرنامەکە سادەیە: هەستە، بچۆرە سەر کۆمپیوتەرەکەت، بنووسە، پشوو بدە، بنووسە.. تا بەرەبەیان لە ماندووێتیدا خەو دەتباتەوە. دواتر نیوەڕۆ هەستە و دووبارە دەستپێبکەرەوە.
ـ بەرنامەی ئێوارانت چۆنە؟
تۆم ڕەیس: من شەونخونم، زۆربەی کات کاری جیددیم دوای کاتژمێر ١٠ی شەو دەستپێدەکات. زۆربەی خۆرهەڵاتنەکانی ژیانم کاتێک بینیومە کە خەریکی کار بووم. کاتێک کارێکی زۆرم نییە، کاتەکانم دەگۆڕم بۆ ڕۆژ – من حەزم لە ڕووناکییە، تەنها ناتوانم باشترین نووسینەکانم لە ڕۆژدا بنووسم.
ـ ئایا هیچ شتێکی نامۆ لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
تۆم ڕەیس: چەندین وێنەی فیلمم هەیە: (ستیڤ مەککوین – Steve McQueen) لەسەر ماتۆڕسکیلەکەی لە سنووری سویسرا، چەندین وێنەی (کاری گرانت – Cary Grant) لە کاتی ڕاکردن. زنجیرەیەک کارتی پۆستەری فیلمی (لویس مال – Louis Malle) بە ناوی (ڤیڤا ماریا – Viva Maria ) کە (بریجیت باردۆ – Brigitte Bardot) و (جین مۆریۆ – Jeanne Moreau) وەک کچانی سەدەی نۆزدەهەم کە جلی ژانانەی تانگۆیییان لەبەر کردووە لەکاتێکدا سەرکردایەتی شۆڕشێک دەکەن لە سەرانسەری ئەمریکای لاتین. پۆستەرێکی ڕیکلامی کۆنیشم هەیە لە پزیشکی دەروونی دایکم کە وێنەیەکی شێتانەی (ناپلیۆن – Napoleon) بەکار دەهێنێت بۆ وەرگرتنی دەرمانی نەخۆشی. هەروەها چەند کۆپی قاوەم هەیە بە قەبارەی ئیسپرێسۆ کە (سنوپی – Snoopy)یان لەسەرە کە پۆزی جۆراوجۆری قارەمانانەی لێداوە.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
تۆم ڕەیس: زۆر شت. لە منداڵییەوە حەزم لە (برایانی مارکس – Marx Brothers) و (وودی ئالن – Woody Allen) بوو. زۆر حەزم لە کۆمیدیای سادە و توانجدەرانەیە. خوێنەرانم سەرسام دەبن ئەگەر بزانن چەندە سەیری کۆمیدیای “سەیروسەمەرە” دەکەم لە کاتی نووسینی تراژیدیترین دیمەنەکانی کتێبەکانم. ئاخر ئەوە دەمحەسێنێتەوە.
ـ چی دەتگریێنێت؟
تۆم ڕەیس: دیمەنێک لە سەرەتای کتێبی (The Black Count) کە تێیدا (ئەلیکساندر دۆماس – Alexandre Dumas) دەیهەوێت بچێت خودا بکوژێت، چونکە باوکی لێ سەندووەتەوە. هەروەها ئەگەر سەیری وێنەیەکی مامە لۆلێک بکەم دەگریم. من هێشتا ئامادە نەبووم ئەو بڕوات. من کەمێک هەستیارم.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
تۆم ڕەیس: بڕوام بە هێزگەلێک هەیە کە بە ئەقڵ ڕوون ناکرێنەوە. پێموایە ئەو کەسایەتییانەی ژیاننامەیان دەنووسم، ئەوان من هەڵدەبژێرن نەک من ئەوان. تەنها هەوڵ دەدەم شایستەی ئەو متمانەیە بم.
ـ شتێکمان پێ بڵێ کە زۆر کەس نایزانن.
تۆم ڕەیس: من خویەکم هەیە کە زوو هۆگری گۆرانی یان نمایشە کۆمیدییەکان دەبم؛ زۆربەی کات ئەوە دەنگەکانن کە داگیرم دەکەن. ئاوازێکی دیاریکراو زەینم داگیر دەکات و ئیتر لە هەفتەیەکدا سەد جار لێی دەدەمەوە. لەم دواییانەدا گۆرانی (Allentown)ی (بیڵی جۆیێڵ – Billy Joel)، بە شێوەیەکی سەیر بە لامەوە کاریگەر بوو. پێش ئەوەش گۆرانیی یان (یەکەم برین، قووڵترینە – The First Cut Is the Deepest)ی (ڕۆد ستیوارت – Rod Stewart) بوو و تاقە گۆرانی ڕۆدە کە بە ڕاستی بە دڵم بێت. لە خەومدا بیستم و هەستم کرد ناچارم گوێی لێ بگرم. چەندین دەیە شتی وام نەبیستبوو. لەوانەیە لە ماوەی ئەم دوو مانگی ڕابردووە هەزار جار گوێم لێ گرتبێتەوە. ئەم خولیای دووبارەکردنەوەیەم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی فێری زمانە بیانییەکانیش بم. کاتێک منداڵ بووم، کۆمەڵە قەوانە کۆنەکانی دایکم دۆزییەوە و یەک لە دوای یەک گوێم لە گۆرانییە فەڕەنسییەکان دەگرتەوە. دایکم هیچ هەوڵێکی نەدەدا فێری فەڕەنسیم بکات، بەڵام گوێگرتن لە قەوانە کۆنەکان و تێگەیشتن لە هەندێک گۆرانیی دڵخواز وایان لێکردم کەمێک لە زمانەکە تێبگەم. دواتر کە خەریکی فێربوونی ئەڵمانی بووم، گۆرانیی (بیرکردنەوەکان ئازادن – Die Gedanken Sind Frei)م ئەزبەر کرد کە لەسەر قەوانێکی کۆن دۆزیبوومەوە. ئەمە مانایەکی زۆر تایبەتی بۆ من هەبوو، چونکە لە فیلمێکی تەلەفزیۆنیدا بینیبووم هەر کاتێک دیلێکی ئەمریکی ئەو گۆرانییەی بوتایە، ئەفسەرێکی نازی مێشکی دەتەقاند. بۆ نووسینی کتێبی بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بۆ کتێبی ڕۆژهەڵاتناس، بڕیارم دا پێویستە فێری ئیتالی بم، بە تایبەتی خولیای کۆمەڵە گۆرانییەکی هونەرمەندانی (مۆتاون – Motown) بووم کە گۆرانییەکانی خۆیان بە ئیتالی دەوتەوە، وەک گرووپی (سوپریمز – the Supremes)، (جیمی ڕەفین – immy Ruffin) و (ئێدوین ستار – dwin Starr). ئەوە زۆر مانای هەبوو بۆم، چونکە لەوێوە دەبیستیت کە زمان چۆن هەمووی پەیوەستە بە ‘دەنگ’ەوە. (ستیڤی وۆندەر – Stevie Wonder) بە جۆرێک بە ئیتالی گۆرانی دەڵێت وەک ئەوەی زمانی دایکی بێت، چونکە ئەو بە تەواوی چووەتە ناو قووڵایی دەنگەکەوە. کاتێک گەنجتر بووم، هەمیشە پێیان دەوتم کە کاتێک بە زمانێکی بیانی قسە دەکەم، دەبێت شێوەزارێکی بێ کەموکوڕیم هەبێت. ئەمە لە ڕاستیدا زۆر پەیوەندی بە شێوازی نووسینی منەوە هەیە. من حەزم لە گوێگرتنە لە قسەکردنی خەڵک، دەتوانم تەنها لە وێستگەیەکی پاس یان لەسەر کورسییەکی باڕ دابنیشم و چێژ لەو گفتوگۆیانە وەربگرم کە لە دەوروبەرمدا دەگوزەرێن؛ گرنگ نییە بابەتەکە چییە. ئەوە دەنگەکان، ئاوازەکان و ئەو هەستانەن کە لە ناو دەنگی مرۆڤەکاندان. بە دڵنیاییەوە ئەوە بوو منی کێش کرد بەرەو نووسین: بیرۆکەی گواستنەوەی هەموو ئەو دەنگانە بۆ سەر کاغەز.
ـ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەبووە کە هەست بکەیت نووسەریت؟
تۆم ڕەیس: کتێبەکەم (ڕۆژهەڵاتناس) لە وتارێکی گۆڤاری (نیۆیۆرکەر – New Yorker) سەری هەڵدا کە ناوونیشانەکەی (پیاوێک لە ڕۆژهەڵاتەوە – The Man from the East) بوو. کاتێک ئەوەم بڵاوکردەوە، زانیم من خولیای ڕاستەقینەی خۆمم دۆزیوەتەوە و دەزانم چۆن ئەنجامی بدەم. پێویستم بەوە نەبوو چاوەڕێ بکەم تا بزانم کاردانەوەکان چۆنن یان پێشنیاری فرۆشتنی کتێبەکە چی لێدێت. هەر کە بەرگی یەکەمی چاپەکەم بینی، زانیم ئەمە هەر ئەو ئامانجەیە کە هەمیشە هەوڵم بۆی داوە و دەشزانم کە خوێنەری خۆی دەدۆزێتەوە. ئەو وتارە پێشتر گرنگترین خوێنەری خۆی دۆزیبووەوە: کە ئەویش ‘من’ بووم. دەمتوانی وێنەی ئەو کتێبە بکێشم کە لەو وتارەوە دەینووسم و، زۆر بەپەرۆش بووم بۆ ئەوەی خۆشم ئەو کتێبە بخوێنمەوە. من هەمیشە نووسیوومە، پێش هەموو شتێک بۆ خۆم – بەڵام تا ئەو ساتە، هەمیشە خۆم نائومێد دەکرد. بەڵام ئیتر لەوە بەدواوە نا.
ـ چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ نووسەرانی تازە؟
تۆم ڕەیس: پەلە مەکە. هەوڵی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی زۆر مەدە. کوالێتی گرنگترە لە چەندایەتی. دڵنیا بەرەوە کتێبەکەت شایەنی خوێندنەوە بێت. کە منداڵ بووم، ئەو کتێبە بەرگ ناسکانەم دەخوێندەوە کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم بۆ سەربازەکانیان دەنارد؛ ڕۆمانی کلاسیک، شیعر، چیرۆکی تاوانکارری و پۆلیسی، ژیاننامە و مێژوو. وا بڕیار بوو ئەو کتێبانە نوێنەرایەتی گشت ڕەهەندەکانی کلتوورە مەزن و ئازادیخوازەکەمان بکەن. هەمیشە لەگەڵ خۆمدا دەمگوت: ئەی ئەگەر ئەمە دواکتێب بێت کە کەسێک بیخوێنێتەوە پێش ئەوەی گوللەیەکی پێوە بنرێت؟ ئایا کتێبەکە شایەنی ئەو دواساتانە بوو؟ یان ئایا ئەو سەربازە داماوە ناچار بووە لە دواکاتژمێرەکانی ژیانی لەسەر زەوی، ڕۆمانێکی پلەدوو یان ژیاننامەیەکی دەستکرد و دوور لە ڕاستی بخوێنێتەوە؟ خۆشبەختانە، بابەتەکان زۆر ناوازە بوون، بەڵام ئەگەر سەربازێک لەناو سەنگەرەکەیدا کتێبەکەی منی پێ بێت، ئایا نەفرەتم لێ دەکات یان سوپاسم دەکات؟ زیندانیانی سەرانسەری جیهان دەڵێن خوێندنەوەی کتێبی (کۆنت مۆنتی کریستۆ – ) لە نووسینی (ئەلێکساندەر دۆما – Alexandre Dumas) هاوکاریی کردوون بۆ تێپەڕاندنی نەهامەتییەکانیان. ئەمە ئەو ئامانجەیە کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەیت. من هەوڵ دەدەم ئەوەی پێی دەڵێم (تاقیکردنەوەی دوورگەی چۆڵ – The Desert Island Test)، جێبەجێ بکەم: ئەگەر کەسێک لە دوورگەیەکی چۆڵدا گیر بخوات و تەنها شت کتێبەکەی منی هەبێت بۆ خوێندنەوە، ئایا وەک گەوهەرێک دەیپارێزێت یا پێی پێدەکەنێت یا بۆی دەگریێت یا بیری لێ دەکاتەوە و خەیاڵی پێوە دەبینێت و دووبارە دەیخوێنێتەوە، یان فڕێی دەداتە ناو ئاگرەکەوە بۆ ئەوەی وەک دار و چیلکە و پووش خۆی پێ گەرم بکاتەوە؟
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
تۆم ڕەیس: “زۆری خۆش ویست”.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت کراوەتەوە و دەستکاری کراوە.