ئارام كۆشكی – سلێمانی
دە ساڵی ڕابردوو وێڕای قەیرانی دارایی کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە، بەڵام جوڵەی ڕۆشنبیریی (ئەگەرچی لاواز بووە)، بەڵام خۆشبەختانە نەوەستاوە. وزەیەکی ڕۆشنبیریی و ڕۆحی ئێمەی بە خاوێنی هێشتووەتەوە و لەوێشەوە وایکردووە لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهان بێ بەش نەبین و لەم 10 ساڵەدا گەلێک شاکاریی ئەدەبیاتی جیهانی و کتێبی گرنگی فەلسەفی کراون بە کوردی کە جێگەی شانازی کتێبخانە و زمانی کوردین.
لەم چەند ساڵەدا کۆمەڵێک شاکاری گەورەی ئەدەبیاتی جیهانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون (لێرەدا سەرنج لەسەر ئەدەبیات چڕ دەکەینەوە)، کە هەم جێگەی شانازیین بۆ کتێبخانەی کوردی، هەم هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکرێتەوە، کە زمانی کوردی تەنها زمانێکی لۆکاڵییە، یان زمانێکە لەئاستی شارەکارە جیهانییەکاندا کورت دەهێنێت. وەرگێڕانی “کۆمیدیا”ی دانتێ لەلایەن عەزیز گەردییەوە و “ئیلیادە و ئۆدێسە” لەلایەن حەمەکەریم عارفەوە و “میتامۆرفۆس” لەلایەن بەیان سەلمانەوە و “تاوان و سزا” لەلایەن ڕەووف بێگەردەوە و دەیان شاکاری دیکەی جیهانی لەلایەن وەرگێڕی دیکەوە، جێگەی دەستخۆشیی و پێزانینن و ئێستا کتێبخانەی کوردی و زمانی کوردیی بووەتە زمانی ئەو شاکارە جیهانیانەی بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراون.
هەفتەی پێشوو شاکارێکی دیکەی ئەدەبیاتی ڕووسی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدرا، شاکارێک کە لە ئاستی شاکارەکانی تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی و تۆرگینێفدایە ئەویش ڕۆمانی “ئابلۆمۆڤ”ـی ئیڤان ئەلیکساندرۆڤیچ گونجارۆڤ-ـە. ڕۆمانێک، کە بە داهێنەری چەمکی “ئەبلۆمۆڤیزم” دەناسرێت، چەمکێک کە گوزارشت لە تەمبەڵی و کارنەکردن دەکات. ئەم ڕۆمانە لەلایەن “جەبار سابیر”ەوە کراوە بە کوردی و لە دوتوێی 762 لاپەڕەدا لەلایەن خانەی ڕۆنانەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
چیرۆکی ئەم ڕۆمانە وەسفی ئەو تەمبەڵی و بێدەنگییە دەکات، کە نووسەر لەڕێی کاراکتەری سەرەکییەوە پیشانی دەدات. “ڤلادیمیر لینین” ڕێبەری شۆڕشی ڕووسیا، کاتێک ئەم ڕۆمانەی خوێندەوە، سەرسام بوو بە ڕۆمانەکە، بەهۆی شەرمەزارکردنی ئەرستۆکراتییەتی ڕووسیییەوە، چونکە ڕۆمانەکە لەڕێی چیرۆکی ئەو کاراکتەرەوە، کە سەر بە چینی ناوەند بەرەو سەرەوەیە، دەیەوێت گوزارشت لەو تەمبەڵی و کارنەکردن و بێموبالاتییە بکات، کە چینی پارەدار، یان نیمچە ئەریستۆکرات هەیانە بەرامبەر بە ژیان و دەوروبەر.
ئەگەرچی بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی و تۆگینێڤ، سەرەڕای ناوبانگیان و بەو پڕخوێنەریبوونەشەوە هیچیان تا ئێستا زاراوەیەکی چەشنی ئەوەی “ئابلۆمۆڤیزم”ی بەدوای خۆیدا نەهێناوە. وەک پیسارێڤ لە لێدوانێکدا لەسەر ڕۆمانی “ئابلۆمۆڤ” نووسیویەتی “دەستەواژەی “ئابلۆمۆڤیزم” لە ئەدەبیاتی ڕووسیدا بۆ هەمیشەیی بە زیندووی و نەمر دەمێنێتەوە. بەکارهێنانی لە پانتاییە بەرفراوانەکانی ڕووسیا تێدەپەڕێت و دەبێتە زاراوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنراو”. گۆنچارۆڤ توانی بە ڕوونی و وردبینی گرنگی کۆمەڵایەتی و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵی دیاردەی ئۆبلۆمۆڤیستی ئاشکرا بکات، ئەمەش مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر پرۆسەی گشتی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی لە ڕووسیادا نیشان بدات.
کارەکتەری سەرەکی ئەم شاکارە “ئیلیا ئیلیچ ئابلۆمۆڤ”ـە، کە پیاوێکی گەنج و بەخشندەیە لە ئاغازادەیە، بەڵام وا دیارە بێتوانایە لە بڕیارداندا و ناتوانێ هیچ بڕیارێکی گرنگ، یان هیچ کردارێکی مانادار ئەنجام بدات. بە درێژایی ڕۆمانەکە بە دەگمەن ژوورەکەی بەجێدەهێڵێت و تەنانەت کەمتر لە جێگاکەی دەبزوێت. لە پەنجا لاپەڕەی یەکەمدا ئەک کاراکتەرە تەنها کردارەکەی ئەوەیە لە سەر جێگاکەی هەستێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر کورسیەکەی دابنیشێت. کاتی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە وەکو تەنزێک لە نوخبەی ڕۆشنبیری و ئەرستۆکراتی ڕووسیا لێکدرایەوە.
ئێستا ئەم شاکارە، لەپاڵ کۆمەڵێک شاکاری تردا بوونەتە چرایەکی نوێ لە کتێبخانەی کوردی و زمانی کوردییان دەوڵەمەندتر کردووە. زمانێک کە لە هەموولایەکەوە لەلایەن نەیارانی کوردەوە دژایەتی دەکرێت و هەوڵی سڕینەوە و قەدەغەکردنی دەدرێت، بەڵام زمانەکەمان لە بەرگرییکردن لە مانەوە بەردەوامە و هەمیشە دەیەوێت لەڕێی ئەم دەقگەلە شاکارەوە بوونی خۆی زیاتر و زیاتر پتەو بکات. ئەوەشی زمانەکەمانی بە پتەویی دەهێڵێتەوە وەرگێڕانی بەردەوامی ئەم شاکارانەیە، کە وزەن بۆ مانەوە و زیندووهێشتەنەوەی زمانەکەمان و گەشەدان بە ئەدەب و کتێبخانەی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی و ئەدەبی نەتەوەکەمان.

