رۆژنامەی ھەولێر

لە زاخۆ ١٠ هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ١٠ ھەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەشدەکرێن، ئەو پرۆسەیە ھەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە کە زیاتر لە ٨ ساڵ خزمەتیان ھەیە، ئەمە لە کاتێکدایە لە قۆناخی یەکەمدا ٤٧٤٧ پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەشکرا بوون، بەوەش زاخۆ دەبێتە یەکەم شوێن لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە گرنگە کردووە.

٢٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کوردستان دابەشبکرێت کە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوونە، بەپێی ڕێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، ھەر فەرمانبەر و پێشمەرگەیەک ‏ھەشت ساڵ خزمەتی ھەبێت و ھەر خانەنشینێکیش لە کاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوونی یان کارتی زانیاری ٢٠٠ مەتر زەوی وەردەگرێت.
جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوە نیشانەی خەمخۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی مافی فەرمانبەران و نرخاندنی ماندووبوونی ئەوان، ئەوەش دەبێتە ھۆکاری گەشەپێدانی ئاوەدانی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ھەروەھا چارەکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، بەوەش خزمەتێکی بەرچاو پێشکەشی فەرمانبەران و کۆمەڵگە دەکرێت.
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئومێدێکی گەورەی لای ئەوان دروست کردووە، ھەندێک لە فەرمانبەران چەندین ساڵە چاوەڕوانی دابەشکردنی پارچە زەوی دەکەن، بۆ دروستکردنی خانوو بۆ خۆیان، سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەن و دەڵێن، ھەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئێمەدا بێت مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ بڕیار دەدات.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا ھەر فەرمانبەرێک ھەشت ساڵ زیاتر خزمەتی ھەبێت، مافی ئەوەی ھەیە پارچە زەوییەک وەربگرێت، خۆشبەختانە لە زاخۆ نزیکەی ١٣ ھەزار فەرمانبەر مافی خۆیانە پارچە زەوی وەربگرن، ئەوەی ئێمەی دڵخۆش کردووە ھەموو فەرمانبەرانی سنوورەکە لە سەنتەری شاری زاخۆ پارچە زەوی وەردەگرن.