ڕائیب جادر – هەولێر
٦٠ ساڵ بەسەر داستانی ھەندرێندا تێدەپەڕێت، ئەو داستانەی ١٥٠ پێشمەرگەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی تۆماریان کرد و تیایدا توانیان ھێرشی پێنج ھەزار سەربازی پڕ چەک و مەشقپێکراوی ئەوسای عێراق، بە خوێنی سێ پێشمەرگە تێکبشکێنن و خەونی لە نێوبردنی شۆڕشی کوردستان پووچەڵ بکەنەوە.
ڕۆژی ١٢/٥/ ١٩٦٦ پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، توانییان شکست بە پیلانێکی مەترسیداری دوژمن دژی ھەرێمی کوردستان بھێنن و داستانێکی بێ وێنە و سەرکەوتنێکی مەزن بەناوی داستانی ھەندرێن تۆمار بکەن، کە لە مێژووی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا داستانەکە بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت، کاریگەری سیاسیی لەدوای خۆی بەجێھێشت و زەمینەی بۆ ئاگربەست ڕەخساند.
لە چیای ھەندرێن ھێزێک لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و حزبی شیوعی یەکێک لە نەبەردیترین داستانی مێژووییان تۆمار کرد، دژی ڕژێمی ئەوسای عێراق، پێشمەرگە بەھێزێکی کەم و بەورەیەکی پۆڵایینەوە توانییان داستانێک تۆمار بکەن، تا مێژوو ماوە لە بیر نەکرێت.
لە ساڵی ١٩٦٦، ١٥٠ پێشمەرگەی ھێڕشبەروو و ١٠٠ پێشمەرگەی پاڵپشت، لە ماوەی ٣ کاتژمێردا لیوای چواری ڕژێمی ئەوسای عارفیان تەفروتونا کرد، داستانی ھەندرێن، داستانێکە تا ئێستاش دەزگای سەربازی عێراق باوەڕ ناکات چۆن تەنیا بەو ھێزە بچووکە و لەو ماوە کەمە ٩٥ سەنگەر دەستی بەسەردا بگیرێت، زیاتر لە ٤٠٠ سەرباز بکوژرێن و ٥٩ لاشەیان لەگەڵ نۆ دیل و ھەموو کەلوپەلی لیوای چوار بکەوێتە دەست ھێزی پێشمەرگە، ئەو شەڕە کە بە خوێنی پاکێ سێ شەھید و نۆ بریندار تۆمار کرا، سەرتاپای چیای ھەندرێن پاک کرایەوە، ئەو سەرکەوتنە بووە مایەی ناچار بوونی ڕژێمی ئەوسا کە واز لە ھێرشی سەربازی بھێنێت و دەست بە دانوستاندن بکات.
سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا، وڵاتانی ناوچەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی عێراقیشی ناچار بە دانوستاندن کرد، بۆ کپکردنی شۆڕشی کوردستان، ڕژێمی عێراق لە شەوی ٢ لەسەر ٣ی مانگی ٥ی ١٩٦٦، بە ھێزێکی زەبەلاح کە پێکھاتبوون لە پێنج ھەزار سەربازی پڕچەک و بە پاڵپیشتیی فڕۆکەی شەڕکەر، لە چیای ھەندرێن ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، دوای ١٠ ڕۆژ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە، لە دژە ھێرشێکدا و لە ماوەیەکی کورتدا، پێشمەرگە توانی ئەو ھێزە زۆرەی عێراق تێکبشکێنێ و سەرکەوتنی گەورە بەسەر ھێرشی فراوانی بەعس ڕابگەیەنێ، بەمەش گەورەترین سەرکەوتن بۆ شۆڕش و مێژووی گەلی کورد تۆمار کرا، کە ڕژێمی عێراقی ناچار کرد ڕێککەوتننامەی ٢٩ی حوزەیرانی ھەمان ساڵ ئیمزا بکات، ھەروەھا لەو داستانە بەرگرییەدا، لیوایەک و فەوجێکی ڕژێم بە یەکجاری لەناوچوون و دوو لیوای دیکەش ھەڵوەشانەوە، وێڕای کوشتن و بەدیلگرتنی سەدان سەرباز و دەستکەوتی زۆری کەرەستەی سەربازی، پێشمەرگەکان بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دیلەکان دەکرد.
ئەو داستانە بە خوێنی سێ ڕۆڵەی کوردستان بە ناوەکانی (خدر عەبدوڵڵا بەگ دەرگەڵەیی، ساڵح مام ئەلیاس ڕواندزی، عەریف یونس) تۆمار کرا.
ڕژێمی عێراق لەپێناو سەرکوتکردنی نەتەوەی کورد، ھەمیشە پەنای بردووەتە بەر شەڕ و ھەڕەشە و پەلاماردان، لە جیاتی زمانی لۆژیک و دانوستاندن و پەنابردنەبەر گفتوگۆ، بژاردەی زمانی ھەڕەشە و شەڕ و ھێرشکردنی ھەڵبژاردووە، بۆیە نەتەوەی کوردیش لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، بەناچاری پەنای بردووەتە بەر بەرگریکردن و شۆڕش و ڕاپەڕین، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیدا، بەناچاری دەستی داوەتە چەک، بۆ بەرگریکردن و پاراستنی گەلە بەشمەینەتەکەی، ھێزی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر داستانی ھەندرێنی کردە ھەوێنی سەرکەوتنی پێشمەرگەی کوردستان وانەیەکی کەمەرشکێنیان دایە سوپا زەبەلاحەکەی عێراق کە چیتر نەتوانن لەبەردەم ئوستوورەی پێشمەرگەدا خۆیان ڕابگرن، ئەم تێکشکاندنەی سوپا زەبەلاحەکەی حکوومەتی عێراق دەنگی دایەوە و جیھانی ئەو ڕۆژگارەی ھەژاند و سەرلەنوێ ئازایەتی و مەردایەتیی پێشمەرگەکانی بارزانی بە جیھاندا بڵاوکردەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش، ورەی دوژمنی وا ڕووخاند، ناچار بوو تکای ئاگربەست و وتووێژی لە شۆڕش و لە بارزانیی نەمر کرد.
داستانی ھەندرێن بارودۆخی سیاسی و سوپای سەروبن کردەوە، ئیدی دوای ئەم سەرکەوتنە مەزنەی پێشمەرگە، دوژمن ھیچ ھۆیەکی دیکەی بەدەستەوە نەما جگە لە بۆردومانی ئاسمانی بۆ گوندەکان، بەڵام زیانەکان کەمبوون، لەبەرئەوەی خەڵک ڕاھاتبوون بەیانیان گوندەکانیان بەجێدەھێڵا و لە دۆڵ و چیاکاندا دەمانەوە و ئێوارە دەگەڕانەوە، لە دوای تەواوبوونی شەڕی ھەندرێن بە مەبەستی ڕێگەدان بە ناشتن و گواستنەوەی تەرمی کوژراوانی سوپای عێراق، بارزانی پێشنیاری کرد بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئاگربەست ڕابگەیەنرێ، تاکو خاچی سووری نێودەوڵەتی ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێ، ئەم بانگەوازەی بارزانی ڕووی ڕاستەقینەی شۆڕشی کوردستان دەردەخات کە شۆڕش پابەندی یاسای جەنگ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەم بانگەوازەش جوانترین کاردانەوەی لە جنێف لێکەوتەوە.
سەرۆک بارزانی، لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. بەرگی سێیەم – بەشی یەکەم دەنووسێ: ٢ی ئایار برووسکەیەک لە ھێزی باڵەکەوە ھات وای دەگەیاند کەوا پێشکەوتنە بەربڵاوە گەورەکەی دوژمن لە بەرەی شەڕدا دەستی پێ کردووە و سوپا چیای ھەندرێنی گرتووە و پشێوی کەوتووەتەوە و کاری داکۆکی کەلێنی زۆری تێ کەوتووە، بارزانی ھەر کە لەم برووسکە ئاگاداربوو فەرمانی بۆ ئیدریس بارزانی دەرکرد گورج بەرەو بەرەی شەڕ بکەوێتە ڕێ و دۆخەکە بەسەر بکاتەوە و لە ڕاستەقینەی دۆخەکەی ئاگادار بکاتەوە، فەرمانێکی یەکجارەکیشی بۆ سەرکردەکانی بەرەی شەڕدا کە دەبێ بەھەر نرخێک بێت نەھێڵن دوژمن ھیچ پێشکەوتنێکی تر وەدەست بھێنێ.
ھەروەھا لە درێژەی نووسینەکەیدا سەرۆک بارزانی، دەڵێ: بەگەیشتنی ئیدریس بارزانی بۆ بەرەی شەڕ کۆبوونەوەیەک بۆ ھەموو سەرکردەکان سازکرا و بڕیارێک وەرگیرا کە ھەرچەند قوربانیدانی بوێ دەبێ پێشکەوتنی دوژمن ڕابگیرێت.
کۆبوونەوەکە برووسکەیەکیان بۆ بارزانی لێ دا پەیمانیان دا کە خۆیان ڕادەگرن و سوورن دوژمن ببەزێنن و ھەوڵ و تەقەلاکانی بەھیچ دەرکەن و گوتیان ئێمە ئەرکی ئەوەت نادەینە بەر بۆ خۆت تەشریف بھێنی، بۆ خۆمان کارەکە ڕادەپەڕێنین، ئەرکی ھەرە گەورە لە داکۆکیکردن لە ھەندرێن لە ئەستۆی یەکە لەشکرییەکانی حزبی شیووعیدا بوو، ھەستیان دەکرد بەرپرسیاریەتێکی چەند گرانیان لە ئەستۆدایە و چەردەیەکیش شەرمەزاربوون، چونکە ئەو کارەیان بە ھەڵوێستێک دادەنا کە لێپرسینەوەی دەروونی لە دوایە، لەبەرئەوە زۆر تامەزرۆی ئەوەبوون بچنە شەڕێکی ژیان و مردنەوە بۆ داشۆردنی ئەوەی بەسستی و کەمتەرخەمییان دەزانی لە خۆیاندا، پێشمەرگەکانی تریش لەم ھەستەدا ھاوبەش و ھاوبیریان بوون، پەیمانیان لەگەڵ خۆدابوو کە نەھێڵن دوژمن بستێ چییە پێش بکەوێ.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکانی لە یادی داستانی ھەندرێن، دەڵێت: داستانی ھەندرێن وانەیەکی باشە بۆ دوژمن و داگیرکاران ئەگەر بیانەوێ ئیرادەی میللەتی کورد تاقی بکەنەوە، بەمشێوەیە تووشی شکست دێن، بەڵام زۆر جاریش دەبینین کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و شۆڤێنییەکان وانە لە مێژوو وەرناگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە شکست و ڕیسوایان بۆ دەمێنێتەوە و سەرکەوتن بۆ میللەتی مەزلوومی کوردستانە.

