رۆژنامەی ھەولێر

توركیا بۆ نەوت پشتی بە رووسیا و چەند وڵاتێكی تر بەستووە، بەڵام بۆ خۆی بەنزینی فڕۆكە دابینت دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بووە هۆی ئەوەی قەیرانی وزە لە جیهاندا دروست ببێت، هەروەها فڕۆكەی گەشتیاریش بەهۆی نەبوونی بەنزین و گرانبوونی دووچاری قەیرانێكی سەخت بووەتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا توركیا دووچاری ئەو قەیرانە نەبووەتەوە، چونكە لەناوەخۆدا بەنزینی فڕۆكە بەرهەم دەهێنێت.

چەند وڵاتێكی ئەورووپی، دەیان گەشتیان هەڵوەشاندەوە، بەهۆی گرانی نرخی بەنزینی فرۆكە و هەروەها قەیرانی كەمی بەنزینی فڕۆكە، بەڵام هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین بەپچەوانەوە دووچاری ئەو قەیرانە نەبووەتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، توركیا ئەو نەوتەی دەیكڕێت بۆ خۆی بەنزینی فڕۆكەی پێبەرهەم دەهێنێت، واتە بەنزینی فڕۆكە لە هیچ وڵاتێكەوە هاوردە ناكات.
بەشێك لە وڵاتان دووچاری قەیرانی نەبوونی بەنزینی فڕۆكە بوونەتەوە، بۆیە دەیان گەشت هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لە توركیا رەوشەكە ئاساییە. ئەوەی قسەی لەسەر دەكرێت، ئایە ئەگەر ئەو قەیرانە بەردەوام بێت، هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین دووچاری هەمان چارەنووسی هێڵە ئاسمانییەكانی ئەورووپا دەبێتەوە؟
توركیا بۆ بابەتی وزە، بەوڵاتانی ترەوە پەیوەستە، واتە نەوت لە وڵاتانی وەكوو رووسیا و كازاكستان و عێڕاق دەكڕێت، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی فڕۆكە، ١٠٠٪ لەناوەخۆی خۆیدا بەرهەم دێت و هاوردە ناكرێت.
موحدان ساغڵەم، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەقفی لێكۆڵینەوەی سیاسی و ئابووریی لە توركیا، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت: ”توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی بەنزینی فڕۆكە بۆ دەرەوەی وڵات دەنێرێت، واتە لە ناوەخۆدا بەنزینی فڕۆكە بەرهەم دەهێنێت.“
دامەزراوەی چاودێری بازاڕی وزە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، توركیا لە مانگی شوباتدا ٤٠٢ تۆن بەنزینی فڕۆكەی بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە، لە بەرامبەردا ٥٩ هەزار تۆن نەوتی بۆ توركیا هاوردە كردووە.
ئاژانسی بلوومبێرگ بڵاوی كردوەتەوە، بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریكاوە، قەیرانی وزە دروست بووە، بەتایبەت لە سێكتەری دابینكردنی وزە بۆ فڕۆكە، بۆیە نرخی بلێتی فڕۆكە لە هەندێك شوێن ٧٠٪ و لە هەندێك شوێن ١٠٠٪ زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر كەرتی گەشتیاری دەبێت، گەشتیار ناتوانێت بەو پارە زۆرە بلێت بكڕێت و گەشتی پێبكات.
شارەزایان بواری ئابووریی لە توركیا باس لەوە دەكەن، بەدڵنیاییەوە لە چەند مانگی داهاتوو قەیرانی دابینكردنی بەنزینی فڕۆكە توركیاش دەگرێتەوە، چونكە ئەو نەوتەی دەیكڕێت و بەنزینی بۆ فرۆكە پێ بەرهەم دەهێنێت گران بووە، ئیدی بەو نرخەی نەوتی دەستدەكەوێت ناتوانێت بەهەمان نرخی پێشوو بەنزینی فڕۆكە بفرۆشێتەوە، تەنانەت ئەگەر لەناوەخۆی وڵاتیش بەنزینی فڕۆكە بەرهەم بهێنێت.
ئەگەر ئەمە روو بدات، نرخی بلێتی هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلایەن زۆر گران دەبێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر كەرتی گەشتیاری دەبێت و زیانێكی گەورەیان پێ دەگات.
چەند مانگێك بەر لە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت كە توركیا لە رووسیای دەكڕی ٦٠ دۆلار بوو، ئێستا بە ١٠٥ دۆلار دەیكڕێت، بەڵام بۆیە نرخی بەنزینی فڕۆكە لە توركیا گران نەبووە، چونكە نەوتێكی زۆری پێشتر كڕیبوو و لە كۆگای خۆی هەڵگرتبوو، بۆیە ئەو نەوتە كۆگا كراوە نەمێنێت، ناچارە نرخی بەنزینی فڕۆكە گران بكات.
توركیا بۆ دابینكردنی نەوتی وڵاتەكەی نەوت لەم وڵاتانە دەكڕێت:
رووسیا ٤٢.٩٪
كازاكستان ١٥.٧٪
عێڕاق ١٨.٤٪
گویانا ٦٪
عەرەبستانی سعوودی ٤.٩٪
نێجیریا ٣.٣٪
وڵاتانی تر ٨.٨٪.